مەلا مستەفا بۆ كوڕەكانی: تاكە گەلێك كە متمانەتان پێی هەبێت گەلی توركە
2018-06-23 13:33:33
نوسینی: هوڵوسی تورگوت لە رۆژنامەی حوڕییەت
وەرگێڕانی: كارۆخ عوسمان
مەسعود بارزانی بۆیەكەمجار لە٢٠ی شوباتی ١٩٩٢ ھات بۆ توركیا لەسەردەمی كابینەی حكومەتی سلێمان دەمیرەل، لەم گەشتەیدا باسی لە وەسیەتەكەی باوكی (مەلا مستەفا) دەكات كە لە ساڵی ١٩٧٩ كۆچی دوایی كرد و لەدوای بەجێماوە، مەسعود بارزانی وەسیەتی باوكی دەربارەی تورك بۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتە (سلێمان دەمیرەل) باس دەكات، باوكم وەسیەتی بۆ ئێمە جێھێشتوە، لەو وەسیەتنامەیەدا دەڵێت: (پشت بەتورك ببەستن و تەنھا لەگەڵ توركیا ھەماھەنگ بن).
ئەو كارە گرنگە لە ڕۆژی ھەینی ٢١ی شوباتی ١٩٩٢ لە ژووری سلێمان دەمیرەل لە ئەنكەرە ڕوویدا.
میوانێكی وڵاتی دراوسێ بەشێوەیەكی نھێنی بۆ ڕوونكردنەوەی وەسیەتی باوكی دێتە لای سەرۆك وەزیرانی توركیا (دەمیرەل)
گەورەكانی بنەماڵەی میوان (بارزانی) نزیكەی یەك سەدە لەگەڵ تورك لەناو یەك وڵاتدا بوون، بەڵام ئەو میوانە (مسعود بارزانی) كوڕی خاوەن وەسیەتنامە بۆیەكەمجارە بۆ وڵاتەكەمان بەمەبەستی بەجێگەیاندنی دڵسۆزی، لەشوێنگەی دەزگای ھەواڵگری توركیا (MİT) میوان بوو، میوانەكەی سەرۆك دەمیرەل یەكێك بوو لە سەركردە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی باكوری عێراق.
مەسعود بارزانی كە پاش مردنی باوكی ئەركی سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان گرتبوەئەستۆ جگە لە سەرۆك وەزیران سلێمان دەمیرەل (چاڤێ چاغڵاڕ ) وەزیری دەوڵەت و كەسێكی تر كە بەرپرسیارەتیيەكی گەورەی ھەبوو لە كاروباری دەرەوەی وڵات ئامادەی دانیشتنەكە بوون، بارزانی زۆر دەڵەڕاوكێی ھەبوو، بەهەستە سەری بەملاو ئەولای خۆیدا دەسوڕاند، چاوەڕێ بوو سەرۆك دەمیرەل دەست بەقسەكردن بكات، وەرگێڕێكیی عەرەبی لەڕێگای وەزارەتی كاروباری دەرەوە ئامادەكرابوو، قسەكردن دەستی پێكرد، دوای ھەموو ڕستەیەك قسەكردن تەرجەمە دەكرا، داوای ھەماھەنگی لە بارزانی كرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی كرێكاران كوردستان، بەر لەدەستپێكردنی گفتوگۆ سەرەتا بارزانی ڕێزی خۆی پێشكەش بە سەرۆك دەمیرەل كرد، پاشانیش سوپاسی دەوڵەتی توركیا و گەلی توركیای كرد لەبەرامبەر ھاریكاری كوردەكانی عێراق، سەرۆك دەمیرەل سوپاسی میوانەكە (مەسعود بارزانی) كرد بەھەمان ئەو ھەستە باشانەی میوان.
چەند ڕستەیەكی چاوەڕوان نەكراو:
بارزانی دەستی كرد بە ڕێكخستنی چەند ڕستەیەكی چاوەڕوان نەكراو، چاڤیت چاغڵاڕ وەك وەزیری دەوڵەتی ئەوكاتە شایەدحاڵێكی سیاسی بەرپرس، پاش ٢٥ ساڵ ئەو بەسەرھاتانە دەگێڕێتەوە. دەڵێت: لەمانگی ١١ی ساڵی ١٩٩١ بەسەرۆكایەتی بەڕێز سلێمان دەمیرەل حكومەتی ھاوبەشی نێوان (DYP وSHP) پێكھات و من وەك وەزیری دەوڵەت دەستبەكاربووم، لەو سەردەمەی كە لەكابینەكەدا دەستبەكاربووین، پەكەكە زۆرشوێنی وڵاتەكەمانی والێكردبوو كە نەتوانرێت لێی بژین، بۆ ئەم مەبەستە پێویست بوو چارەسەرێكی ڕیشەیی بدۆزینەوە. ھەروەك دەزانرا تیرۆریستانی پەكەكە لە باكوری عێراق بەخێو دەكران، ئەو ناوچەیە ساڵانێكی زۆر پەناگەی پەكەكە بوو، بەرپرسانی ناوچەكەش (مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی) بوون، بۆ وشككردنی ئەو پەناگەیە لەوباوەڕەدابووین سەرەتا گفتوگۆ لەگەڵ سەركردە كوردەكان بكەین سودی دەبێت.
جەلال تاڵەبانی سەركردەی (ی ن ك) لە مارتی ١٩٩١ بەكاری جۆراوجۆر سەردانی وڵاتەكەمانی دەكرد، جگە لە سەرۆك كۆماری ئەوكات (تورگوت ئۆزاڵ) چاوی بە بەرپرسە باڵاكانی حكومەت دەكەوت.
لەوكاتانەدا زانیمان مەسعود بارزانیش چاوەڕێی ئاماژەیەك دەكات لەلایەن بەرپرسانی توركیا. چاڤیت چاغڵار دوای ٢٥ ساڵ وەكو تاكە سیاسیيەكی شایەدحاڵ بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا دیداری بارزانی و دەمیرەل دەگێڕێتەوە و دەڵێت: بە مەبەستی ململانێ و ڕێگری لە پەكەكە مەسعود بارزانی لەسەر وەسیەتی باوكی بەڵێنیدا ھەماھەنگ بێت لەگەڵ دەوڵەتدا، لەبەرامبەریشدا چەك و پارە و خۆراك وەربگرێت.
مەسعود بارزانی و میت:
(تیومان كومان) ڕاوێژكاری ئەوكاتەی دەزگای (میت) میوانداری بارزانی كرد لەبارەگای دەزگا، لە شاری ئەنكەرە لە گەڕەكی نوێ (Taze Sokağı). لەڕاستیدا نەماندەویست ڕاگەیاندنەكان بەم كۆبوونەوەیە بزانن، بەڵام ئەم زانیارییە بەجۆرێك لەجۆرەكان دزەیكردە ناو میدیاكان. چاڤێت چاغڵار دەڵێت: بارزانی بەچڕی پارێزگاری دەكرا. چونكە لەدەستدانی بۆ ئێمە گرفتێكی گەورە بوو، چونكە بەپێی خۆی ھاتبوو تا ھاوكارمان بێت، بەو ھۆیەوە دڵنیابوون لەوەی كە ھەواڵگریمان دەچێتە قوڵایی باكوری عێراق.
سلێمان دەمیرەل قبوڵی كرد لەبارەگای سەرۆكایەتی كۆمار لەدیدارەكەدا من و بەرپرسێكی دەرەوە ئامادە ببین، بارزانی بەعەرەبی قسەی دەكرد، بۆ ئێمە دەكرا بە توركی. مەسعود بارزانی وتی: بەڕێز سەرۆك وەزیران، لەبەرامبەر قبوڵكردنی من لێرە، سوپاسی بێ پایانی خۆمتان ئاراستە دەكەم، لەسەر ئیزنتان سەرەتا دەمەوێ وەسیەتی باوكی ڕەحمەتیم لە حزوری ئێوەدا عەرز بكەم. باوكم (مەلا مستەفا بارزانی) لەساڵی ١٩٧٥ نەخۆش كەوت، ٤ ساڵ لەئەمریكا سەرقاڵی چارەسەری نەخۆشیەكەی بوین، لە دواین ڕۆژانی نەخۆشیەكەیدا وەكو (وەسیەت) ئەمانەی بەمن و برا گەورەكەم (ئیدریس بارزانی) وت: ئەولادەكانم، سەددام حسێن دەیەوێ ئێمە لە عێراق نەھێڵێت، دەشزانن كە ئێران ئێمەی جێھێشت، بۆیە لەناوچەكە تاكە میللەت كە باوەڕمان پێی ھەبێت (گەلی تورك)ە، من ئەمڕۆ لە ژیانم و بەیانی نامێنم، بۆیە وەسیەت دەكەم ئەگەر گرفتێكتان ھەبوو ئەگەر گرفتیشتان نەبوو پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورك دروست بكەن، بڕوایان پێبكەن، ھەماھەنگ بن لەگەڵیاندا، ھاوكاری تورك بن لەھەر داخوازییەك كە لەئێوە ھەیان بێت، بۆئەوەی ئەوانیش ھاوكارتان بن لەھەرشتێ كە بتانەوێ. بەڵێ بەڕێز سەرۆك وەزیران وەسیەتی باوكم بەمجۆرەیە و منیش بۆ بەجێگەیاندنی وەسیەتەكەی باوكی كۆچكردووم لە حزورتانم.
بەڵێ بەمشێوەیە بوو. دیالۆگەكەی بارزانی كاتێ وەسیەتەكەی باوكی دەگواستەوە دڵەڕاوكێی پێوە دیاربوو، دەنگی دەلەریەوە. لەماوەی درێژەدان بەقسەكانی بەگرنگیيەوە باسی pkk كرا، بارزانی پەیمانیدا كە ھاوكاری دەوڵەت بێت.
بێگومان ترسێكی زۆری سەددام حسێنی لەسەربوو، نیگەران بوو لەوەی كە ھەر كاتێكی چاوەڕوان نەكراو سەددام تەڵەیەكی بۆ دابنێتەوە، زانیبومان كە كەمێك بەرلەوەی باوكی كۆچی دوایی بكات لە ڤیەننا لەدەست تیمێكی بكوژ ڕزگاری ببوو، بۆیە ڕەنگی ترس پەڕیبووە ڕوخساری، بۆیە دەشمانزانی لەپێناو پاراستنی خۆی ئامادەی ھاوكاریمانە زۆر بەچڕی.
لە كۆتایی لەگەڵ مەسعود بارزانی ڕێككەوتین، ئێمە بڕیاری ھاوكاریكردنی ئەوماندا بە چەك و بەپارە، ئەویش ئارام بووەوە و پەیمانیدا كە لە سیاسەتی باكوری عێراق ھاریكاری دەوڵەت بێت و لەشەڕ دژی pkk بەھەماھەنگ لەگەڵ ئێمە جوڵە بكات.
حیكمەت چەتین:
جەلال تاڵەبانی نمەك بەحەرام دەرچوو، ھەرچەندە ئێمە هاوكاری زۆرمان كردو چەكمان پێدا، بەڵام تاڵەبانی هیچ سەركردەیەكی پەكەكەی رادەستنەكردین، هەرجارەو بە بیانویەك خۆی دەدزیەوە
ئایا مرۆڤ ئەوەندە دەگۆڕێت؟
دوای ئەو سەردانە یەكەمەی بارزانی ھاتوچۆی بۆ وڵاتەكەمان زیادیكرد، وەك بڵێی بێ نیشتمان بێت ھەرچەندە ھاوڵاتی عێراقی بوو، بەڵام نەیدەتوانی پاسپۆرتی عێراقی وەرگرێت و نێوانیشی لەگەڵ ئێران باش نەبوو، بۆیە ئێمە پاسپۆرتی دیپلۆماسی كۆماری توركیامان پێدا، لە ساڵانی حوكمی ئێمەدا ڕاستگۆ بوو بەرامبەر بەڵێنەكەی، ھاوكاری زۆری توركیای كرد، ئێمەش ھاوكاری تەواوەتی ئەومان كرد. جگە لە چەك ھاوكاری پارە و دانەوێڵەمان بۆ دەنارد. لە دە بۆ پازدە ساڵانی كۆتاییدا كە سەیری ھەڵسوكەوتی دەكەم بەسەرسوڕمانەوە دەڵێم: (ئایا مرۆڤ ئەوەندە دەگۆڕێت)؟ بەتایبەت لەپەیوەندی لەگەڵ عێراق و ئێراندا، بەڵام ھێشتا ناتوانێ بەبێ دەوڵەت بمێنێتەوە، چونكە وەسیەتی باوكیەتی.
حیكمەت چەتین:
ئێمە پاسپۆرتی دیپلۆماسی كۆماری توركیامان بە مەسعود بارزانیدا، ئەو ڕاستگۆ بوو بەرامبەر بەڵێنەكەی، ھاوكاری زۆری توركیای كرد، ئێمەش ھاوكاری تەواوەتی ئەومان كرد. جگە لە چەك ھاوكاری پارە و دانەوێڵەمان بۆ دەنارد
لەسەر ویستی خۆیان پاسپۆرتی دیپلۆماسی توركیایان پێدرا، لەساڵانی نەوەدەكاندا لە باكوری عێراق سەركردەكانی یەكێتی و پارتی، تاڵەبانی و بارزانی بەرامبەر سەددام حسێن لەناوەوە و دەرەوەی عێراقدا ململانێ و جوڵەكردنیان بەتەواوی نەما. ئەوان چونكە پاسپۆرتی عێڕاقیان نەبوو نەیاندەتوانی بەئاسانی گەشت بكەن و خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بۆ ئەم مەبەستە وەك ھەموو جارێك داوای ھاوكاریان لە توركیا دەكرد، بەتایبەت لەسەردەمی بەڕێز تورگوت ئۆزاڵ سەرۆك كۆمار، ئەویش بەتەلەفۆن بە وەزیری دەرەوە (حیكمت چەتین)ی وت: مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی خاكیان ھەیە، بەڵام ھیچ شتێكیتریان نیە، با پاسپۆرتیان بدەینێ.
توركیا دەروازەیەك بۆكرانەوە بەڕووی دونیادا:
وەزیری دەرەوە حیكمت چەتین ئەم داوایەی سەرۆك كۆمار تورگوت ئۆزاڵی لەگەڵ سەرۆك وەزیران سلێمان دەمیرەل جێگرەكەی ئەرداڵ ئین ئونو تاوتوێكرد، وەڵامی ئەرێنی وەرگرتەوە و پاسپۆرتی دیپلۆماسیان پێدرا. بەمەش توركیا بۆئەوان بوو بەدەروازەیە بۆ كرانەوە بەڕووی دونیادا. دواتر بەشێك لەمنەتەكانیان ھەڵگرت و ھاوكاری دەوڵەت بوون.
توركیا كارەبای بۆ دابینكردن:
وەزیری دەرەوەی ئەوكات (حیكمت چەتین) باسی پەیوەندی نێوان توركیا و سەركردەكانی باكوری عێراق دەكات لە ساڵانی ٩١-٩٣، دەڵێت: بەردەوام ھاوبەندیمان ھەبوو لەگەڵ تاڵەبانی و بارزانی. پەیوەندیمان توندوتۆڵ بوو. ھەرجارێك لەچوونە دەرەوە بەخاكی توركیادا سەریشیان لەئێمە دەداو زانیاریشیان دەدا دەربارەی زۆرشت، ئەوكاتەی ئێمە لە حكومەت بووین خەڵكی باكوری عێراق بەرامبەر سەددام لە گوزەرانێكی زۆرخراپدا بوون، ئێمە بەردەوام لە ھاوكاریاندابووین، لەبەرامبەردا خەڵكی دڵسۆزمان پەیداكردن بۆ دەوڵەت تا لە باكوری عێراق لەجیاتی ئێمە لەوێبن. ئێمە تەنانەت كارەباشمان پێدەدان.
لە بەشێكی تری وتارێكی تردا كە بەتەنھا دەربارەی تاڵەبانی نوسراوە، من لێرە لەگەڵ ئەو وتارەدا تێكەڵكێشی دەكەم و بەشێكی كورتی لێوە باسەكەم.
تاڵەبانی نمەك بەحەرام دەرچوو، ھەرچەندە لەسەرەتای ئیدارەی باكوری عێراقدا ئێمە (دەوڵەت) بواری ئیشكردنمان لە توركیا پێدا و چەكمان دانێ، ھاوكاری پارەو مەعنەویمان كردن، كە چی تاڵەبانی لە رادەستكردنی سەركردەی تیرۆرستانی پەكەكە بەدەوڵەت ھاوكارمان نەبوو، ھەرجارە و بەبیانویەك خۆی لەم داخوازیەی دەوڵەت دەدزییەوە.
تاڵەبانی لە بوارەكانی خزمەتگوزاریدا و لە وەبەرھێنانیشدا لە توركیا پارەی زۆری دەستدەكەوت و ھێشتاش ھەر بەردەوامە، لەڕێگەی دەزگای ھەواڵگرییەوە زانرا كەبەشێكی ئەو پارەیە دەدا بە پەكەكە، بەڵام ھێشتاش ئێمە ئەو سەرچاوە ماددیەمان لێ نەبڕی، چونكە پێمان وابوو دەرئەنجام كارمان بۆ دەكات، بەڵام دەبوایە تاڵەبانی ڕێزی ئەو ھاوكارییانەی دەوڵەت بگرێت و سەركردەكانی پەكەكە رادەستی ئێمە بكات. بەڵام نەك سەركردە، بەڵكو چەكدارێكیشی بەئێمە نەدا.