Draw Media

چوار شەممەی داهاتوو دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات

چوار شەممەی داهاتوو دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات

2023-04-26 08:58:55


 (درەو): 
چوارشەممەی داهاتوو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای (128) رۆژ تاوتوێكردن، بڕیاری خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەردەكات، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، دادگا درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتبكاتەوە‌و بە نادەستوریی ناوی ببات، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت ئاسەنگێكی گەورەی تر لەبەردەم سازدانی هەڵبژاردن لە كوردستان دروست دەبێت. 
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو واتە 5ی ئایار، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە رادەگەیەنێت كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون.
دواین دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە رۆژی 29ی ئازاری رابردوو بەڕێوەچوو، ئەمە شەشەم دانیشتنی دادبینی بوو، تێیدا دادگا كۆتایی بە دادبینییەكان هێناو رۆژی 3/5/2023ی دیاریكرد بۆ دەركردنی بڕیار.  
سكاڵاكان لەلایەن (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان‌و (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق‌و (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون، دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی 18ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا، هەموو سكاڵاكانی یەكخست. 
یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، واتە ماوەی (128) رۆژە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادایە‌. 
ئەگەر دادگا لە بڕیارەكەی رۆژی چوارشەممەی داهاتوودا، درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەنادەستوری ناوببات، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت خولی ئێستا پەرلەمان ناتوانێت یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەم هەمواربكاتەوە‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم كارابكاتەوە، لەم حاڵەدا دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم پەنا بۆ یاسای هەڵبژاردنی پێشوو ببەن‌و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەببات، ئەمە لەبەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و لە زیانی یەكێتی‌و لایەنەكانی تردایە كە خوازیاری گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنن، چونكە یاسای هەڵبژاردن بەبێ هەمواركردن‌و بەشێوازی یەك بازنەیی جاران، جارێكی تر دەرفەتی ئەوە بۆ پارتی خۆش دەكات بەكورسی كۆتای پێكهاتەكانەوە، رێژەی 50+1ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆنترۆڵ بكات.
بەڵام رەنگە دەرچوونی بڕیارێكی لەمشێوەیە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، بەتەواوەتی چارەنوسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەتەواوەتی بخاتە تاریكییەوە‌و هەڵبژاردنەكە نەكرێت، چونكە لەم حاڵەتەدا لایەنە سیاسییەكان ناچار دەبن بەپێی یاسا كۆنەكەی هەڵبژاردن بچنە ناو هەڵبژاردن‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەببات. 
لەلایەكی ترەوە رەتكردنەوە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەبێت بە پێشینەیەك بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە هیچ هۆكارێك تەمەنی پەرلەمان درێژنەكرێتەوە. 
مانگی ئازاری رابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەموار نەكردوەتەوەو كۆمسیۆنیش كارا نەكراوەتەوە. 
لایەنە سیاسییەكان لەسەر كاراكركردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و  راپرسی بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتوون، دوو كورسی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەتاڵ بووە، بڕیاردراوە پڕبكرێتەوە. 
بەڵام لەسەر هەمواری هەڵبژاردن هێشتا لایەنەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی‌و پارتی‌و یەكێتیی لەسەر كورسی پێكهاتەكان ناكۆكن.  
پەرلەمانی كوردستان مانگی ئۆكتۆبەری 2022 تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكرد، جگە لە فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان‌و پێكهاتەكان كە دەنگیان بۆ درێژكردنەوە داوە، فراكسیۆنەكانی تر‌و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بەشێوازی جیاواز لە پەرلەمان كشاونەتەوە یاخود بایكۆتی دانیشتنەكانیان كردووە. 
ئەمە جاری یەكەم نەبوو پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، لەسەرجەم خولەكاندا بەتێكڕا پەرلەمان (8) جاری تر تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە، ئەمەش بەهۆكاری جیاواز لەوانە شەڕی ناوخۆ‌و شەڕی داعش‌و قەیرانی سیاسی ناوخۆیی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand