Draw Media

كۆمەڵ بەر لە دادگای فیدراڵی بڕیاریدا

كۆمەڵ بەر لە دادگای فیدراڵی بڕیاریدا

2023-05-01 15:10:31


 (درەو):
بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، كۆمەڵی دادگەریی بڕیاریدا لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و ئیدارەی خۆجێی سلێمانی بكشێتەوە. 
كۆمەڵی دادگەریی كوردستان  (7) ئەندامى پەرلەمانی كوردستان، (3) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، قامقامێك و چوار بەڕێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەرێكی گشتی لە ئیدارەی سلێمانی هەیە.
ئەمە بەبەهانەی ئەوەی هەم پەرلەمانی كوردستان‌و هەم ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و ئیدارەی خۆجێی سلێمانی لەڕووی یاساییەوە ماوەیان بەسەرچووە.  
كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئەم بڕیارەی لە كۆبونەوەیەكی گشتیی دەركرد كە ئەمڕۆ ئەنجامیدا. 
لەدوای ئەم بڕیارەوە ئیتر دەبێت نوێنەرانی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و ئیدارەی خۆجێی سلێمانی دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستەكانیان پێشكەش بكەن.
ئەو پۆستانەی كە بەپێی ئەم بڕیارە دەبێت نوێنەرانی كۆمەڵ تێیاندا دەستلەكاربكێشنەوە، ئەمانەن: 
•    7 ئەندام لە پەرلەمانی كوردستان
•     2 ئەندام لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، یەكێك لە ئەندامەكانی كۆمەڵ پێشتر خۆی وازهێنانی لە ئەندامێتی كۆمەڵ راگەیاندووە. 
•    2 ئەندام ئەنجومەنی پارێزگا سلێمانی
•    پۆستەكانی كۆمەڵی دادگەریی لە ئیدارەی خۆجێی سلێمانی بریتین لە: (1) پۆستی قائیمقام‌و (4) پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە‌و (1) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی (چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی)‌و پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوە گشتییەكەی كۆمەڵی دادگەریدا، ئەندامانی هەر سێ ئەنجومەنی (دامەزراندن- ئەنجومەنی سەركردایەتی- ئەنجومەنی باڵای سیاسی) بەشدارییان كردووە
فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە، بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كرد، بەڵام وەكو فراكسیۆنی یەكگرتوو بەتەواوەتی دەستی لەكار نەكێشایەوە. 
بڕیارەكەی ئەمڕۆی كۆمەڵی دادگەریی بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پەرلەمانی كوردستان لەكاتێكدایە، بڕیاری رۆژی چوار شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق حكومی كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە رابگەیەنێت كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون.
بەپێی قسەی ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری كەیسەكەن لە بەغداد، پێشبینی دەكرێت دادگای باڵای فیدراڵی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە‌و بە نادەستوری ناوی ببات، لەم حاڵەتەشدا ئیتر پەرلەمانی كوردستان توانای یاسایی نامێنێت بۆ دەركردنی یاسای نوێ یان هەمواركردنی یاساكان. 
ئەگەر دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان رەتبكاتەوە، هیچ رێگاچارەیەك لەبەردەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردن نامێنێت جگە لەوەی بە هەمان یاسای پێشووی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان رێكبخەن‌و بەڕێوەبردنی پرۆسەكەش بدەنە دەست كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، چونكە لەماوەی رابردوودا بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن‌و بە دیاریكراویش كورسی پێكهاتەكان، پەرلەمانی كوردستان نەیتوانی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوە بۆ شێوازی فرە بازنە‌و  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم كارا بكاتەوە كە تەمەنی یاسایی بەسەرچووە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand