بڕیاردان لەسەر چارەنوسی پەرلەمانی كوردستان دواكەوت
2023-05-03 09:53:08
(درەو):
سكاڵاكانی دوێنێ یەكێتیی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان ئیشی خۆی كرد، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری كۆتایی نەدا سەبارەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانو جارێكی تر دەرگای لەسەر دانیشتنی دادبینی لەسەر كەیسەكە كردەوە.
لە كاتێكدا بڕیاربوو ئەمڕۆ بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە رابگەیەنێت كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رابگەیەنێت، بەڵام دادگای فیدراڵی سكاڵاكارو نوێنەرانی سكاڵالێكراوی ئاگاداركردەوە لەوەی بڕیارەكەی راناگەیەنێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەغدادەوە دەست (درەو) كەوتوون، دادگای فیدراڵی جارێكی تر دەرگای دانیشتنی دادبینی لەسەر كەیسەكە كردوەتەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی ئەگەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێندرێتەوە، هیچ دەرەچەیەك لەبەردەم سزادانی هەڵبژاردنێكی نوێ لە كوردستان نامێنێتو هەرێم ناچار دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن پەنا بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ببات، بۆ ئەمەش دەبێت دادگای فیدراڵی كۆمسیۆنەكەی عێراق بانگهێشت بكات بۆ ئەوەی پرسیاری لێبكات سەبارەت بەوەی ئایا دەتوانێت هەڵبژاردنەكەی هەرێم بەڕێوە ببات یاخود نا.
سەرباری ئەمە، دادگا رایگەیاندووە، چەند سكاڵایەكی نوێ لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، دەبێت ئەو سكاڵایانەش یەكلابكرێنەوە، لەمەشدا مەبەستی ئەو سكاڵایانەیە كە دوێنێ نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانی لەدادگاكە تۆماریان كرد.
ئەو سكاڵایانەی كە دوێنێ یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان تۆماریكرد، پەیوەندیدارن بە بابەتی:
• یەك بازنەیی هەڵبژاردن لەناو یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا.
• سیستەمی تۆماری پەڕاوی
• جیاوازی ئاماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لە تۆمارەكانی عێراقو هەرێمدا
جگە لە نوێنەرەكانی یەكێتیی، پەرلەمانتار (سۆران عومەر)یش بەهەمان شێوە سكاڵایەكی لەسەر كورسی پێكهاتەكان لە دادگاكە تۆماركردووە.
دواین دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 29ی ئازاری رابردوودا بەڕێوەچوو، ئەمە شەشەم دانیشتنی دادبینی بوو، تێیدا دادگا كۆتایی بە دادبینییەكان هێناو رۆژی 3/5/2023ی دیاریكرد بۆ دەركردنی بڕیار.
سكاڵاكان لەلایەن (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستانو (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێو (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقو (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون، دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی 18ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا، هەموو سكاڵاكانی یەكخست.
یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، واتە نزیكەی پێنج مانگە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادایە.
ئەگەر دادگا ئەمڕۆ بڕیاری خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان رابگەیەندایە، ئەوا لایەنەكانی هەرێم هیچ دەرفەتێكیان لەبەردەمدا نەدەما جگە لەوەی بە یاسا كۆنەكە بچنە ناو هەڵبژاردنێكی نوێو بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكەش بدەنە دەست كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمە بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتییەوە نەیتوانیوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوەو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم كارا بكاتەوە.
سازدانی هەڵبژاردن بەو یاسایەی كە هەیە بەبێ هەمواركردن، لەبەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستانو لە زیانی یەكێتیو لایەنەكانی تردایە، كە خوازیاری گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنن، چونكە یاسای هەڵبژاردن بەبێ هەمواركردنو بەشێوازی یەك بازنەیی جاران، جارێكی تر دەرفەتی ئەوە بۆ پارتی خۆش دەكات بەكورسی كۆتای پێكهاتەكانەوە، رێژەی 50+1ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆنترۆڵ بكات.
لەلایەكی ترەوە رەتكردنەوە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەبێت بە پێشینەیەك بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە هیچ هۆكارێك تەمەنی پەرلەمان درێژنەكرێتەوە.
مانگی ئازاری رابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەموار نەكردوەتەوەو كۆمسیۆنیش كارا نەكراوەتەوە.
لایەنە سیاسییەكان لەسەر كاراكركردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتوون، دوو كورسی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەتاڵ بووە، بڕیاردراوە پڕبكرێتەوە.
بەڵام لەسەر هەمواری هەڵبژاردن هێشتا لایەنەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتاییو پارتیو یەكێتیی لەسەر كورسی پێكهاتەكان ناكۆكن.
پەرلەمانی كوردستان مانگی ئۆكتۆبەری 2022 تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكرد، جگە لە فراكسیۆنی پارتیو یەكێتیو گۆڕانو پێكهاتەكان كە دەنگیان بۆ درێژكردنەوە داوە، فراكسیۆنەكانی ترو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بەشێوازی جیاواز لە پەرلەمان كشاونەتەوە یاخود بایكۆتی دانیشتنەكانیان كردووە.
ئەمە جاری یەكەم نەبوو پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، لەسەرجەم خولەكاندا بەتێكڕا پەرلەمان (8) جاری تر تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە، ئەمەش بەهۆكاری جیاواز لەوانە شەڕی ناوخۆو شەڕی داعشو قەیرانی سیاسی ناوخۆیی.