Draw Media

بۆچی پەرلەمانی عێراق دەنگدانی تایبەتی هەرێمی هەڵوەشاندنەوە؟  

بۆچی پەرلەمانی عێراق دەنگدانی تایبەتی هەرێمی هەڵوەشاندنەوە؟  

2018-06-21 21:07:18


(درەو میدیا):  
"من لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوەو جوڵەی دانیشتوان و ئاوارەو دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان، پێشنیازی ئەوەم كرد هەركاتێك دەركەوت سندوق یان وێستگەیەكی دەنگدان رێژەی ساختەكاری تێدا زۆرە، ئەو وێستگەیە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام ئەو پێشنیازە دەنگی نەهێنا" ئەمە وتەی ئەمین بەكر سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانە لە پەرلەمانی عێراق كە هاوكات ئەندامی لیژنەی یاساییە.

ئەمین بەكر وتى:" دانانی ئەو بڕگەیە لەژێر فشاری سوننەكان بوو، چونكە ئەگەر ئەو بڕگەیەی بۆ زیادنەكرایە، سوننەكان بەشداری كۆبونەوەكەیان نەدەكردو بەوەش نیساب تەواو نەدەبوو". 
سەبارەت بە بیرۆكەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان، ئەمین بەكر باس لەوە دەكات " كاتێك گفتوگۆكرا لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان، سەرەتا ئەوان ویستویانە ئەو هەنگاوە لەرێگەی بڕیارێكەوە  بگەیەنن بە كۆمسیۆن، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ملی نەداوە، بۆیە بڕیاريانداوە لە رێگەی هەمواری یاساكەوە هەنگاوەكە هەڵگرن، بەتایبەت دوای ئەوەی چاويان كەوتووە بە ئەنجومەنی دادوەری كە پێییان راگەیاندون  لەرێگەی یاساوە نەبێت ئێمە ناتوانین تەداخولی ئەو پرسە بكەین". 
سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت" لە هەندێك شوێن، هەندێك ناوەندی دەنگدان ساختەكاری بە ئەندازەیەك كراوە كە مەجالی چارەسەری نیە، بەتایبەت دەنگدانی دەرەوەو ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوان و ئەوەی تریشیان دەنگدانی تایبەت بوو" تەنانەت " لە دەنگدانی تایبەتدا وێستگەی وەهمی تێدایە  كە ئەوەش لە كۆمسیۆن ئەو وێستگانە ژمارەی هەیە، بەڵام بەكردەكی نەكراوەتەوە، خەڵكی نازانن ئەو وێستگانە هەیە تا بچن لەوێ دەنگەكانيان بدەن، ئەمانە دانراون بۆ ئەو كارتانەی كە لای خۆیان دانراون، دوایی خۆیان دەچن ئەو وێستگانە پڕدەكەن".
ئەمین بەكر ئاماژە بە چەندین جۆر ساختەكاری دەكات لە دەنگدانی تایبەتدا" سێ جۆر ساختەكاری كرابوو لە دەنگدانی تایبەتدا، یەكەمیان لە رێگەی پرۆگرامی ئامێری دەنگدانەوە كراوە، ساختەكاریەكی تر لە رێگەی فشارەوە، كە ئەوانەی دەنگ نەدەن بە لایەنێكی دیاریكراو توشی لێپرسینەوەو سزادان دەبن، جۆری سێیەم بەكارهێنانەوەی كارتی دەنگدانی بەدیلە واتا لەبری كەسێكی دیكە دەنگیانداوە، ئەوانەی لەدەنگدانی تایبەتدا دەنگیانداوە كارتە كۆنەكانیان تەسلیم نەكردۆتەوەو دووبارە دەنگیانپێداوەتەوە، ئەمەشیان لە رێگەی راگرتنی ئامێری بەسمەكەوە، بۆ ئەوەی كە بەروارد نەكرێت و لەیەك نەچێت".
سەبارەت بە پێشنیازەكانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگانە ئەمین بەكر دەڵێت" ئێمە لە لیژنەی یاسایی دوو دەقمان داڕشت، بەم شێوەیە:
دەقی یەكەم/ ئەو ناوەندانە رەتبكرێنەوە هەركات دەركەوت كە ساختەكاریان تێداكراوەو قابیلی چارەسەركردن نیە، بەم شێوەیە ( دەنگدانی دەرەوەو جوڵەی دانیشتوان و ئاوارەو تایبەت هەڵدەوەشێنەوە هەركات دەركەوت ساختەكاری گەورەی تێدا كراوە )، خۆمان پێش بینی ئەوەمان كردبوو كە ئەم خاڵە پێدەچێت  ئیشكالیەتی یاسایی بۆ درووست بێت بۆیە خاڵكی ترمان دانا. 
دەقی دووەم/ ئەمەیان پێشنیاری من بوو ئەویش ئەوە بوو ( هەركاتێك دەسەڵاتی دادگای تایبەتمەندی سەیركردنی تانەكانی هەڵبژاردن، بۆی دەركەوت سندوق یان وێستگەیەكی دەنگدان رێژەی ساختەكاری تێيدا زۆرە، ئەو وێستگەیە هەڵبوەشێتەوە )". 
ئەمین بەكر جەخت دەكاتەوە كە لەژێر فشاری سوننەكاندا ئەو دەقە دانراوە" ئەگەر ئەو پێشنیازەمان تێنەكردایە، سوننەكان نەئەهاتنە دانیشتنەكەوەو بەوەش نیسابی یاسایی تەواو نەدەبوو، بەڵام پاشگرێكمان بۆ زیادكرد ئەوەیش بەم شێوەیە ( ئەگەر دەركەوت ساختەكاری تێدایە)، بەڵام كە چوینە هۆڵی كۆبونەوەكانەوە لە گفتوگۆكاندا پاشگرەكەیان لێ لابرد".
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر ئەو كات بە پێشنیازەكەی رازی بونایەو لە پەرلەمان دەنگی  پێویستی بهێنایە، ئێستا دادگای فیدراڵی رەتی نەدەكردووە، چونكە" بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هاتۆتەوە سەر دەق و پێشنیازەكەی لیژنەی یاسایی كە دەڵێت ئەو كات دەنگەكان هەڵدەوەشێتەوە كە سەلمێنرا ساختەكاری تێدا كراوە، ئەمە ئەو دەقەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانە كە لە ناو هۆڵی پەرلەمان دەنگی پێویستی نەهێنا".   

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand