درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە نێوان دەستوری و نادەستوریبوندا
2018-06-22 22:19:50
(درەو میدیا):
"درێژكردنەوەی ویلایەتی پەرلەمان پێشێلكارییەكی مەترسیداری دەستورەو كۆدەتایە بەسەر سیستمی سیاسی و دیموكراتی و فیدراڵیدا" ئەمە وتەی هۆشیار زێباریيە كە ئێستا ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەو لە 2003 تا 2014 وەزیری دەرەوە و لە 2014 تا 2016 وەزیری دارایی عێراق بووە.
(60) پەرلەمانتار واژویان لەسەر نوسراوێك كردووەو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقیان كرد و پێشنیازی یاسایەكیان كرد كە " بەردەوامی بدات بە كاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تا كۆتایی بە كاری ئەژماركردنەوەو جیاكردنەوەی دەستيی دەنگەكان دێت و پەرلەمانی نوێ دەستبەكار دەبێت".
دوێنێ هەینی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێكی نائاساییدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە 45 ی ساڵی 2013 كرد، كە تێیدا پەرلەمان لەبەر رۆشنایی بڕیارەكانی ئەمدواییەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە ژماردنەوەی دەستیی دەەنگەكان ، دەیەوێت تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە.
سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینێكدا لە پەیجی فەرمی خۆی دەڵێت" ئامانج لە كۆبونەوەی هەینی درێژكردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی یاسادانانە بەبێ موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتاران، بۆ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێكردندا بڕوات"، بەڵام درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەهیچ مادەیەكی یاسایی و دەستوردا بەروونی باس نەكراوە، بۆیە گفتوگۆی جیاوازی لێكەوتەوە.
تارق حەرب شارەزای یاسای دەستوری پێيوایە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نایاساییە" بەهیچ شێوەیەك درووست نیە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە تەنانەت بۆ یەك رۆژیش، لەبەر ئەوەی ماوەكەی تەنها 4 ساڵی دیاریكراوە بەپێی دەستوری عێراق".
ئەگەرچی لە دەستوری عێراقیدا ئاماژەی راستەوخۆ بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەدراوە، بەڵام لە مادەی 58ی دەستوری عێراقدا باس لە درێژكردنەوە كراوە.
دەقی مادەی 58ی دەستوری عێراق
بڕگەی دووەم:
"وەرزی یاسادانانی خولێكی بەستنی ئەنجومەنی نوێنەران درێژدەكرێـتەوە بە مەرجێك لە سی (30) ڕۆژ زیاتر نەبێت، بۆ تەواوكردنی ئەركە پێویستیيەكان، لەسەر داوای سەرۆك كۆمار یان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یان سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران یان پەنجا كەس لە ئەندامانی ئەنجومەن".
بەپێی ئەم مادەیە، پەرلەمان دەتوانێت بە واژووی پەنجا ئەندامی تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە بەڵام نابێت لە 30 رۆژ زیاتر بێت، بەڵام لە مادەی 56 دەستوردا بە روونی باس لەوە كراوە كە ماوەی تەمەنی پەرلەمان تەنها 4 ساڵە.
دەقی مادەی (56)ى دەستوری عێراق
بڕگەی یەكەم:
"ماوەی خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران چوار ساڵی ڕۆژمێریی دەبێت، ماوەكە لە یەكەم دانیشتنەوە دەستپێدەكات و بە كۆتایهاتنی ساڵی چوارەم، كۆتای دێت".
بڕگەی دووەم:
"هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ چل و پێنج ڕۆژ پێش بەرواری كۆتایی هاتن بە خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەن دەستپێدەكات".
بەپێی ئەم مادەیەی دەستور، بەروونی ماوەی خولی پەرلەمان دیاریكراوەو زیادكردنی بۆ نیە.
زۆرێك لە لایەنەكان درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتدەكەنەوە بەڵام پێشیان وایە ئەگەر پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژنەكاتەوە، بۆشایی یاسایی دروستدەبێت و ناتوانرێت چاودێری ئەژماركردنەوەی دەنگەكان و دووبارە راگەیاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بكرێت.
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە یەكێكە لە لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12 ی ئایار، دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە، ئەحمەدی حاجی رەشید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، لە كۆبونەوەی رۆژی هەینی پەرلەمانی عێراقدا گفتوگۆ لەبارەی بریاری درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق كرا و فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیش واژوی لەسەر بریارەكە نەكرد و رەتیكردەوە.
ئەمین بەكر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش دەڵێ" گۆڕان لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا نیە لەبەر ئەوەی ئەو كارە كێشەی دەستوريی لێدەكەوێتەوە".
مەسعود حەیدەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" ئەوانەی دەرنەچوون ئەیانەوێ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەنەوە، نە ئامادەی دانیشتنەكە دەبم و نە لەگەڵ درێژكردنەوەی پەرلەمانم، كارێكی نادەستوریيە".
مشعان جبوری ئەندامی پەرلەمانی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە دەستوری لەقەڵەم دەدات و پێيوایە" جێبەجێكردنی بریاری دادگای دەستوریيە كە ئەنجومەنی نوێنەران پابەند دەكات بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بۆ چارەسەركردنی بۆشایی دەستوريی".
بەڵام عادل نوری كە وەك پەرلەمانتارێكی كورد واژوی لەسەر نوسراوەكە كردووە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەڵێت" هەژماركردنەوە و یەكلاكردنەوەی تانەكان و پەسەندكردنی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، دوو مانگی پێویستە و ئەگەریش دەركەوت ساختەكارییەكی زۆر كراوە، رەنگە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەر هەڵبوەشێتەوە، بۆیە لەپێناو دروستبوونی بۆشایی یاسایی تەمەنی پەرلەمان درێژدەكرێتەوە".
هەرچۆنێك بێت چاوەڕەوان دەكرێت رۆژی یەكشەممە یان رۆژانی دواتر پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری چوارەمی یاساكە بكات و تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە تا رێوشوێنەكانی ئەژماركردنەوە تەواو دەبن و ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رادەگەیەنرێت و پەرلەمانی نوێ دەستبەكاردەبێت.
پێدەچێت پەرلەمان رەزامەندی دادگای فیدراڵی بەدەستهێنابێت، بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی، چونكە ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنەوە داویەتی، بەپێی قسەی هەندێك لە چاودێران جێبەجێكردنەكەی نزیكەی دوو مانگی پێویستە، ئەو كاتیش عێراق دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە.