Draw Media

ژەنەراڵەكانی شەڕ لە سودان

ژەنەراڵەكانی شەڕ لە سودان

2023-04-16 17:09:06


راپۆرت: درەو
10 ساڵ لەمەوبەر، عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی سودان میلیشیایەكی دروستكرد بۆ پشتیوانیكردن لە سوپای وڵاتەكەی لەشەڕی دژی یاخیبوانی دارفور، ئیمتیازی زۆری بە سەرۆكی ئەم میلیشیایە بەخشی، تەنانەت كانە ئاڵتونەكانی دارفوریشی پێدا بۆ ئەوەی لایەنداری میلیشیاكەی بەدەستبهێنێت، بەڵام كاتێك خۆپیشاندان دەستیپێكرد، بەشیر فەرمانی پێكرد خۆپیشاندەران سەركەوت بكات، ئەو بە قسەی نەكرد، رژێمی بەشیر كەوت، میلیشیاكە هەر مایەوە، ئێستا نزیكەی (100 هەزار) چەكداری هەیە‌و بوەتە هەڕەشە لەسەر سوپای سودان‌و چارەنوسی حوكمڕانی لەو وڵاتە، رەگوڕیشەی ناكۆكی ژەنەراڵەكان‌و شەڕو پێكدادانەكانی سودان لەم راپۆرتەدا. 

شەڕی بورهان‌و حەمیدتی
لەماوەی 24 كاتژمێر شەڕی نێوان (سوپا)‌و هێزی (پاڵپشتی خێرا) لە سودان، 56 هاوڵاتی مەدەنی كوژران، ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ لە شاری خرتومی پایتەخت پێكدادان بەردەوام بوو، ئەمە ململانێی دوو ژەنەراڵە لەسەر دەسەڵات كە هەردووكیان لەدوای كودەتاكەی 2021ەوە سەرۆكایەتی سودان دەكەن. 
بانگەوازی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی شەڕ زیادی كردووە، بەڵام تائێستا بانگەوازەكانی كەڵكیان نەبووە لە راگرتنی تەواوەتی شەڕەكەدا، دواین بانگەوازیان لەلایەن (چین)ەوە بوو. 
بەڵام پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو تەرەفی شەڕەكە رەزامەندییان لەسەر پێشنیازێكی نێودەوڵەتی نیشاندا بۆ كردنەوەی رێڕەوی سەلامەت بەمەبەستی گەیاندنی فریاگوزاری مرۆیی، سوپای سودان دەڵێ ئەم رێڕەوانە ماوەی سێ كاتژمێر بەردەوام دەبێت، هێزەكانی پاڵپشتی خێراش رایگەیاند، لە كاتژمێر 4ی ئێوارەوە بەكاتی سودان، كردنەوەی رێڕەوەكان دەستپێدەكات.
كۆمكاری عەرەبیش ئەمڕۆ كۆبونەوەیەكی نائاساییی تایبەت بە دۆخی سودان ئەنجامدا، ئەم كۆبونەوەیە لەسەر داوای میسرو سعودیە كرا كە دوو هاوپەیمانی سەرەكی سوپای سودانن دژ بەو هێزە نیمچە سەربازییەی كە دەیەوێت سوپا لە دەسەڵات بخات. 
لە دوێنێوە ئاڵۆزی پەیوەندییەكان لەنێوان (عەبدولفەتاح بورهان) فەرماندەی سوپای سودان‌و (محەمەد حەمدان دقلو- حەمیدتی) فەرماندەی هێزی پاڵپشتی خێرا سەریكێشاوە بۆ توندوتیژیی، بەتایبەتیش دوای توندبوونەوەی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوانیان لەم چەند هەفتەی دوایدا. 
لەم شەڕەدا كە لە پایتەخت‌و چەند شارێكی تری سودان روودەدات، هەموو جۆرەكانی چەك تا دەگاتە فڕۆكەی جەنگیی بەكاردەهێنرێت، ئەمە لە وڵاتێكدا روودەدات كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (45 ملیۆن) كەسە‌و بە یەكێك لە هەژارترین وڵاتانی جیهان دادەنرێت كە بەهۆی چەندین دەیە جەنگەوە لەبەریەك هەڵوەشاوە.  
ئەحمەد سەیف كە لەگەڵ هاوسەرو منداڵەكانیدا لە ناوچەیەكی خۆرهەڵاتی خرتوم دەژی، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی وتووە:" شەوێكی زۆر سەخت بوو. بەهۆی دەنگی تەقینەوە‌و شەڕە تەقەوە نەخەوتم". 
لەمەش خراپتر ئەوەیە، پێیوایە بەهۆی بۆردومانەوە زیان بەر ماڵەكەی كەوتووە، بەڵام دەڵێ:" ناوێرم بچمە دەرەوە تەماشای خانوەكەم بكەم" لەكاتێكدا گوللەی وێڵ هەیە‌و خەڵك بە جلی سەربازییەوە لە شەقامەكاندا دەسوڕێنەوە. 
ئەمڕۆش دەنگی بۆردومان لە شەقامە چۆڵكراوەكانی خرتوم دەبیسترا، كە بۆنی باروت تێیاندا بڵاوبوەتەوە. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش پزیشكەكان بەردەوامن لەسەر داوای یارمەتی‌و بانگەوازكردن بۆ رێڕەوی ئارام بۆ تێپەڕبوونی ئەمبوڵانسەكان‌و راگرتنی شەڕ بۆ چارەسەری بریندارەكان. 
ئێوارەی دوێنێ سوپا لەرێگەی فەیسبوكەوە رایگەیاند" هێزی ئاسمانی سودان پرۆسەیەكی روماڵكردنی تەواوەتی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدات كە میلیشیا پاخیبووەكانی هێزی پاڵپشتی خێرای تێدایە"، داوای لە هاوڵاتیان كرد پابەند بن بە مانەوە لە ماڵەكانیان‌و نەچنە دەرەوە. 
شایەتحاڵەكان باس لە روودانی شەڕ دەكەن بە چەكی قورس لەنێوان سوپا‌و هێزە نیمچە سەربازییەكاندا لە دەوروبەری باكور‌و باشوری پایتەخت.
لە خەرتومی پایتەخت خەڵكی مەدەنی بەكەمی دەبینرێت، ئەوەی هەیە پیاوانن بە چەك‌و جلوبەرگی سەربازییەوە دەسوڕێنەوە، لە دوێنێوە لە چەند ناوچەیەكی پایتەخت ستونی دوكەڵ دەبینرێت بەتایبەتیش لەناوەڕاستی شار كە دامەزراوە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی تێدایە.
بەپێی قسەی لیژنەی ناوەندیی پزیشكانی سودان كە رێكخراوێكی سەربەخۆ‌و پاڵپشتیكاری دیموكراتییە، كۆی ژمارەی كوژراوان گەیشتوەتە 56 كەس، زیاتر لە نیوەی كوژراوەكان لە خرتوم‌و دەوروبەریدان، ئەمە لەكاتێكدایە دەیان كەسی تر لە سەربازانی سوپا‌و هێزە نیمچە سەربازییەكە كوژراون‌و نزیكەی (600) كەسیش برینداربوون. 
لە وڵاتێكدا كە لەساڵی 2019وە هەوڵی رێكخستنی هەڵبژاردنێكی ئازاد دەدات دوای 30 ساڵ دیكتاتۆریەت، چەند هەفتەیەكە ململانێكان دەكوڵێن بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەر هەبێت، بۆیە دیار نییە  لە كۆتایدا كێ بەسەر كێدا سەردەكەوێت. 
هێزی پاڵپشتی خێرا كە هەزاران جەنگاوەری پێشووی جەنگی دارفور لەخۆدەگرێت‌و دەیەوێت ببێت بە هێزێكی هاوتای سوپا، رایگەیاند، بارەگای سەرۆكایەتی‌و فڕۆكەخانەی خرتوم‌و دامەزراوە سەرەكییەكانی تری كۆنترۆڵكردووە. 
بەڵام سوپا رەتیدەكاتەوە فڕۆكەخانەی كۆنترۆڵكرد بێت، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت هێزی پاڵپشتی خێرا فڕۆكەیەكی مەدەنی سەربە هێڵی ئاسمانی سعودیەی سوتاندووە. 
تەلەفزیۆنی حكومەتیش تەنیا گۆرانی نیشتمانی پەخش دەكات بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەك لەسەر رووداوەكان بكات، هاوشێوەی ئەوەی لەكاتی كودەتاكەی پێشوودا روویدا، هەردوو لایەنی شەڕەكە باس لەوە دەكەن تەلەفزیۆنیان كۆنترۆڵكردووە.
لەبەر ئەوەی شەڕەكە لەنێوان هەردوو ژەنەراڵەكەدا هاوكات جەنگێكی میدیایشە، دوێنێ حەمیدتی لەرێگەی كەناڵی هەندێك لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبیەوە قسەی كرد كە خۆی هاوپەیمانی هەندێك لەو وڵاتانەیە، هەڕەشەكانی دژی فەریقی یەكەم عەبدولفەتاح بورهان توندكردەوە، بورهان لەدوای شەڕەكەوە تائێستا دەرنەكەوتووە. 
حەمیدتی جارێكی تر داوای رۆشتنی "بورهانی تاوانبار"ی كرد، لەبەرامبەردا سوپا لە فەیسبوكی خۆیەوە یاداشتی گەڕانی بەدوای حەمیدتی بڵاوكردەوە. 
لەم كاتەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە چەند پەیوەندییەكدا لەگەڵ بورهان‌و حەمیدتی‌و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسردا، داوایكرد" بەشێوەیەكی خێرا توندوتیژییەكان رابگیرێت".

لەسەر چی ناكۆكن؟
لەدوای كودەتاكەی ئۆكتۆبەری 2021وە، ئەنجومەنی سەروەریی "سیادە" حوكمی سودان دەكات، دوو فەرماندەی سەربازیی لەناو دڵی ناكۆكییەكاندان كە ئەوانیش هەریەكە لە (عەبدولفەتاح بورهان)ی فەرماندەی هێزە چەكدارەكان‌و سەرۆكی فیعلی وڵات‌و (محەمەد حەمدان دقلو)ی ناسراو بە "حەمیدتی"یە كە فەرماندەی هێزی پاڵپشتی خێرایە. 
ئەم دوو پیاوە ناكۆكن لەبارەی ئەو ئاڕاستەی كە وڵات پێیدا دەڕوات، هەروەها ناكۆكن لەبارەی پێشنیازی چۆنیەتی راگواستن بەرەو حوكمڕانییەكی مەدەنیی لە سوداندا. 
یەكێك لە گرنگترین ئەو خاڵە بنەڕەتیانەی كە لەنێوان حەمیدتی‌و بورهاندا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ناكۆكییە لەبارەی پلانی تێكەڵكردنی هێزی پاڵپشتی خێرا كە (100 هەزار) چەكدارە لەگەڵ سوپادا، بەتایبەتیش لەبارەی ئەوە ناكۆكن دوای یەكگرتنی ئەم دوو هێزە كێ سەرۆكایەتی سوپا نوێیەكە دەكات. 
روودانی بەریەككەوتن لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا دوای چەند رۆژێك لە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی پاڵپشتی خێرا لە دەوروبەری پایتەخت روویدا، سوپا ئەم جموجوڵەی هێزی پاڵپشتی خێرای وەكو هەڕەشە ناوبرد. 
ئەوكات ئومێدێك هەبوو بۆ ئەوەی لەرێگەی گفتوگۆوە هەردوولا بگەنە چارەسەرێك، بەڵام ئەمە رووینەدا. 
هیشتا دیار نییە ئاخۆ لە بەیانی دوێنێدا كامیان سەرەتا دەستیان بە تەقەكردن كردووە، بەڵام مەترسی هەیە لەوەی ئەمە هێندەی تر دۆخی سودان بشێوێنێت كە خۆی هەر لە بنەڕەتەوە دۆخێكی ناسەقامگیرە. 

ژه‌نه‌راڵ عه‌بدولفه‌تاح بورهان

هێزی پاڵپشتی خێرا چییە‌و حەمیدتی كێیە ؟
ئەم هێزە ساڵی 2013 دروستكرا، ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ میلیشیای "جەنجەوید" كە شەڕی یاخیبوانی دارفۆری دەكرد. 
لەوكاتەدا، ژەنەراڵ حەمیدتی هێزێكی بەهێزی دروستكرد‌و چووە ناو ململانێ چەكدارییەكان لە یەمەن‌و لیبیا. ئەم پیاوە سەربە هۆزی (رزیقات)ە كە هۆزێكی بە رەگوڕیشە عەرەبە‌و لە هەرێمی دارقور لە خۆرئاوای سودان نیشتەجێبوون، لە بیستەكانی تەمەنیدا لە بازرگانی وشتردا لەنێوان لیبیا‌و مالی‌و چاد كاریكردووە، لەپاڵ ئەمەشدا ئەركی پاراستنی كاروانە بازرگانییەكانی لە خەڵكانی رێگر لەو ناوچەیە گرتوەتە دەست كە لەژێر كۆنترۆڵی هۆزەكەیدا بووە. 
لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا ناوبانگی پەیدا كردووەو سامانێكی زۆری كۆكردوەتەوە، ئەمە بوەتە هۆی ئەوەی لە عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی وڵات نزیك بكەوێتەوە، بەتایبەتیش كە ئەو سەردەمە حەمیدتی سەرۆكایەتی میلیشیایەكی گەورەی كردووە بۆ پاراستنی كاروانە بازرگانییەكان. 
حەمیدتی دەستی بەسەر ژمارەیەك لە كانەكانی ئاڵتوندا گرتووە لەناوچەی دارفور، عومەر بەشیر ئیمتیازاتی زۆری پێبەخشیوە، ئەمە وایكرد ژمارەی میلیشیاكەی بۆ نزیكەی (100 هەزار) كەس بەرزببێتەوە. 
حەمیدتی تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی پێشێلكاری دژ بە مافەكانی مرۆڤ، لەنێویشیاندا ئەو رەشەكوژییەی كە لە حوزەیرانی 2019 روویدا‌و زیاتر لە (120) خۆپیشاندەری تێدا كوژرا، ئەو دەسەڵاتانەی كە عومەر بەشیر بەم پیاوەی بەخشی بوو وەك دەوترێت بە سوپا نەبێت نادرێت، بەشیر چەكی سوك‌و ئۆتۆمبیلی سەربازی بە هێزەكەی حەمیدتی دابوو، ئەمەش ئەفسەرانی سوپای سودانی نیگەران‌و توڕە كردبوو، بەڵام حەمیدتی تا سەر وەفادار نەمایەوە، كاتێك بەشیر داوای لێكرد خۆپیشاندەران سەركوت بكات، خۆی بوارد. 
سەرچاوە خۆجێییەكان لە سودان دەڵێن هێزی پاڵپشتی خێرا كە حەمیدتی سەرۆكایەتی كردووە، بەشداری لە روخاندنی رژێمی عومەر بەشیردا كردووە‌و داوای لە حكومەتی سودان كردووە لەپێناو ژیانێكی شكۆمەندانەدا پێداویستییەكانی خەڵك دابین بكات، هەندێك لە سودانییەكان ئەم هەڵوێستەیان لەبیرەو ستایشی دەكەن، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێك لە خەڵكی تری وڵاتەكە ئەم هەڵوێستەی حەمیدتی وەكو "هەوڵێكی زیرەكانە"ی ئەو پیاوە ناودەبەن بۆ جوانكردنی وێنەی خۆی بەمەبەستی چاوپۆشیكردن لەو پێشێلكارییانەی مافەكانی مرۆڤ كە هێزەكەی لە دارفور ئەنجامیداوە. 
حەمیدتی بەهۆی ئەوەی هەڵگری پلەی "فەریقی یەكەم"ی پێدراوە، هەژمونی بەسەر ژمارەیەك لە فەرماندەكانی سوپای سوداندا هەیە‌و لەم  رێگەیەشەوە كۆنترۆڵی ناوچەیەكی فراوانی خرتومی پایتەختی كردووە. 
حەمیدتی بە هەماهەنگیی لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەردا، دۆسیەی هێزە سودانییەكانی بەشداری لەو هاوپەیمانێتییە گرتەدەست كە سعودیە سەرۆكایەتی دەكات دژ بە حوسییەكان لە یەمەن. 
ویلۆ بیردج نوسەری كتێبی "راپەڕینە مەدەنییەكان لە سودانی هاوچەرخ"دا دەڵێ" هێزەكانی پاڵپشتی خێرا تاوانیان لە دارفور ئەنجامداوە، جموجوڵەكانیشیان دوای كەوتنی بەشیر بەدبینی لای زۆر كەس دروستكرد، بەتایبەتیش یاخبوانی دارفور".
ساڵی 2003 یاخیبوانی دارفور حكومەتی خرتومیان تۆمەتبار كرد بەوەی لەڕووی ئابوری‌و سیاسییەوە ناوچەكانی ئەوانی پشتگوێخستووە، ئەمە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی ململانێیەكی چەكداریی لەنێوان هەردوولادا، بەپێی قسەی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی (300 هەزار) كەس لەم ململانێیەدا كوژراون، ئەمە سەرباری ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس لە ناوچەكانی خۆیاندا. ساڵی 2014 حكومەتی سودان (سادق مەهدی) رێبەری حزبی (ئومە)ی دەستگیركرد بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە هەڵسوكەوتی هێزەكانی پاڵپشتی خێرا گرتبوو كە هاوشانی هێزەكانی حكومەت لە دژی یاخیبوانی دارفور دەجەنگا. 
تاوەك ساڵی 2017 هێزەكانی پاڵپشتی خێرا سەربە دەزگای ئاسایش‌و هەواڵگری سودان بوون، دواتر خرانە سەر دامەزراوەی سوپا، سەرباری ئەوەی هیچ یەكێك لە ئەندامانی ئەم هێزە سەربازی نەبوون. 
بەوپێیەی ئەم هێزە لە دەرەوەی چوارچێوەی سوپا بووە، بۆیە هەمیشە وەكو سەرچاوەی ناسەقامگیریی لە سودان تەماشا كراوە. 

ژه‌نه‌راڵ حه‌میدتی

بۆچی سوپا حوكمی بەدەستەوەیە ؟
شەڕی ئێستای سودان دوای زنجیرەیەك كێشە دێت كە لەدوای لادانی (عومەر حەسەن بەشیر)ی سەرۆكی سودان لە 2019دا روویدا.
لەدوای لادانی عومەر بەشیر، ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر (ئینتیقالی) لە سودان پێكهات، هەموو ئەندامەكانی لە دامەزراوەی سەربازی سودان بوون جگە لە حەمیدتی كە هیچ رۆژێك لە رۆژان ئەندامی دامەزراوەی سوپا نەبووە، بەڵام سەرباری ئەمەش بە فەرمانی عومەر بەشیر پلەی (فەریقی یەكەم)ی پێدرابوو. 
ئەوكات لە شەقامەكانی وڵاتدا خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەكی گەورە سەریهەڵدا، خۆپیشاندەران داوای كۆتایهێنانیان كرد بە نزیكەی 30 ساڵ لە حوكمڕانی عومەر بەشیر، ئیتر سوپا ئیشەكەی كرد‌و سەركردایەتی كودەتایەكی كرد بۆ لادانی بەشیر. 
دوای كودەتاكە، خۆپیشاندەران‌و رەوتی مەدەنی سودان دەستیان كرد بە ناڕەزایەتییەكی نوێ، داوایانكرد رۆڵیان هەبێت لە پرۆژەیەكدا بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە سوپاوە بۆ حكومەتێكی مەدەنی دیموكراتی. 
حكومەتێكی هاوبەش لە خەڵكی مەدەنی‌و سەربازی دروستكرا، بەڵام لە ئۆكتۆبەری 2021دا كودەتایەكی نوێ كرا‌و حكومەتەكە كەوت. 
بەر لە چەند هەفتەیەك حەمیدتی رەخنەی لە كودەتاكەی 2021 گرت‌و وتی:" كودەتاكە دەرگای لەبەردەم گەڕانەوەی لایەنگرانی عومەر بەشیردا كردەوە‌و بەداخەوە كودەتاكە بوو بە دەرگایەك بۆ گەڕانەوەی رژێمی پێشوو"، لەمەشدا مەبەستی لە لایەنگرانی حزبی كۆنگرەی نەتەوەیی دەسەڵاتداری پێشوو بوو كە لە حكومەتی دوای كودەتادا پۆستیان پێدرا، حەمیدتی ئاماژەی بەوەكرد ئەو پشتیوانی لە خواستی خۆپیشاندەرانی پاڵپشتیكار لە دیموكراتیەت دەكات.  
لەدوای كودەتاكەی 2021وە ئیتر ململانێكان لەنێوان بورهان‌و حەمیدتی توندبووەوە، لە كانونی یەكەمی رابردوودا چوارچێوەی رێككەوتنێك دیاریكرا بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ حكومەتێكی مەدەنیی، بەڵام گفتوگۆكان لەبارەی جێبەجێكردنی وردەكاری ئەم رێككەوتنە شكستی هێنا.
عەبدولفەتاح بورهان لە شوێنی فەریق (عەوەز بن عەوف) وەزیری بەرگری پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەری وەرگرت، فەریق عەوەز تەنیا رۆژێك دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكە‌و لەكارخستنی عومەر بەشیر، دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە. 
عەوەز بن عەوف لە نیسانی 2019دا رایگەیاند، فەریق عەبدولفەتاح بورهانی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی سەربازی، بەوپێیەی لەلایەن هەموانەوە قبوڵكراوە، عەبدولفەتاح پۆستەكەی وەرگرت‌و سوێندی یاسایی خوارد. 
بورهان ناوێكی دیاری گۆڕەپانی سیاسی سودان نەبوو، وا ناسرابوو سەربازێكی بە دیسپلینە، هەموو پلەكانی بڕیوە‌و لە هێزی زەمینی وەكو ئەفسەر خزمەتی كردووە تا ئەوكاتەی بووە بە فەرماندەی هێزی وشكانی. 
لە شوباتی 2019دا، سەرۆك عومەر بەشیر گۆڕانكاری لە فەرماندەكانی سوپادا كرد، پلەی بورهانی لە (فەریقی روكن)ەوە بەرزكردەوە بۆ (فەریقی یەكەم)‌و پۆستی پشكنەری گشتی هێزە چەكدارەكانی پێدا، دوو مانگ دواترو لە نیساندا، بورهان پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی سەربازی لە شوێنی وەزیری بەرگری وەرگرت. 
ئۆكتۆبەری 2021، فەریق عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی، ئەنجومەنی سەروەری "سیادە"‌و ئەنجومەنی وەزیرانی هەڵوەشاندەوە، باری نائاسایی لە سودان راگەیاند، كاركردنی بە ماددەكانی بەڵگەنامەی دەستوریی راگرت. 
ئەمە دوای چەند كاتژمێرێك هات لە دەستگیركردنی چەند وەزیرو بەرپرسێك لەنێویاندا (عەبدوڵا حەمەدۆك)ی سەرۆك وەزیران، هەندێك لە هاوڕێكانی وا وەسفی عەبدولفەتاح بورهان دەكەن كە پیاوێكی میانڕەو سەربازێكی پابەندە دوور لە لایەنداری بۆ هیچ رێكخراوێكی سیاسی.
ریشەی بورهان دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتی (نەهری نیل) لە باكوری خرتومی پایتەخت، لەساڵی 1960 لە گوندی (قندقتو) لە خێزانێكی ئاینیی شوێنكەوتەی تەریقەتی (خەتمیە) لەدایكبووە، خەتمیە یەكێكە لە تەریقەتە سۆفیگەرییە گەورەكانی سودان.
سەرچاوەكان:
-    یۆرۆنیوز
-    بی بی سی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand