هەناردەی تورکیا بۆ عێراق

Draw Media

2023-05-03 20:03:16



شیكاری: درەو

# هەناردەی شمەکی تورکی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بۆ عێراق کە بەشی هەرە زۆری لە دەروازی "ئیبراهیم خەلیل"ەوە هاوردە کراوە، بە قەبارەی (2.2 ملیار) دۆلاری ئەمریکی بووە.
# هەناردەی سەرجەم کەل و پەلە تورکییەکان بۆ عێراق کەمی کردووە، جگەرەو خواردنەوە کحولییەکان نەبێت بە تێکڕای ساڵانە زیادی کردووە. 
# تەنها لە وڵاتی "چین"ەوە لە ماوەی (15) مانگدا، عێراق (12 ملیۆن و 500 هەزار) تایەی ئۆتۆمبێلی بە بەهای زیاتر لە (500 ملیۆن) دۆلار هاوردە کردووە.

هەناردەی شمەی تورکی بۆ عێراق
تورکیا سێیەم هاوبەشی بازرگانی عێراقە لە دوای چین و شانشینی ئیماراتی، ئەم ریزبەندییەش بەندە بە قەبارەی هەناردەکردنی شمەک و کەل و پەلی ئەو وڵاتانە بۆ عێراق و شمەکی هاوردەکراوی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە.
تورکیا لەگەڵ ئەوەی و هاوبەشێکی گەورەی بازرگانییە لەگەڵ عێراقدا، بەڵام تاکە ڕێگەی وشکانیانیان دەروازەی (ئیبراهیم خەلیل)ە لە هەرێمی کوردستان و دەکەوێتە سنوری پارێزگای دهۆکەوەو بەشی زۆری ئەو کەل و پەلانەی هەناردەی عێراقی دەکات بە دەروازەی ناوبراودا تێپەڕ دەبێت. لێرەدا ئاماژە بە قەبارەو بەهای هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ و بەروارد بە ساڵی (2022) دەدەین. 
پاڵپشت بە داتاکانی دامەزراوەی ئایندەیی عێراق (مٶسسە عراق المستقبل -Iraq Future Foundation) هەناردەی شمەکی تورکیا بۆ عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لەسەر بنەمای وەرزی بەڕێژەی 17%  و لەسەر بنەمای ساڵانە بەڕێژەی 32% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
بەمەش بەهای هەناردەی شمەکی تورکیا بۆ عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی (2.2 ملیار) دۆلاری ئەمریکی، دوای ئەوەی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا قەبارەی هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق نزیکەی (2.7 ملیار) دۆلاری ئەمریکی و لە دواین چارەکی ساڵی (2022)دا  (3.3 ملیار) دۆلاری ئەمریکی بووە.
پێداویستییە خۆراکییەکان گەورەترین ڕێژەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق پێکدەهێنێت کە دەگاتە ڕێژەی (30%)ی نێو کۆی هەناردەی ئەو شمەک و کەل و پەلانەی هەناردەی عێراقی دەکات، بەڵام لەسەر بنەمای ساڵانە بەڕێژەی (22%) لەسەر بنەمای وەرز بەڕێژەی (27%) کەمیکردووە.
تایبەت بە هەناردەکردنی کەرەستەی دروستکراوی جۆراوجۆری تورکیا کە بریتین لە زێڕ و جلوبەرگ و مۆبیلیات، کە (23%)ی کۆی هەناردەکردن پێکدەهێنن، لەسەر بنەمانی ساڵانە (26%) و لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا (43%) کەمیکردووە.
هەناردەی تورکیا بۆ بەرهەمە سەرەتاییەکانی وەک کاغەز و ئاسن و کانزا جۆراوجۆرەکان کە بە ڕێژەی (22%)ی کۆی هەناردەکردن پێکدەهێنن، بەشێوەی ساڵانە بە ڕێژەی (13%) و لەسەر بنەمای چارەکە ساڵ بە ڕێژەی (32%) کەمیکردووە.
لەدوای کەرەستەو پێداویستییەکانی گواستنەوە، خواردنەوە کحولییەکان و جگەرە، کە 1.7%ی کۆی هەناردەکردنیان پێکهێناوە، لەو بەرهەمە تورکیانەن لەسەر بنەمای ساڵانە بەڕێژەیەکی کەم گەشەیان کردووە و گەیشتووە بە سەر و ڕێژەی (5%)، بەڵام لەسەر بنەمای چارەکە ساڵ بە ڕێژەی (14%) گەشەکەیان دابەزیوە. تایبەت بە وردەکاری ڕێژەی گەشەی شمەک و کەل و پەلی هەناردەکراوی تورکیا بۆ عێراق بڕوانە (چارتی ژمارە (1))
هۆکاری دابەزینی ئاستی هەنادەی تورکیا بۆ عێراق بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، ئەوانیش؛
1.    ئاستی دابەزینی هەناردەی کەل و پەلی تورکی پەیوەندیداربووە بەو مەلەرزەیە بووە کە لە سەرەتاکانی مانی شوباتی (2023) تورکیای گرتەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی زۆرێک لە پڕۆژەکانی ئەو وڵاتە
2.    سەختی گواستنەوەی نەختینەی دارایی لە ئەنجامی ڕێکارەکانی ئەم دواییە لە ڕێکخستنی گواستنەوەی دارایی لە تورکیاو ئاستی بەرزی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، کە بەشداربووە لە دابەزینی بەهای کاڵا هەناردەکراوەکانی ئەو وڵاتە بۆ عێراق.

چارتی ژمارە (1)


هاوردەی "تایە"ی ئامرازەکانی گواستەوە لە وڵاتی "چین"ەوە  
هەر بەپێی داتاکانی هەناردەی دامەزراوەی ئایندەیی عێراق (مٶسسە عراق المستقبل -Iraq Future Foundation)، کە سەرۆکی دەزگاکە (موهەندیس مەنار ئەلعبێدی) لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاوی کردووەتەوە. بەپێی داتاکانی ناوبراو
عێراق لە ماوەی (15 مانگی) ڕابردوودا لە سەرەتای ساڵی (2022) تا کۆتایی چارەکی یەکەمی (2023)، بە بەهای زیاتر لە (500 ملیۆن) دۆلار تایەی جۆراو جۆری لە وڵاتی "چین"ەوە هاوردە کردووە.
لەو ماوەیەدا عێراق زیاتر لە (12 ملیۆن و 500 هەزار) تایەی هاوردە کردووە، بۆ ئامرازەکانی گواستنەوە.
بەهای هەناردەی "چین" لە چارەکی یەکەمی ساڵی(2023) دا (ملیۆنێک و ٩٠٠ هەزار) تایە بووە، بە بەهای (75 ملیۆن) دۆلار، بە بەراورد بە چارەکی چوارەمی ساڵی (2022) کە نزیکەی (2 ملیۆن 800 هەزار) تایە بووە، بە بەهای (125 ملیۆن) دۆلار، بەڕێژەی (39%)دابەزیوە. بەڵام بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) دابەزینەکە بە ڕێژەی (1.38%)بووە، بەو پێیەی ژمارەی تایەی هاوردەکراو گەیشتووەتە (2 ملیۆن 120 هەزار) تایەی هاوردەکراو، بە بەهای (76 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی. بڕوانە (چارتی ژمارە (2)).
چارتی ژمارە (2)

وەک سەرۆکی دەزگای دامەزراوەی ئایندەیی عێراق ئاماژەی پێکردووە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا تێکڕای هاوردەکردنی تایەی ئۆتۆمبێل بۆ عێراق لە (15) مانگدا زیاترە لە نیو ملیار دۆلاری ئەمریکی تەنها لە چینەوە! ئایا کێشەی ڕاستەقینە لە دامەزراندنی پڕۆژە بۆ بەرهەمهێنانی تایەی جۆراوجۆر چییە؟ کە بەهای ئەو هەناردەکردنانە پاشەکەوت دەکات و هەلی کار بۆ گەنجانی بێکار دەڕەخسێنێت و بەشدار دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی.
ئایا لە ڕاستیدا کێشەیەک هەیە لە دروستکردنی ژینگەی وەبەرهێنان بۆ دامەزراندنی ئەو جۆرە پڕۆژە پیشەسازیانەی کە قەبارەی زیادبوونی بەکاربردن کەم دەکەنەوە، یان فێربووین بەکاربەر بین و بەرهەمهێنەر نەبین؟
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand