Draw Media

مۆندیالی 2018: میسی تووشی چی بووە؟

مۆندیالی 2018: میسی تووشی چی بووە؟

2018-06-22 07:51:20


(درەو میدیا):
رەنگە وێنەی لیۆنێل میسی یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرجەنتین، لە كاتێكدا كە بە غەمباری بەرەو ژووری خۆگۆڕین دەڕوات دوای ئەو شكستە گەورەیەی لەسەر دەستی كرواتیا دووچاری ئەرجەنتین بوو،  ببێتە یەكێك لە دیاترین وێنەكانی جامی جیهانی 2018 لە روسیا..
ئەوە دووەم یاریی بوو كە تێیدا " باشترین یاریزانی جیهان بۆ پێنج جار" نەیتوانی گۆڵێك تۆماربكات، یان هاوكاری تیپەكەی بكات بۆ تۆماركردنی گۆڵ یان بردنەوە، بەڵكو لە یاریی یەكەمی تیپەكەشدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئایسلەنداە كە بە یەكسانبوونی بێ‌ گۆڵ كۆتایی هات لێدانێكی سزای بە فیڕۆدا.
ئێستا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای ئەو ئەنجامە خراپانەی لەبەردەم هەڕەشەی دووەم ماڵئاواییكردندایە لە مۆندیال لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا لە پاڵەوانێتی 2002 و یەكەم دەركەوتنی میسی لە جامی جیهانیدا.
میسی تەمەن 30 ساڵ لەرووی عەمەلییەوە هەلێكی تری لەبەردەمدایە بۆئەوەی لە مۆندیالی داهاتوو 2022 بەشداری بكات، بەڵام بەرای ژمارەیەكی زۆر لە رەخنەگران، رەنگە مۆندیالی روسیا دوا هەلی میسی بێت بۆئەوەی جامی پاڵەوانێتییە بباتەوە و بگەڕێتەوە ئەرجەنتین، میسی تائێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی جگە لە مەدالیای ئاڵتونی ئۆڵۆمپیادی بەیجین  لە ساڵی 2008 هیچ دەستكەوتێكی نەبووە.
هەروەها میسی ئەمساڵ  لەگەڵ تیپە ئیسپانیەكەشی بەرشەلۆنە، وەرزێكی قورسی بەڕێكردن سەرەڕای بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانیا و جامی شا، بەڵام لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا شكستیهێنا و بۆ سێیەم وەرز لەسەریەك لە چارەكی كۆتاییدا پاڵەوانێتییەكەی بەجێهێشت و گۆڕەپانەكەی بۆ نەیارە كلاسیكییەكەی ریاڵ مەدرید بەجێهێشت تا بە سەركردایەتی كریستیانۆ رۆناڵدۆ كۆنترۆڵی كیشوەری ئەوروپا بكات.
چەندین هۆكار هەن كە دەكرێت نەهامەتیی میسی لەم وەرزدا پێ لێكبدرێتەوە، لەوانە:
یەكەم:  ماندووبوونی جەستەیی: لە مانی وەرزی رابردوو 2017/ 2018 میسی 54 یاری كردووە كە لە وەرزی 2014/ 2015ەوە ئەو بەرزترین تێكڕایە و یەكێكە لە ژمارە باڵاكانی ئەم پێنج ساڵەی دوایی، بە گوێرەی سایتی  Transfermarket ی تایبەت بە ئامار، میسی 4468 خولەك یاریی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەرزەكەی بە تۆماركردنی 45 گۆڵ و 18 پاسی یەكلاكەرەوە كۆتایی پێهێنا.


دووەم: پێكانێكی سوك: لە نیسانی 2018 رۆژنامەی كلارینی ئەرجەنتینی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتەوە رایگەیاند كە میسی بەدەست پێكانێكەوە لە ئێسكی رانی راستیدا دەناڵێنێت و ئەوەش كاریگەری دەبێت بۆسەر راكردن و گۆڕینی خێرایی، ئەو كێشەیەش بە زەقی ئاشكرابوو، كاتێك میسی لە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەكەدا نەبوو بۆ یارییە دۆستانەكانی پێش مۆندیال بەرامبەر بە ئیتالیا و ئیسپانیا و تیپەكەی بینی كە 6-1 بەرامبەر بە ئیسپانیا دۆڕا.
سێیەم: تیپی ئەرجەنتین لە باشترین دۆخیدا نییە: ئەرجەنتین زۆر بە زەحمەت بۆ مۆندیالی روسیا سەركەوت و دوای چەند ئەنجامێكی خراپ لەكاتی یارییەكانی پاڵەوتندا توانی لە رێگەی یاری پاشكۆوە دوا بلیتی سەركەوتن بۆ مۆندیال مسۆگەر بكات و میسیش وەك هەمیشە گۆڵكاری تیپەكە بوو حەوت گۆڵی تۆماركرد، بەڵام تیپەكەی لە رەخنەی هاندەران و میدیاكان لەسەر ئاستی لە رەخنە دەربازی نەبوو.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی رابردوودا كە لەبەرازیل بەڕێوەچووە، گەیشتە یاری كۆتایی پاڵەوانێتییەكە و بە تاكە گۆڵێك لە كاتی زیادكراودا نازناوەكەی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەدەستدا، و  لە ساڵی 1986یشەوە كە لە رێگەی مارادۆناوە جامی جیهانی بەدەستهێنا، ئەو هەڵبژاردەیە دەستكەوتێكی ئەوتۆی نەبووە.


چوارەم: ئامادەیی هەمیشەیی وێنەی رۆناڵدۆ: ئەوەی كێشەكانی میسی زیاتركردووە، دەركەوتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ركابەرییەتی بە ئاستێكی بەرز لەگەڵ هەڵبژاردەی پرتوگالدا، كە ماوەی 10 ساڵە ركابەرییەكی توند و بەراوردكاریی لە نێوانیاندا هەیە، بەشداری رۆناڵدۆ لە مۆندیالدا تائێستا باشە و مایەی سەرنجە،  لەیەكەم یاریی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیدا سێ‌ گۆڵی لە ئیسپانیا تۆماركردووە و پاشان بە گۆڵێكی تر تیپەكەی سەرخست و سێ‌ خاڵی گرنگی بەرامبەر بە مەغریب بەدەستهێنا و هەتا ئێستا وادەردەكەوێت كە رۆناڵدۆ راناگیرێت و پێش دوو ساڵیش ئەوەی رۆناڵدۆ كردی میسی نەیتوانیوە بیكات، رۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی نازناوی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا" یۆرۆی 2016" ی بەدەستهێنا، لە كاتێكدا ئەرجەنتین لە ساڵی 1993 ەوە جامی ئەمریكای باشوور ( كوبا ئەمریكا)ی بەدەستنەهێناوە.
سەرچاوە: بی بی سی

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand