" رێگەمانگرت لە رادەستكردنەوەی رۆژنامەنوسێك بە توركیا"
2018-06-23 09:30:34
(درەو میدیا):
ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە نوسینێكدا بەناوی (دەنیزی رۆژنامەنوسی كورد!) دەنوسێت" دوای دەستگیركردنی لە فڕۆكەخانەی بەغداد رۆژنامەنوسی باكوری كوردستان دەنیز یەشیل یورت، راستەخۆ حكومەتی توركیا داوایكردەوە و فشاری خستەسەر عێراق بۆئەوەی تەسلیمی بكاتەوە"
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی هەوڵی ئازادكردنی دەنیزیان داوە" دادگای الرصافە بڕیاری تەسلیمكردنەوەی دەنیزیداو بڕیارەكەش تەميیز نەدەكرایەوە، دواجار بەھەوڵ و پەرۆشی چەندین كەسایەتی و ناوەندی عێراقی توانیمان ئەو رۆژنامەنوسە دوای ٧ مانگ لە زیندانەكانی عێراق و تەسلیمكردنەوەش رزگار بكەین و ڕەوانی بەلجیكای بكەینەوە"
دەقی نوسینەكەی ئارێز عەبدوڵا
دەنیزی رۆژنامەنوسی كورد !
لەوەتەی كوردستان دابەشكراوە داگیركەران ھەمیشە ئەگەر لەناوخۆشیاندا ناكۆك بوبن لەسەر پێشلكردنی مافی گەلی كوردستان كۆكن و بەردەوامیش ناڕەوا لەدژی كورد ھاوكاری یەكتری دەكەن. گۆڕینەوەی زانیاری ھەوڵگری، ھاتنەناوەوەی سوپا، پیلانگێران، ھاوكاری سەربازی و تەسلیمكردنەوی پەنابەر یاخود گیراوی كورد بەیەكتری ئاسایی و بەردەوام بووە. ساڵی رابردوو دوای ریفراندۆم لەسەر داوای توركیا رۆژنامەنوسی كورد دەنیز یەشیل یورت لە فرۆكەخانەی بەغدا دەستگیركراو راستەخۆش حكومەتی توركیا داوای كردەوە و فشاری خستەسەر عێراق بۆ ئەوەی تەسلیمی بكاتەوە. توركیا خۆی لە داڵدەدانی ئەو ھەموو تیرۆیستەی عێراق و سوریا و ھاوكاریكردنی داعش لە كێلیدا و بێ چاو ڕوو داوای رۆژنامە نوسێكی كوردی كردەوە تا بەتومەتی تیرۆریست بوون سزای قورسی بەسەردا بدا !
بەداخەوە دادگای الرصافە ھەر زوو بڕیاری تەسلیم كردنەوەی دەنیزی داو بڕیارەكەش تەمیز نەدەكرایەوە. بەم ھەنگاوەی دادگا ئێمە زۆر نیگەران بووین و رامانگەیاند كە ئەوە كارێكی نادەستوری و دوورە لە پرانسیپەكانی عێراقی نوێ، بۆیە كەوتینە ھەوڵ و كۆشش بۆ ئەوەی ناھەقی بەرامبەر نەكرێ بەتایبەت ئەو كە مافی پەنابەرێتی و نیشتەجێ بوونی لە بەلجیكا ھەبوو. دواجار بەھەوڵ و پەرۆشی چەندین كەسایەتی و ناوەندی عێراقی توانیمان ئەو رۆژنامەنوسە دوای ٧ مانگ لە زیندانەكانی عێراق و تەسلیمكردنەوەش رزگار بكەین و ڕەوانی ئەورپای بكەینەوە.