Draw Media

هەناردەی نەوت لە پرۆتۆكۆڵی پەرلەماندا

هەناردەی نەوت لە پرۆتۆكۆڵی پەرلەماندا

2023-04-16 09:40:53


 
راپۆرت: درەو
هێشتا حكومەتی فیدراڵ بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی نەبڕیبوو، پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك دەسەڵاتی ئەوەی بە حكومەت بەخشی نەوت هەناردەی دەرەوە بكات، ئەمە بناغەی جێبەجێكردنی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆبوو، ئەوكات ئاشتی هەورامی دەیوت" ئەم موجازەفەیە باشترە لەوەی بخنكێم‌و بوەستم بۆ رەحمەتی بەغداد"، پارتی‌و یەكێتیی پێكەوە یاساكەیان ئامادە كرد، بزوتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بوو، بەڵام دژی یاساكە نەوەستایەوە‌و ئاشكراكردنی گرێبەست‌و شیرینییەكانی نەوتی كردبوو بە مەرج بۆ رێگەدان بە جێبەجێكردنی "سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ"، ئێستا 10 ساڵ بەسەر دەرچوونی ئەو یاسایەدا تێدەپەڕێت، حكومەتی هەرێم ناچار بووە نەوت رادەستی بەغداد بكات‌و چاوەڕێیە بەغداد بودجەكەی جارانی پێ بداتەوە، وردەكاری زیاتر لەبارەی بناغەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ لەم راپۆرتەدا. 

ئامادەكاری بۆ سیاسەتێكی نوێ
كۆتاییەكانی مانگی نیسانی 2013، پەرلەمانی كوردستان دەستیكرد بە خوێندنەوەی پرۆژەیاسای (دیاریكردن‌و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق، لە داهاتەكانی فیدراڵ). 
ئامانجی سەرەكی ئەم پرۆژەیاسایە، پەسەندكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"‌و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ دەرەوە لەرێگای توركیاوە، حكومەت لەوكاتەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد‌و جێگرەكەشی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو (عیماد ئەحمەد).
ئەوكاتەی پەرلەمانی كوردستان ئەم پرۆژەیاسایەی پەسەندكرد، هێشتا حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی نەبڕیبوو، بەڵام قسەوباسی بەرپرسانی هەرێم لەبارەی ئەوەی ئاستی هەناردەی نەوت رۆژانە بۆ (یەك ملیۆن) بەرمیل بەرزدەكەنەوە، هەروەها دەستپێكردنی پرۆژەی دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستان، دەسەڵاتدارانی بەغدادی نیگەران كردبوو، ئەمە وایكرد، حكومەتی فیدراڵ لە پرۆژەیاسای بودجەی  2014دا لەبەرامبەر پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێمدا، داوای رادەستكردنی داهاتی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بكات، بەهۆی ناكۆكی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لەبارەی ئەم بڕگەی پرۆژەكەوە‌و دواتر سەرهەڵدانی شەڕی "داعش"، یاسای بودجەی 2014ی پەكیكەوت‌و عێراق لەو ساڵەدا یاسای بودجەی نەبوو.
نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، لەكۆتاییەكانی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا واتە لە سەرەتاكانی ساڵی 2014دا ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق راگرت، بەڵام پەرلەمانی كوردستان بەر لەمەو لە كۆتاییەكانی نیسانی 2013وە دەستی حكومەتی هەرێمی كردەوە بۆ ئەوەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ پەیڕەو بكات‌و نەوت بەشێوەی سەربەخۆو بەبێ رەزامەندی بەغداد، هەناردەی دەرەوە بكات. 
  
ئابوری سەربەخۆ بەگوێرەی یاسا
خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 2009 بۆ 2013 بەردەوام بوو، سەرۆكایەتیەكانی پەرلەمان و حكومەت دووساڵ بەدووساڵاَ دابەشكرابوو لە نێوان یەكێتی و پارتیدا، دووساڵی كۆتایی ئەرسەلان بایز لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرد، لەم خولەدا پارتی‌و یەكێتیی پێكەوە فراكسیۆنێكی هاوبەشیان هەبوو، لە كۆی (111) كورسی پەرلەمان (59) كورسیان هەبوو، سەرۆكی فراكسیۆنە هاوبەشەكەی پارتی‌و یەكێتیی (سۆزان شەهاب) بوو لە یەكێتیی، لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان وەكو فراكسیۆنێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن (25) كورسی هەبوو، گۆڕان كە یەكەم ئەزمونی كاركردنی بوو لە پەرلەمان، هێندە سەرەنجی لەسەر ئاشكراكردنی گرێبەست‌و داهاتی نەوت بوو، هێندە بایەخی بۆ لێكەوتەكانی پرۆسەی هەناردەی نەوت بەبێ رەزامەندی بەغداد نەبوو.
رۆژی 16ی نیسانی 2013 ئەم پەرلەمانە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای (دیاریكردن‌و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق لە داهاتی فیدراڵ) كرد، دوای تەنیا (7) رۆژ لە خوێندنەوەی یەكەم، لە رۆژی 23ی نیسانی 2013دا پەرلەمان پرۆژەكەی بەشێوەیەكی بەپەلە، پەسەندكرد، ئەم یاسایە بوو بە بنەما بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ" لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە. 
ئەم پرۆژەیاسایە كە بە هاوبەشی لەلایەن پارتی‌و یەكێتییەوە ئامادە كرابوو، دوای پەسەندكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، لە رۆژی 5ی ئایاری 2013دا لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستانەوە ئیمزای لەسەر كراو كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. 
یاساكە بەگشتیی لە (11) ماددە پێكهاتووە، ئەم یاسایە، ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوكاتی پابەندكردووە بەوەی: 
•    پاش دیاریكردن‌و خەمڵاندنی مافە داراییەكانی هەرێم، داوا لە حكومەتی فیدراڵی بكات، بەپێی یاسا شایستە داراییە خەمڵێندراوەكانی هەرێم بداتەوە، ئەمەش لە ماوەی (90) رۆژدا لە رێككەوتنی پێڕاگەیاندنی داواكارییەكەوە. 
•    لە حاڵەتی ئاگاداركردنەوەی حكومەتی هەرێم لەلایەن حكومەتی ئیتیحادییەوە بە ئامادەبوونی بۆ دانوستان دەربارەی شایستەكانی هەرێم، لەماوەی (30) رۆژ لە رێكەوتی وەرگرتنی داواكارییەكەی هەرێم یان بەسەرچوونی (90) رۆژ بەسەر رێكەوتی دەستپێكردنی دانوستان بەبێ گەیشتن بە پێكهاتنێك لەنێوان هەردوولا یان رەتكردنەوەی داواكارییەكانی هەرێم بەشێوەیەكی نائاشكرا یان ئاشكرا یان بێدەنگبوون لە ئاستیەوە، ئەوا پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم ئەو رێكارانەی بە گونجاویان دەبینێت بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە بۆ وەرگرتنی مافە داراییەكانی خۆی بگرێتەبەر، لەنێویشیاندا بەرهەمهێنان‌و هەناردەكردن‌و فرۆشتنی نەوتی خاو و گاز بۆ پڕكردنەوەی سەرجەم ئەو بەركەوتانە كەوا حكومەتی ئیتیحادی خۆی دەگرێت لە دانەوەیان.
دیارترین ئەو مافە داراییانەی كە ئەم یاسایە لەسەر حكومەتی فیدراڵی چەسپاندووە بیداتەوە بە هەرێمی كوردستان ئەمانەن: 
•    هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا لەو كێڵگانەی ئێستا بەرهەمهێنانیان تێدا دەكرێت، بەشداری كرداریی هەبێت لە پرۆسەی (بەبازاڕكردنی نەوت‌و گازی بەرهەمهێنراو)، لەو كێڵگانەشی كە لەداهاتوودا بەرهەمهێنانیان تێدا دەكرێت، دەسەڵاتی تاقانە (حصری) بۆ هەرێم بێت لەنێویشیاندا دەسەڵاتی (بەبازاڕكردنی نەوت‌و گاز). 
•    پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق رێژەی 17% بێت، تا ئەوكاتەی سەرژمێری گشتی لەعێراق بەڕێوەدەچێت. 
•    پێدانی پشكی پارێزگاكانی هەرێم لە پترۆدۆلارو قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی سیاسەتەكان ی رژێمی پێشووی عێراقەوە بەر كوردستان كەوتوون. 

ئابوری سەربەخۆ بەپێی پرۆتۆكۆڵ
كاتژمێر (10)ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 23/4/2013، پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ژمارەی (10)ی خۆی بەڕێوەبرد، تەوەری یەكەمی دانیشتنەكە (خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی پرۆژەیاسای دیاریكردن‌و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق لە داهاتی فیدراڵ) بوو. 
بۆ ئەم دانیشتنە هەریەكە لە (بایز تاڵەبانی) وەزیری دارایی لە پشكی یەكێتیی، (ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سروشتییەكان لە پشكی پارتی‌و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بانگهێشت كرابوون. 
بەگوێرەی ئەوەی لە پرۆتۆكۆڵی ئەم دانیشتنەی پەرلەماندا تۆماركراوە، كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وەكو بەهێزترین فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی ئەوكاتی ناو پەرلەمان، لەبارەی پرۆژەیاساكەوە قسەی كردووە، پرۆژەكەی بەتەواوەتی رەتنەكردوەتەوە، بەڵام دوو تێبینی تۆماركردووە كە ئەمانەن: 
•    بۆ ئەو پرۆژە یاسایانەی كە پەیوەندی بە نەوت‌و كۆمپانیاكان‌و داهاتی نەوتەوە هەیە نایهێننە موناقەشە؟ پرۆژە یاسایەك كە 16ی مانگ خوێندراوەتەوە هێشتا لیژنەكە دوێنێ بەدەستی گەیشتیە بەو پەلەپەلە دەیهێنن دەیخوێننەوە، ئەمە بەو مانایە نیە ئەمە پێچەوانەی ئەوە بین كە یاسایەك هەبێ بەپێی دەستور دیفاع لە مافە داراییەكان‌و دەستورییەكانی هەرێم بكات..
•    لە هەرێمی كوردستان تا چەند ئەو داهاتانە شەفاف دەبێ بەتایبەتی داهاتی نەوت، ئەوە بەڕێزان لێرە دانیشتوون، وەزارەتی دارایی‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبێ ئەم مەسەلەی پرۆژەی نەوتە یەكلایی بكەنەوە، ئینجا دوایی قسە لەسەر ئەو یاسایە بكەین بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاری لە مافە دەستوری‌و داراییەكانی خۆمان بكەین. 
سۆزان شەهاب سەرۆكی فراكسیۆنی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی دەست بەرزدەكاتەوە‌و وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەداتەوە، بەرگری لەوە دەكات  بەشێوەی بەپەلە، پرۆژەیاساكە تێپەڕێندرێت‌و بە یاسایەكی گرنگ ناوی دەبات. 
هەردوو پەرلەمانتار (ناسك تۆفیق) لە فراكسیۆنی یەكگرتوو هەروەها (كوێستان محەمەد) لە فراكسیۆنی گۆڕان داوا لە ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمان دەكەن، پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە دوابخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو بۆ ئەوەی زیاتر دیراسە بكرێت. 
ئەرسەلان بایز داواكاری دواخستنی پەسەندكردنی یاساكە دەخاتە دەنگدانەوە، تەنیا (19) كەس پشتیوانی دواخستنی یاساكە دەكەن لەكاتێكدا تەنیا فراكسیۆنی گۆڕان خۆی (25) كورسی هەیە، ئەمە جگە لە كورسییەكانی یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامیی‌و لایەنەكانی تری دەرەوەی پارتی‌و یەكێتیی. 
لەسەر بنەمای دەنگدانەكە، سەرۆكی پەرلەمان درێژە دەدات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاساكە، دوای خوێندنەوەی بڕگەی یەكەم، وتەی پەرلەمانتاران وەردەگرێت: 
•    سەرهەنگ فەرەج لە فراكسیۆنی گۆڕان: بە بڕوای من ئەم یاسایە بۆ فرۆشتنی نەوتە لەرێگای توركیاو هیچ مەبەستێكی تر نییە.
•    عەبدولسەلام مستەفا كە پارتییە‌و لە (لیستی كوردستان)ی  پارتی‌و یەكێتییە وەڵامی دەداتەوە: هاوڕێم هانی دام جارێكی تر یاساكە بخوێنمەوە، وشەی توركیام لەناو یاساكەدا نەدۆزییەوە، ئەگەر دۆزیتەوە پیشانم بدە. 
لێرەدا مشتومڕ لەنێوان پەرلەمانتاران دروستبوو، لەم كاتەدا ئەرسەلان بایز سەرۆكی پەرلەمان چوەتە دەرەوە‌و (حەسەن محەمەد سورە) جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئیدارەی دانیشتنەكە دەدات كە سەربە پارتییە. 
سورە داوا لە پەرلەمانتاران دەكات وەختێ قسە دەكەن روو لە سەرۆكایەتی بكەن‌و بۆیان نییە لەكاتی قسەكردندا روو لە یەكتری بكەن. 
•    حەمە سەعید حەمە عەلی لە لیستی یەكگرتوو (لیستی هاوبەشی یەكگرتوو كۆمەڵ ناوی لیستی خزمەتگوزاری‌و چاكسازییە): ئایا ئەم یاسایە بەهێزە یان دەستوری عێراق، لە دەستوری عێراقدا تەئكید لەوە كراوە دەبێت حكومەتی فیدراڵ شایستەكانی هەرێمی كوردستان بدات، كەواتە ئەم یاسایە نەشبێت ئێمە دەتوانین بەپێی دەستور داوای موستەحەقاتی خۆمان بكەین، دەبێت  لێپرسینەوە لە حكومەت بكەین بۆچی لە ساڵانی رابردوودا بەپێی دەستور داوای موستەحەقاتەكانی نەكردووە.. ئایا شەفافیەت لە داهاتی نەوتدا هەیە ؟ كوا؟
•    ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەڵامی دەداتەوە: ئەم یاسایە بۆ شەفافیەت نییە، بۆ ئیستیحسالی مافی خۆمانە كە لە دەستوردا هاتووە، ئێمە ئامادەین هەرچی داواكاری پەرلەمان هەیەتی لە داهاتی نەوت‌و شیرینییەكان بێین لێرە هەمووی خاڵ بە خاڵ بڵێین، هیچمان نەشاردوەتەوە، شەفافیەت لە كوردستان لە هەموو شوێنەكانی تری عالەم بەرزترە بەتایبەتی عێراق..
•    كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەستی بەرزكردەوە، حەسەن سورە جێگری سەرۆكی پەرلەمان رێگای پێدا قسە بكات، ئەو وتی: ئێمە پێشنیاز دەكەین 20 خولەك كاتمان بدەنێ وەكو فراكسیۆن بۆ كۆبونەوە، بۆ ئەوەی نەچینە ناو دەنگدان‌و توشی ئیشكاڵاتی ئێوە بین، حەقی خۆمانە. 
•    حەسەن سورە: بەس خراپە دەنگدان، تەصویت لەسەر ئەو ماددەیە دەكەین، ماددەیەكی تەعریفییە، نیو سەعات كۆبونەوەكە تەئجیل دەكەین. 
دوای پشووەكە، ئەرسەلان بایز گەڕایەوە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنەكە، ماددەی یەكەمی خستە دەنگدان‌و بە زۆرینەی دەنگی (60) پەرلەمانتار پەسەند كرا. 
پاشان داوای كرد ماددەی دووەمی یاساكە بخوێندرێتەوە، خوێندرایەوە، پاشان سەرۆكی پەرلەمان وتەی پەرلەمانتارانی وەرگرت. 
ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان بەشدارن لە گفتوگۆكاندا، جەخت لەسەر شەفافیەتی داهاتی نەوت دەكەن، بەڵام تێبینی خۆیان لەسەر یاساكە دەدەن‌و یەكێكیان (نەریمان عەبدوڵا) دەڵێ:" حكومەتی فیدراڵی هەمیشە فێڵی لە حكومەتی هەرێم كردووە، بۆیە من پشتیوانی ئەم ماددەیە دەكەم".
•    ناسك تۆفیق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو: من بەپەلە ئێستا نیو سەعاتێك سەیرێكم كرد، تەنیا لە یەك ماددە شتێكی تێدایە دەڵێ ئەگەر حكومەت (مەبەستی حكومەتی فیدراڵە) ئیلتیزامی نەكرد بە دەفعی مالییەكانی خۆی، ئێمە بۆمان هەیە پڕكردنەوەی ئەو كەموكورتیانە بكەین بە هەر رێگەو شوێنێك كە حكومەتی هەرێم پێی باشە. ئایا ئەمە دەگونجێ لەگەڵ دەستوردا؟ ئایا ئەمە كێشەمان بۆ دروست ناكات؟
•    سالار مەحمود لە فراكسیۆنی یەكێتیی: دەبوو حكومەت بۆ ئەم شەڕەی خۆی زوتر پەرلەمانی هاوبەش بكردایە..حكومەتی ئیتیحادی كۆمەڵێك رێوشوێنی نێودەوڵەتی گرتوەتەبەر بۆ بردنەوەی ئەم شەڕە ئابوری‌و سیاسییە..
•    عەونی كەمال بەزاز لە فراكسیۆنی یەكێتیی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بودجەی حكومەتی عێراقی لە ساڵانی 2007 تا ئەمڕۆ ئەو مافانەی لەوێ تەسبیت كراوە، بەپێی ئەم قانونە دەتوانین وەریبگرینەوە. 
•    كوێستان محەمەد‌و نەریمان عەبدوڵا لە فراكسیۆنی گۆڕان داوا دەكەن شایستەی پێشمەرگە لەناو یاساكەدا بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵ بیدات. 
ماددەی دووەمیش خرایە دەنگدان‌و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا، پاشان خوێندنەوە بۆ ماددەی سێیەم دەستی پێكرد. 
•    ناسك تۆفیق لە یەكگرتووی ئیسلامی: كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغداد تائێستا ئەوەیە ئەوان تائێستا یاسای نەوت‌و  غازیان نییە.
•    ئاشتی هەورامی: سەبەبی جەوهەری ئێمە كە ئەم یاسایە دەردەكەین، بەغداد رەفزی كردووە یاسا دەربكات، خۆی لە دەستوردا دەڵێ مافمان چییە، بەڵام دەڵێ بە یاسا رێكدەخرێت، قانونەكەش ناكات‌و مافەكەش وەرناگری، ئێمە هینەكەمان هێناوەتە لای خۆمان بەیاسا داوای حقوقی خۆمان دەكەین. 
•    ئاشتی عەزیز ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان تێبینی هەیە، دەڵێ زۆرێك لە خاڵەكانی ناو ئەم ماددەیە دووبارەكردنەوەیە‌و دژ بەیەكی تێدایە. 
•    ئاشتی هەورامی وەڵامی دەداتەوە: ئەم یاسایە تەبعەن ئێمە دەتوانین زۆر كورتی بكەینەوە بیكەین بە دوو لاپەڕە، حكومەتی هەرێم نامەیەك بنوسێ بۆ بەغداد لەماوەی (60) رۆژدا ئەمەمان بۆنەكەن، ئێمە نەوتی خۆمان دەفرۆشین، ئەمە هەدەفەكەیە، بەڵام دەبێت ئالیەت دابنێی.
ماددەی سێیەمیش خوێندرایەوەو بە تێكڕای دەنگ پەسەند كرا، پاشان خوێندنەوەی ماددەی چوارەم دەستیپێكرد، تێبیییەكان لەسەر ئەم ماددەیە وەرگیرا، بەڵام نەخرایە دەنگدانەوە تا سەرلەنوێ ماددەكە دادەڕێژرێتەوە، تا داڕشتنەوەی ماددەی چوارەم، سەرۆكی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ ماددەی پێنجەم دەستپێكرد‌و پاشان بە زۆرینەی دەنگ ماددەی چوارەم پەسەندكرا.  
•    دڵشاد حسێن ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان: بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەكان بۆمان روون بكاتەوە، ئەمساڵ تەقریبەت 16 بۆ 17 ترلیۆن دینار لە بەغداد وەرگیراوە، ئێوە لە دەرهێنان‌و ناردنە دەرەوەی نەوتدا هەرێمی كوردستان ناخەنە ژێر ئەزمەیەكی مالییەوە؟ ئەی ئەگەر بەغداد بوجەكەی بڕی؟ 
•    سۆزان شەهاب سەرۆكی فراكسیۆنی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی: ئێمە دەبێت سەربەخۆیی دارایی خۆمان بەدەستبهێنین. 
•    ئاشتی هەورامی: كوردستان لەسەر خەریتەی عالەمی تاقەیە، من دەڵێم ئەم موجازەفەیە باشترە لەوەی بخنكێم‌و بوەستم بۆ رەحمەتی بەغداد.. ئەگەر ئەم یاسایەمان بەدەست بایە، دوو ساڵ لەمەوپێش من دەمتوانی پارەی پێشمەرگە بدەم، بەپێی یاسایە كە ناتوانین ئینتاج بكەین‌و نەوت بفرۆشین..
ماددەی تر بە هەمان میكانیزم خرانە دەنگدان‌و پەسەندكران، كۆتا ماددەی یاساكە كە دەنگدانی لەسەر كرا، تەنیا (12) كەس دژ بوون، ئەرسەلان بایزی سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی پێهێناو لە دوا قسەدا وتی:" ئومێد دەكەین ئەمە ببێتە خێرو بەرەكەت بۆ میللەتەكەمان".
بۆ خوێندنەوەی دەقی پرۆتۆكۆڵی دانیشتنەكە كلیك لەسەر ئەم فایلە بكە:

https://www.parliament.krd/media/4710/%D9%BE%D8%B1%DB%86%D8%AA%DB%86%D9%83%DB%86%D9%84%DB%8C-%DA%98%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%87-91%DB%8C-%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%86%D9%87-%D9%83%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%8C-2013.pdf?fbclid=IwAR1mYsuMkbb7aviYmv0XEKzrkYZaRrAwBGbrEMvGI_ABIipmjuW3EKlcncA

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand