Draw Media

یەكێتیی‌و گۆڕان لە دەباشان كۆدەبنەوە

یەكێتیی‌و گۆڕان لە دەباشان كۆدەبنەوە

2023-05-01 09:53:12


 (درەو): 
وەفدی یەكێتیی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لە ماڵی مام جەلال لە دەباشانی سلێمانی لە كۆبونەوەدان. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم سەرۆكایەتی وەفدی گۆڕان دەكات، وەفدی خاوەن ماڵیش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتی دەكات. 
(درەو) زانیویەتی، ئەم كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی جێ بایەخی یەكێتیی‌و گۆڕانە وەكو دوو حزب كە پێگەی سەرەكییان لە سنوری ئیدارەی سلێمانیدایە، تەوەرەكانی گفتوگۆی ئەم كۆبونەوەیە بریتین لە: 
•    دۆخی دارایی سلێمانی‌و هەوڵەكانی یەكێتیی بۆ جیاكردنەوەی دارایی سلێمانی لەرێگەی بەغدادو لەناو یاسای بودجەی عێراقدا. 
•    پرسی چارەنوسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. 
•    پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی ئیدارەی خۆجێی سلێمانی لەنێوان یەكێتیی‌و گۆڕان. 
•    پرسی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی لەناو حكومەت. 

لەبارەی یەكێتی‌و گۆڕانەوە
ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا بەتەواوەتی لە یەكێتی جیابووەوە‌و لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی بزوتنەوەیەكی نوێی بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" راگەیاند، ئەو سەردەمە نەوشیروان مستەفا لە وەڵامی ئەوانەدا كە دەیانوت گۆڕان لە یەكێتی ئینشیقاقی كردووە دەیوت:" گۆڕان هێزێكی نوێیە‌و مونشەقی هیچ حزبێكی تر نییە، ئەوان یەكێتییان بۆ خاوەنەكانی بەجێهێشتووە"، بەڵام ئەمە ئەو وێنایەی كاڵنەكردەوە كە تائێستاش زۆرینەی یەكێتییەكان بزوتنەوەی گۆڕان بە پارچەیەكی جیاكراوە لە یەكێتی تەماشا دەكەن نەك پارتێكی سیاسی سەربەخۆ، یەكێتییەكان بێ گوێدانە گرژی پەیوەندییەكان لەگەڵ گۆڕان ساڵانە لەیادی كۆچی دوای نەوشیروان مستەفادا سەردانی گۆڕەكەی دەكەن.
لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان بەچەندین قۆناغی هەڵبەرزو دابەرزدا گوزەری كردووە، لەسەرەتادا گۆڕان ئاڕاستەی ململانێ سیاسییەكانی بەپلەی یەكەم لەگەڵ یەكێتیدا بوو، لە قۆناغێكی تردا ئاڕاستەكەی گۆڕی بۆ پارتی‌و هەندێكجاریش لە یەككاتدا ركابەرێتی هەردووكیانی دەكرد. 
سەرباری ناكۆكییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 یەكەمین رێككەوتنی فەرمی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بوو، كە هەردوولا ناكۆك بوون لەسەری‌و هیچیان سازشیان بۆ ئەوی تر نەدەكرد، بەپێی ئەم رێككەوتنە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەیان لەنێوان خۆیان دابەشكرد.
دوای نزیكەی 9 ساڵ لە ئیمزاكردنی، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕاندا بەنیوەناچڵی ماوەتەوە، جێبەجێ نەكردنی ئەم رێككەوتنە لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا یەكێكە لە سەرچاوەكانی نیگەرانی گۆڕان لە یەكێتی.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكێتی، رۆژی 17ی ئایاری 2016 گۆڕان رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنێكی فراوانتر بوو، ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان" هەندێكجاریش بە رێككەوتنی دەباشان ناودەبرێت، رێككەوتنەكە لەنێوان هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا ئیمزا كرا، بەڵام ئەم رێككەوتنەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی ئاسایی نەكردەوە، چونكە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا، رۆژی 20ی كانونی یەكەمی 2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە رێككەوتنەكەی هەڵپەسارد، بزوتنەوەی گۆڕان لەمەشدا یەكێتی تۆمەتبار كرد بەوەی پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە نەبووە.
ئێستا وەكو دوو هێزی سیاسی كە زیاتر گۆڕەپانی كاركردنی سیاسییان لە پارێزگای سلێمانیدا چڕبووەتەوە، لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتیدا تەنیا یەك رێككەوتنی فەرمی ماوە كە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانییە، ئەم رێككەوتنەش وادە فەرمییەكەی كۆتایی هاتووە‌و پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە.
مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2018 یەكێتی هەندێك هەوڵیدا بۆ رێكخستنی كۆبونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و تێهەڵچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان، بەڵام ئەوكات گۆڕان سازدانی هەرجۆرە كۆبونەوەیەكی رەتدەكردەوە، میدیای فەرمی گۆڕان رۆژی 29ی كانونی دووەمی 2019 هۆكاری رەتكردنەوەی كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی لە شەش خاڵدا راگەیاند كە ئەمانە بوون: 
•    نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی بەشێكی گرنگی رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی.
•    بەردەوامی سزادانی سیاسی بزوتنەوەی گۆران و هەڵسوراوانی لە لایەن یەكێتیەوە.
•    نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوولا.
•    نەبردنە سەری بەڵێنی رازیبونی یەكێتی بە دواخستنی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان.
•    هەوڵدانی یەكێتی بۆ پشتگوێخستنی گۆڕان لە كابینەی نوێَی حكومەتدا.
•    یەكێتی دەیەوێت گۆڕان وەك كارتێك دژی پارتی بەكار بهێنێت.
لەدوای دروستبوونیەوە ترسی بەردەوامی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە بووە بە ئەندازەی نزیكبونەوەی لە یەكێتیی، لەبەرامبەردا لە پارتی دوربكەوێتەوە، ئێستا كە یەكێتیی لە پارتی نیگەرانە‌و كۆبونەوەكانی حكومەتی بایكۆتكردووە، گۆڕان لە پارتی نزیكە‌و لە حكومەتدا هاوبەشی سەرەكییەتی، نایەوێت بەبێ وەرگرتنی گرەنتی هیچ جۆرە سەرچڵییەكی سیاسی بكات.
ئەرشیفی بزوتنەوەی گۆڕان دەیان لێدوانی سیاسی بەرپرسەكانیی تێدایە كە سكاڵا دەكەن لەبارەی ئەوەی یەكێتی هەركاتێك بیەوێت فشار لەسەر پارتی دروست بكات لە بزوتنەوەی گۆڕان نزیك دەبێتەوە‌و دواتر كە خۆی لەگەڵ پارتی رێكدەكەوێت گۆڕان بەتەنیایی لە گۆڕەپانەكەدا بەجێدەهێڵێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand