پارتی و یهكێتیی شهڕی كارتهكانیان دهستپێكرد
2023-04-29 15:41:54
(درەو):
میدیاكانی پارتی باس لە پڕكردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكانی یەكێتیی دەكەن لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە، نوسینگەی لاهور شێخ جەنگیی رەتیناكاتەوە، بەڵام دەڵێ" هێشتا بڕیاری كۆتایمان نەداوە".
دوای شكستهێنانی هەوڵەكەی ئەمدواییەی تیمی حكومەت بۆ گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكانی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارەیەك لە میدیاكانی پارتی باس لە هەوڵێكی نوێ دەكەن بۆ پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لە حكومەت.
چەند میدیایەكی پارتی لەزاری ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتییەوە بڵاویانكردەوە" ئەگەر قوباد تاڵەبانیو تیمی یەكێتیی نەگەڕێنەوە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەوا لاهور جەنگی وەك هاوسەرۆكی یەكێتیی، لیستێك پێشكەش دەكات بۆ پڕكردنەوەی شوێنی قوباد تاڵەبانیو وەزیرەكانی یەكێتیی".
لەسەر ئەم بابەتە، (درەو) پەیوەندی بە نوسینگەی لاهور شێخ جەنگییەوە كرد، سەرچاوەیەك لە نوسینگەكەی رایگەیاند" هەوڵێكی لەوجۆرە هەیە، بەڵام ئێمە تائێستا بڕیاری كۆتایی خۆمان لەوبارەیەوە نەداوە".
ئەوەی میدیاكانی پارتی ئاماژەیان بۆ كردووە بابەتی هەموار "تەعدیل"ی وزارییە، بەڵام رێوشوێنەكانی ئەم تەعدیلە وزارییەیان لەڕووی یاساییەوە نەخستوەتەڕوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هەر جۆرە گۆڕانكارییەك پێویستی بە متمانەپێدان هەیە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە.
میدیاكانی پارتی دەڵێن، لە حاڵەتی گۆڕانكارییە وەزارییەكەدا، كاندیدەكانی لاهور شێخ جەنگیی بۆ پۆستە وزارییەكان بەمشێوەیە دەبن:
• لیوا (چەتۆ ساڵح) كاندیدی دەبێت بۆ پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران لە جێگەی (قوباد تاڵەبانی).
• (بەختیار شاوەیس)و (پەروین كاكەحەمە) كاندیدی وەزارەتەكانی پلاندانانو خوێندنی باڵا دەبن.
• پۆستی وەزیری رۆشنبیری وەك خۆی دەمێنێتەوە، چونكە بەقسەی میدیاكانی پارتی "حەمەی حەمەسەعید بە تەواوی پابەندی بڕیارەكانی قوباد تاڵەبانی نەبووە".
• وەزارەتی پێشمەرگە بە وەكالەت لەلایەن كاندیدێكی لاهور جەنگیی بەڕێوەدەبرێت بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی لێ نەدراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هەندێك لەوانەی ئاگاداری وردەكارییەكانن، پێیانوایە وروژاندنی ئەم بابەتە لەم كاتەدا لەلایەن پارتییەوە، تەنیا راكێشانی كارتێكی فشارە لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی بەمدواییە یەكێتیی لە بەغدادەوە لەبارەی پرسی بودجەو جیاكردنەوەی دارایی سلێمانی لە هەولێر، دەستیپێكردووە.
چیرۆكی ناكۆكییهكه
لە 26ی ئۆكتۆبەری 2022وە واتە زیاتر لە (6) مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی تیمی یەكێتیی نەچوەتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانو (بایكۆت)ی كردووە، لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2022شەوە، واتە زیاتر (4) مانگە وەزیرەكانی یەكێتیی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆتكردووە.
لەوكاتەوە وەزیرەكانی یەكێتیی كە ژمارەیان (6) وەزیرە، لە بینای وەزارەتەكانیان دەوامی فەرمی خۆیان دەكەنو بەتەواوەتی لە حكومەت نەكشاونەتەوە، جگە لە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە كە دەستلەكاركێشاوەتەوە هەروەها (خالید شوانی) كە شوێنەكەی وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد بەتاڵ بووەو پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرتووە.
رۆژی 26ی شوباتی ئەمساڵ، سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوێكی فەرمی داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیی بە نوسراوی فەرمی وەڵامی دایەوە ناگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكان، لەم نوسراوەدا تیمیی یەكێتی هۆكاری نەگەڕانەوە بۆ كۆبونەوەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ "رەچاونەكردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشیكردن لە بڕیاردانو شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەتو بەربەست لەبەردەم پیادەكردنی دەسەڵاتەكان".
دواتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەفەرمی لە وتارێكدا داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام وەڵامێكی دڵنیاكەرەوەی لە بەیاننامەی نەورۆزی قوباد تاڵەبانیدا دەستنەكەوتو دۆخەكە وەكو خۆی مایەوە.
ناكۆكییەكانی ئەمدواییەی قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی دوای هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانیو بەیاننامەكەی جوتیار عادلی وتەبێژی حكومەت، ئەگەری گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت زیاتر دورخستنەوە.
لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی لە پاریس، مەسرور بارزانی بەبێ بەشداری قوباد تاڵەبانیو ئەندامانی تیمی یەكێتیی چووە بەغدادو لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتنی ئیمزا كرد، لە بەمدواییەش قوباد تاڵەبانیش بەبێ ئاگاداری مەسرور بارزانی چوە بەغدادو لەگەڵ توركەكان بەنێوەندگیری بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا گفتوگۆی كردو چەند رۆژێكیشە یەكێتیی وەفدێكی ناردووەتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەبارەی بودجە، یەكێتیی دەیەوێت لە بودجەی گشتی عێراقدا بڕگەیەك جێگیر بكرێت، بەپێی ئەم بڕگەیە بەغداد مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ ئیدارەی سلێمانیدا بكات.
مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانی
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)، یەكێتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، ئێستا تەنیا (4) لە وەزیرەكانی یەكێتیی لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ- محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری- ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا- دارا رەشید وەزیری پلاندانان).
وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوەو (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنەكەی كاندیدكراوە، خالید شوانی كە وەزیری هەرێم بوو، پۆستەكەی چۆڵكردو پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەكێتی (ئەحمەد عەسكەری) بۆ شوێنەكەی كاندید كردووە.
بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتیی لەبارەی گۆڕانكارییە وزارییەكانەوە، تائێستا پەرلەمانی كوردستان كۆنەبوەتەوە بۆ متمانەدان بە وەزیرە نوێیەكان، بۆیە یەكێتیی ئێستا دوو پۆستی وزاری چۆڵ بووە.
كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە لە 10ی تەموزی 2019دا، بە ناكۆكی نێوان قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی دەستیپێكرد، یەكەم ناڕەزایەتی قوباد تاڵەبانی دژی دیارینەكردنی دەسەڵاتەكان بوو وەكو جێگری سەرۆك وەزیران، پاش ماوەیەك ناڕەزایەتی هەردووكیان كۆبونەوەیەكیان كردو مەسرور بارزانی وتی"رێككەوتینو هیچ كێشەیەك لەنێوانماندا نییە".
بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكییەكان نەبوو، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (10 ئۆكتۆبەری 2021) بەبێ ناوهێنانی مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی وتی"چیتر تاكڕەوی قبوڵ ناكەین"، ئەم قسەیە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات، قوباد تاڵەبانی ئەم داواكارییەی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بایكۆت بكات.