یەكێتیی بڕیار دەدات
2023-05-02 07:36:03
(درەو):
یەكێتیی دەیەوێت ئەمڕۆ بڕیارێكی گرنگ دەربكات، چونكە ئەگەر سبەینێ دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، لەكۆی چوار سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، هیچ سەرۆكایەتییەك بە دەست یەكێتییەوە نامێنێت، بڕیاری یەكێتیی تایبەت دەبێت بە چۆنیەتی سازدانی هەڵبژاردنو رێككەوتن یان رێكنەكەوتن لەگەڵ پارتی.
بڕیارە سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی پرسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان رابگەیەنێت.
ئەگەر دادگای باڵا درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بە نادەستوری ناوببات، پەرلەمان پەكی دەكەوێتو توانای دەركردنی هیچ یاسایەكی نابێت، لەم حاڵەتەشدا، یەكێتیی نیشتمانی وەكو لایەنێكی سەرەكی دەسەڵاتداری هەرێمی كورستان هیچ پۆستێكی باڵای سەرۆكایەتی بە دەستەوە نامێنێت، بەوپێیەی لە كۆی چوار سەرۆكایەتی (سەرۆكی پەرلەمان- سەرۆكی هەرێم- سەرۆكی حكومەت- سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی) تەنیا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای یەكێتییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتووە، دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی پێشنیازی كردووە، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی كۆبونەوەی خۆی بكات بۆ وەرگرتنی دواین بڕیار، بەرلەوەی سبەینێ دادگای فیدراڵی حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی پەرلەمانی كوردستانەوە دەربكات.
ئەگەر سبەینێ دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، یەكێتیی هیچ دەرفەتێكی لەبەردەمدا نامێنێت جگە لەوەی قایل بێت بەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كورستان بە یاسا كۆنەكە بەڕێوەبچێت.
بەهۆی ناكۆكیی پارتیو یەكێتیی، پەرلەمانی كوردستان تائێستا نەیتوانیوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوەو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم كارا بكاتەوە كە تەمەنی یاسایی بەسەرچووە.
پارتیو یەكێتیی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتن، بەڵام لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەبارەی كورسی كۆتاكان ناكۆكن، ئەم ناكۆكییە وایكرد كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش نەخرێتە دەنگدانەوە.