Draw Media

پێگەی ژن لە هەڵبژاردنەكانەكانی توركیادا

پێگەی ژن لە هەڵبژاردنەكانەكانی توركیادا

2018-06-24 08:44:04


■ گەیلان عەباس

دوای پەسەندكردنی لیستی ناوی پاڵێوراوانی پارتە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی ٢٤ی حوزەیران لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە دەركەوت (٤٨٠٠) بەربژێری هەشت لیست، لەگەڵ (٦٨)  بەربژێری سەربەخۆ لەسەر ئاستی توركیا كێبركێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی ٦٠٠ كورسی پەرلەمان. بە كۆی گشتیش ژمارەی بەربژێران دەكاتە(٤٨٦٨) كەس.
 لەو ژمارەیەش (٣٨٢٣) بەربژێریان پیاون بەرامبەر (٩٧٧) ئافرەتی بەربژێركراو. بەڵام ئەم ژمارەیە لەچاو هەڵبژاردنەكانی رابردودا كەمترە، هاوكات پێگەی ژنان لەنێو زۆربەی لیستەكاندا بەجۆرێكە، كە چانسی سەركەوتنی ژنان بەراورد بە پیاوان زۆر كەمترە. 
بەڵام لەم نێوانەدا پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەراورد بە ٧ لیستەكەی دیكە، خاوەنی زۆرترین بەربژێری ئافرەتە، هاوكات لە ١٩ شاریشدا ژنی كردوەتە سەرۆكی لیستەكەی و لە ریزبەندی یەكەمی لیستەكەیدا دایناون، ئەمەش وادەكات لەنێو لیستی هەدەپەدا چانسی دەرچونی ئافرەتان هاوتای چانسی پیاوان بێت بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی توركیا. 
بەگوێرەی لیستی كاندیدی پارتەكانی توركیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان كە ڕادەستی دەستەی هەڵبژاردنەكانی توركیا كراون، لەنێو پارتەكاندا هەدەپە لە هەموویان زیاتر جێگەی بۆ ژنان تەرخان كردووە. ئەمەش ژمارەی بەربژێرە ژناكانی نێو لیستە سەرەكیەكانی توركیا:
لەلایەكی دیكەوە دانانی ئافرەتان بە سەرۆك لیست لەسەر ئاستی بازنەكانی هەڵبژاردن بەپێی ناوچەكان كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر دەنگدەران.  دوبارە لەم ئاستەشدا زۆرینەی پارتەكان كەمترین ئافرەتیان كردوەتە سەرۆكی لیستەكانیان 
 


هەدەپە لە ١٩ شاردا ژنانی سەرۆكی لیستن
ژنانی پاڵێوراوی هەدەپە لە ١٩ شاردا لە ریزبەندی یەكەمی لیستەكەیاندان و ئەو ژنە پاڵێوراوانە و شارەكان بریتین لە: تولای هاتیم ئۆغلولار (ئەدەنە)، نەڤین ئای تەكین (ئافۆین قەرەحەسار)، فیلیز كەرەستەچی ئۆغڵو (ئەنقەرەی بازنەی یەك)، نورای توركمەن جانلی (ئەنقەرە بازنەی دوو)، نەسسیبە یۆیلەر (بالكیسیر)، فەلەكناس ئوجا (ئێلح - باتمان)، نازلی چۆبان (چانكری)، شەریفە یڵدرم (دەنیزلی)، پنار ئای تەكین ئۆزگیوچ (ئەرزینجان)، لەیلا گیوڤەن (جۆلەمێرگ)، فاتمە كورتولان (مێرسین)، پەروین بوڵدان (ئیستەنبول بازنەی یەك)، سەرپیل كەمال بای (ئیزمیر بازنەی یەك)، سوڵتان ئۆزجان (موغلا)، گوڵستان كلیچ كۆچ ییت (موش)، چیچەك ئارچ (ساكاریا)، مەدیحە ئۆیا یاگیچ (سەمسور)، مەراڵ دانش بەشتاش (سێرت)، عایشە گیول كافكاس (سنۆپ).
لای خۆیانەوە ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە رایگەیاندووە  ئێمە لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیراندا چاوەڕێ ئەوەی دەكەین ٣٠ بۆ ٣٥ پەرلەمانتاری ژن رەوانەی پەرلەمان بكەین"
هاوكات ئەو شوێنانەی كە هەدەپە زۆرترینی دەنگی تیایاندا هەیە، پاڵێوراوی ژن تیایاندا زیاترە، لە لایەكی ترەوە لیستی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران و ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لەو شارانەدا كە زۆرترین دەنگی هێنا، زۆرترین پاڵێوراو پەرلەمانتاری ژنی هەبوو. بۆ هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ لە ئامەد ١٠ پاڵێوراوی ژن، لە هەڵبژاردنی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥شدا هەر لە ئامەد ٩ پاڵێوراوی ژنی هەبوو. یەكێك لە پاڵێوراوەكان (دەرسیم داغ) بوو، كە لە دایكبووی ١٩٩٦ بوو.
هەدەپە لە شاری باتمان (ئێلح) بۆ هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥، ٣ پەرلەمانتاری رەوانەی پەرلەمان كرد، كە ٥ پاڵێوراو ٣ پاڵێوراویان ژن بوون. ریزبەندی یەكەمی لیستەكەی هەدەپە لە باتمان (فەلەكناس ئوجا) بوو. لە مووش (گوڵستان كلچ كۆچ ییت) لە ریزبەندی یەكەمدا بوو. لە سیرت (مەرال دانش بەشتاش) لە ریزبەندی یەكەمدا بوو. لە جۆلەمێرگ (لەیلا گۆڤەن) لە ریزبەندی یەكەمی لیستەكەی هەدەپەدا بوو.
جگە لە ژنە پاڵێوراوەكانی ریزبەندی یەكەم، هەدەپە لە هەر دوو هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران و ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا لە شارەكانی ئاگری، باتمان، چەولیگ، بەدلیس، ئامەد، جۆلەمێرگ، ئیدر، قەرس، مێردین، موش، سێرت، رحا، شرنەخ، دەرسیم و واندا، ٥٥ پەرلەمانتاری ژنی رەوانەی پەرلەمانی توركیا كرد.
هاوكات لە شارەكانی شرناخ، وان و مێردین كە هەدەپە هەوڵدەدات هەموو كورسییەكان بەدەستبێنێت، ژمارەی كاندیدە ژن و پیاوەكانی هەدەپە یەكسانە.
لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران و ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ی توركیا، بەهەمان شێوە ژمارەی ژنەكاندیدەكانی هەدەپە لە هەموو لیستەكانی دیكە زیاتر بوو.
هەدەپە لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا ٨٠ پەرلەمانتاری ناردبووە پەرلەمانی توركیا كە ٣٢ پەرلەمانتاریان ژن بوون.  ئەمەش بەرامبەر بوو بە رێژەی ٤٢% فراكسیۆنە پەرلەمانیەكەی. لەكاتێكدا كۆتای ژنان بۆ هەرلیستێكی سەركەوتوو لەپەرلەمانی توركیا بریتییە ١٧%. دواتر لە هەڵبژاردنی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا هەدەپە ٥٩ پەرلەمانتاری رەوانەی پەرلەمانی توركیا كرد، كە ٢٣ پەرلەمانتاریان ژن بوون. ئەمەش بەرامبەر بوو بەرێژەی ٤٢% فراكسیۆنە پەرلەمانیەكەی هەدەپە. 
بەم جۆرە هەدەپە بۆ جاری دووەم ئەو ریكۆردە بەناوی خۆییەوە تۆمار كرد. لەكاتێكدا سێ حزبەكەی دیكە (ئەكەپە، جەهەپە و مەهەپە) بە سیستمی كۆتا ئەفرەتانیان لە نێو فراكسیۆنە پەرلەمانیەكەیاندا جێكردەوە. هەر بۆیە لەم هەڵبژاردنەشدا چاوەروان دەكرێت هەدەپە زۆرترین ئافرەت رەوانەی پەرلەمانی توركیا بكات، بەراورد بە پارتەكانی دیكەی توركیا.

* راپۆرتی ژووری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand