پشکی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا
2023-04-25 12:29:03
شیكاری: درەو:
# پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی عێراق زیاتر دەبێت لە (25 ترلیۆن و 216 ملیار) دینار، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن) دینار لە خەرجی حاکیمە، پشکەکەی دادەبەزێت بۆ زیاتر لە (16 ترلیۆن و 609 ملیار) دینار کە هێشتا زیاتر لە (2 ترلیۆن و 705 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (19%) زیاترە لەو پشکەی لە ساڵی (2021) بۆی تەرخان کرابوو.
# داهاتی گشتی عێراق لە ساڵی (2021) بە زیاتر لە (101 ترلیۆن و 120 ملیار) دینار جێگیر کرابوو، کە بە ڕێژەی (80%) لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی بەرهەمە نەوتی و کانزاییەکانەوە سەرچاوەی دەگرت. بەڵام پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ داهاتی گشتی بە نزیکەی (134 ترلیۆن و 553 ملیار) دینار دەخەمڵێنرێت، کە ڕێژەی (87%) لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتی و کانزاییەکانەوە سەرچاوەی دەگرێت. ئەم هەنگاوەش لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی پشت بەستن بە داهاتی نەوت دەریدەخات، حکومەتی عێراق پلانی ئەوتۆی نەبووە بۆ فرەکردنی سەرچاوەکانی داهات و بگرە پاشەکشەی گەورەی کردووە.
# کورتهێنان لە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ قەبارەکە ئێجگار گەورەیەوە ڕێژەی (32%) تێدەپەڕێنێت و بەهاکەی دەگاتە زیاتر لە (64 ترلیۆن و 469 ملیار دینار، کە ئەم کۆرتهێنانەش دوو هێندەو زیاری ئەوەیە کە لە ساڵی (2021) تۆمار کرابوو.
# سەرجەم وەزارەتەکانی عێراق کە ژمارەیان (22) وەزارەتە بەراورد بە ساڵی (2021) خەرجییەکانیان بە ڕێژەی (27%) هەڵکشاوە، جگە لە دوو وەزارەتی (دارایی و بەرگری) نەبێت بە ڕێژەیەک خەجییەکانیان کەم دەکات. وەزارەتەکانی (دارایی، نەوت، کارەبا و ناوخۆ) ئەو وەزارەتانەن کە زۆرترین خەرجیان بۆ تەرخان دەکرێت.
# بە هەمان شێوەی سێکتەرەکانی دیکە بە تێکڕا خەرجی حاکیمە لە یاسای بودجەی ساڵی (2021) لە (7 ترلیۆن و 288 ملیار و 276 ملیۆن) دینارەوە بە ڕێژەی (36%) بۆ بڕی (9 ترلیۆن و 918 ملیار و 8 ملیۆن) دینار بەرز دەبێتەوە لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023). خەرجییەکانی (کڕینەوەی گەنم و جۆی و جوتیاران و هاوردەکردنی وزە) کەم دەکەن.
سەرەتا
لە (13/3/2023) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەشنوسی بودجەی ساڵی (2023)ی پەسەند کرد کە وەک ئاماژەی پێدراوە بۆ ساڵانی (2024 و 2025)یش بەرکار دەبێت، پرۆژەکەش گەورەترین رەشنوسی یاسای بودجەیە لە مێژووی عێراقدا. لەکۆبونەوەی ژمارە 18ی رۆژی (5/4/2023) خوێندنەوەی یەکەم و لە (18/4/2023) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاساکە ئەنجامدا، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئایندەدا پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت.
پاڵپشت بەو داتایانەی لە پرۆژە یاساکەدا هاتووە، لەم ڕاپۆرتەدا بە وردی تیشک دەخەینە سەر داهات و خەرجی و بڕی کورتهێنان و خەرجی وەزارەتەکانی حکومەتی عێراق و پشکی هەرێم لە داهات و خەجییە گشتییەکان و هاوکات خەرجی سیادی و حاکیمە. پاشان بەراوردکردنی داتاکان بە یاسای ژمارە (23)ی ساڵی (2021)ی بودجەی گشتی عێراق و بڕو ڕێژەی بەرزبوونەوەی داهات و خەرجییە گشتی و وزارەییەکان تێیدا و بڕو ڕێژەی کورتهێنان لە پرۆژەکەداو خەرجیەکانی حاکیمەو سیادی و پشکی هەرێم تێیاندا.
بەڵام گرنگە لێرەدا ئاماژە بە چەند زانیارییەک بدەین، ئەوانیش؛
- بەپێی پرۆژە یاساکەدا داهاتی نەوت سەرچاوەی سەرەکی پارەدارکردنی عێراق دەبێت و (87%)ی داهات پێکدەهێنێت و پاڵپشت پرۆژەکە ئەوە خەمڵێندراوە کە عێراق بە تێکڕای رۆژانە (3 ملیۆن و 500 هەزار) بەرمیل نەوت بە (400 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێمیشەوە هەناردە بکات. هەر بەرمیلێک نەوت بە (70) دۆلار خەمڵێندراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی (2021) وا خەمڵێندرابوو کە حکومەتی عێراق رۆژانە بڕی (3 ملیۆن و 250 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە بکات بە (250 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، تێکڕای نرخ و داهاتی هەر بەرمیلێک نەوت بە (45) دۆلار خەمڵێندرابوو.
- بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دیناری عێراق هەمیشە پرسێکی گرنگ بووە لە عێراقدا چونکە عێراق بەشی هەرە گەورەی داهاتەکەی بەدۆلارەو لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستی دەخات، لە پرۆژەی یاسای بودجەی ساڵی (2023) بەهای هەر دۆلارێک بە (هەزار و 300) دینار جێگرکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی (2021) یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر (هەزار و 450) دینار جێگیر کرابوو.
- پشکی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ساڵی (2021) ڕێژەی (12.67%)ی بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام نزیکەی (34%) بۆ خەرجییەکانی (سیادی و حاکیمە) دەڕوات و (66%)ی بۆ دەمێنێتەوە.
یەکەم؛ پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق پاڵپشت بە یاسای بودجەی ساڵی (2021) و پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)
لە یاسای بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی (2021)دا، پشکی هەرێمی کوردستان (12.67%)ی بودجەی بۆ دیاریکرابوو، بە هەمان رێژە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)یش جێگەی جێگەی ئەو ڕێژەیەی کردووەتەوە، بەڵام گۆڕانکاری گەورە لە قەبارەی پشکی هەرێم ڕوویداوە، بە جۆرێک؛
- لە یاسای بودجەی ساڵی (2021)دا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا بە بڕی (16 ترلیۆن و 470 ملیار و 104 ملیۆن و 277 هەزار) دینار خەمڵیندرابوو، بەڵام دوای لێدەرکردنی (ترلیۆنێک و 642 ملیار و 667 ملیۆن و 220 هەزار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (923 ملیار و 424 ملیۆن و 605 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، پشکی (13 ترلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار) دیناری بۆ دیاری کرابوو.
بەڵام لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشکی هەرێم بە ڕێژەی (12.67%) لە بودجەی گشتی بریتی دەبێت لە بڕی (25 ترلیۆن و 216 ملیار و 101 ملیۆن و 547 هەزار) دینار بەم پێیەش پشکەکەی بە ڕێژەی (53%) و نزیکەی بڕی (8 ترلیۆن و 746 ملیار) دینار زیاد دەکات، بەڵام دوای لێدەرکردنی نزیکەی (7 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار لە خەرجی سیادی و بڕی (ترلیۆنێک و 256 ملیار و 611 ملیۆن و 724 هەزار) دینار لە خەرجی حاکیمە، پشکی (16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە کە هێشتا بڕی زیاتر لە (2 ترلیۆن و 705 ملیار و 626 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (19%) زیاترە لەو پشکەی لە ساڵی (2021) بۆی تەرخان کرابوو. بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەی ژمارە (1).
خشتەی ژمارە (1)
دووەم؛ داهاتی گشتی عێراق پاڵپشت بە یاسای بودجەی ساڵی (2021) و پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)
پاڵپشت بە یاسای ژمارە (23)ی ساڵی (2021) و پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی (2023). داهاتی گشتی عێراق لە ساڵی (2021) بە (101 ترلیۆن و 320 ملیار و 141 ملیۆن و 984 هەزار) دینار جێگیر کرابوو، کە بڕی (81 ترلیۆن و 171 ملیار و 112 ملیۆن و 500 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (80%) لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی بەرهەمە نەوتی و کانزاییەکانەوە سەرچاوەی دەگرت. داهاتی ناوخۆش بڕی (20 ترلیۆن و 149 ملیار و 29 ملیۆن و 484 هەزار) دیناری بەڕێژەی (20%) لە باج و رسومات و داهاتی خاڵە گومرگییەکان ... پێکدەهێنا.
بەڵام پاڵپشت بە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ داهاتی گشتی بە (134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار) دینار دەخەمڵێنرێت، کە بڕی (117 ترلیۆن و 252 ملیار و 500 ملیۆن) دیناری بە ڕێژەی (87%) لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتی و کانزاییەکانەوە سەرچاوەی دەگرێت. داهاتی ناوخۆش بڕی (17 ترلیۆن و 300 ملیار و 419 ملیۆن و 63 هەزار) دیناری بەڕێژەی (13%) لە باج و رسومات و داهاتی خاڵە گومرگییەکان ... پێکدەهێنێت.
ئەم هەنگاوەش لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی پشت بەستن بە داهاتی نەوت دەریدەخات، حکومەتی عێراق پلانی ئەوتۆی نەبووە بۆ فرەکردنی سەرچاوەکانی داهات و بگرە پاشەکشەی گەورە دەکات، چونکە بەشی زۆری ئەو سەرچاوانەی حکومەتی عێراق وەک سەرچاوەی داهاتی نانەوتی پشتیان پێ دەبەستێت بەپێی خەمڵاندنەکان داهاتیان دادەبەزێت بەراورد بە ساڵی (2021) و پشت بەستن بە داهاتی نەوت بە ڕێژەی (44%) زیاد دەکات بەراورد بە یاسای بودجەی ساڵی (2021)و لە بەرامبەردا؛ باجی سەر داهات و سامان بە ڕێژەی (32%) و رەسمەکان (7%) و داهاتی سەرمایەگوزاری (97%) و داهاتەکانی دیکە (6%) کەم دەکەن. عێراق لە چوارچێوەی داهاتی ناوخۆ تەنها چاوی لەوەیە باجی شمەک و رەسمی بەرهەمهێنان قازانجی کەرتی گشتی و تەحویلات زیاد بکات.
بە تێکڕا لە بواری داهاتدا بە هەردوو جۆری (نەوتی و نانەوتی)یەوە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ وای خواستووە داهاتی گشتی بەڕێژەی (33%) و بڕی (33 ترلیۆن و 232 ملیار و 777 ملیۆن و 79 هەزار) دینار بەرز بکاتەوە. بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەی ژمارە (2).
خشتەی ژمارە (2)
سێیەم؛ داهات، خەرجی و کورتهێنانی عێراق پاڵپشت بە یاسای بودجەی ساڵی (2021) و پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)
وەک لە یاسای ژمارە (23)ی ساڵی (2021) و پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی (2023) هاتووە. داهاتی گشتی عێراق لە ساڵی (2021) بە (101 ترلیۆن و 320 ملیار و 141 ملیۆن و 984 هەزار) دینار جێگیر کرابوو، هەرچی خەرجی گشتیشە بە (129 ترلیۆن و 993 ملیار و 9 ملیۆن و 291 هەزار) دینار خەمڵێندرابوو، بەو پێیەش کورتهێنان بە ڕێژەی (22%) بە قەبارەی (28 ترلیۆن و 672 ملیار و 9867 ملیۆن و 307 هەزار) دینار تۆمار کرابوو.
ئەمە لە کاتێکدایە لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023) لە سەر هەرسێ ئاستی (داهات، خەرجی و کورتهێنان) ڕێژەکانیان زۆر بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک؛ داهاتی گشتی بە (134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار) دینار دەخەمڵێنرێت، کە (33%)ی زیاترە لەو داهاتەی کە لە یاسای بودجەی ساڵی (2021) جێگیر کرابوو.
هاوکات خەرجی گشتی بە (199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار) دینار دەخەمڵێندرێت، بەو واتایەی قەبارەی خەرجی گشتی بە بڕی زۆرتر لە (69 ترلیۆن و 29 ملیار) دینار و بە ڕێژەی (53%) زیاد دەکات بەراورد بە یاسای بودجەی ساڵی (2021).
سەبارەت بە کورتهێنان لە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ قەبارەکە ئێجگار گەورەیەوە ڕێژەی (32%) تێدەپەڕێنێت و بەهاکەی دەگاتە زیاتر لە (64 ترلیۆن و 469 ملیار و 192 ملیۆن) دینار، کە ئەم کۆرتهێنانەش دوو هێندەو زیاری ئەوەیە کە لە ساڵی (2021) تۆمار کرابوو بڕی زۆرتر لە (35 ترلیۆن و 796 ملیار و 325 ملیۆن) دیناری بەڕێژەی (125%)ی زیاترە لەوەی ساڵی (2021). بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەی ژمارە (3).
خشتەی ژمارە (3)
چوارەم؛ خەرجی وەزارەتەکانی عێراق پاڵپشت بە یاسای بودجەی ساڵی (2021) و پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)
بەپێی داتاکان، سەرجەم وەزارەتەکانی عێراق کە ژمارەیان (22) وەزارەتە بەراورد بە ساڵی (2021) خەرجییەکانیان بە شێوەی جیاواز هەڵکشاوە، جگە لە دوو وەزارەتی (دارایی و بەرگری) نەبێت بە ڕێژەیەک خەجییەکانیان کەم دەکات.
لە هەردوو یاسا و پرۆژە یاساکەدا وەزارەتەکانی (دارایی، نەوت، کارەبا و ناوخۆ) ئەو وەزارەتانەن کە زۆرترین خەرجیان بۆ تەرخان دەکرێت و وەزارەتەکانی (گەیاندن، وەرزش و لاوان، رۆشنبیری و کۆچ) کەمترین خەرجیان بۆ دیاری کراوە.
هەر بە پێی زانیارییەکان خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (126 ترلیۆن و 604 ملیار و 635 ملیۆن) دینار، بەڵام لە پرۆژە یاسای ساڵی (2023) ئەو بڕە بەرزبووەتەوە بۆ (161 ترلیۆن و 536 ملیار و 542 ملیۆن) دینار، کە بڕی (34 ترلیۆن و 931 ملیار و 907 ملیۆن) دیناری بە رێژەی (27%) زیاتر لەو بڕەی لە ساڵی (2021) جێگیر کراوبوو. بۆ وردەکاری دەربارەی خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان و بڕو و ڕێژەی بەرزبوونەوەی خەرجییەکانیان بڕوانە خشتەی ژمارە (4).
خشتەی ژمارە (4)
پێنجەم؛ خەرجی حاکیمەی عێراق پاڵپشت بە یاسای بودجەی ساڵی (2021) و پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)
بە هەمان شێوەی سێکتەرەکانی دیکە بە تێکڕا خەرجی حاکیمە لە یاسای بودجەی ساڵی (2021) لە (7 ترلیۆن و 288 ملیار و 276 ملیۆن) دینارەوە بە ڕێژەی (36%) بۆ بڕی (9 ترلیۆن و 918 ملیار و 8 ملیۆن) دینار بەرز دەبێتەوە لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023). بە جۆرێک خەرجی پاڵپشتی (کۆبوونی خۆراک، دادبینی ناکۆکی زەوی و زار، دەرمان، سەرژمێری دانیشتوان) بەڕێژەیەکی بەرز زیاد دەکەن و خەرجییەکانی (کڕینەوەی گەنم و جۆی و جوتیاران و هاوردەکردنی وزە) کەم دەکەن و لە ساڵی (2023)شدا بڕی (345 ملیار و 455 ملیۆن) دینار بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەرخان دەکرێت کە خەرجییەکەی لە چوارچێوەی خەرجی حاکیمەدایە. بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەی ژمارە (5).
خشتەی ژمارە (4)
سەرچاوەکان؛
- یاسای ژمارە (23)ی ساڵی (2021) یاسای بودجەی گشتی عێراق
- پرۆژە یاسای ساڵانی (2023 – 2024 - 2025)ی یاسای بودجەی گشتی عێراق