"میسی خراپ یاری دەكات بۆ ئەوەی سامپاولی دوربخاتەوە"
2018-06-23 11:06:10
(درەو میدیا):
ریكاردۆ كاروزو لۆمپاردی راهێنەری ئەرژەنتینی رایگەیاند" لیۆنێل میسی بوەتە هۆی دورخستنەوەی حەوت راهێنەر.
لۆمپاردی ئاماژەی بەوەكرد" میسی بۆ ئەوەی لە خۆرخێ سامپاولی راهێنەری ئێستا هەڵبژاردەی ئەرژەنتین رزگاری بێت، ئاستێكی خراپ پێشكەش دەكات".
وتی: میسی بایەخ بە هیچ شتێك نادات، بە شێوازێكی تەواو پێچەوانەی ئەوە یاریدەكات كە راهێنەر دەیەوێت، هەروەها ئەو هەمیشە دەیەوێت ئەو یاریزانانەی لەگەڵ بن كە خۆشی ئەوێن، نەك یاریزانە باشەكان.
لەلایەكی ترەوە ئیمانوێل پیتی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی بەرشەلۆنە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "سپۆرت" دەڵێ" میسی لەبری ئەوەی سەری خۆی كز بكات و بڕوات، پێویستە هەست بە شەرمەزاری بكات، كاتێك كارەكان بەشێوەیەكی باش ناڕۆن، ئەو نازانێت چۆن مامەڵە بكات".
لەدوای شكستهێنانی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین لەبەرامبەر هەڵبژاردەی كرواتیا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر، میسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین روبەڕوی شەپۆلێكی بەرفراوانی رەخنەی چاودێرانی وەرزشی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەكەی بوەتەوە.