Draw Media

سەدر هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان راگەیاند

سەدر هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان راگەیاند

2018-06-21 17:57:08


( درەو میدیا):
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی " سائرون" كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا بە نۆ خاڵ هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق و جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان ئاشكراكرد.
سەدر لە راگەیەندراوێكدا كە نوسینگەكەی بڵاویكردەوە دەڵێت چەند ئامۆژگارییەك دەخەمە بەردەستدان كە بۆ دووبارە جیاكردنەوەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان سودیان دەبێت:
یەكەم: پێویستە لەسەر هەموان خۆیان بگرن و گوێڕایەڵی یاسا بن، ئەگەر قەناعەتیشیان پێی نەبوو.
دووەم: ئامۆژگاری دادوەریی عێراق دەكەین پابەندی بێ‌ لایەنی بێت لە پرسی جیاكردنەوەی و ئەژماركردنی دەنگەكان و پێویستە لەسەری ماوەیەكی زەمەنی دیاریبكات كە درێژ نەبێت.
سێیەم: لە حاڵەتی دواكەوتنی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان تا یەكی مانگی حەوتی ئەمساڵ، ئەوا پێویستە لەسەر حكومەت پابەندی یاسا بێت و دەسەڵاتەكانی فراوان نەكات و بۆشایی دەستوری نەقۆزێتەوە كە بە مەترسییەك دادەنرێت دەبێتەوەی هۆی ئەوەی كە كۆتاییەكەی مەترسیداربێت و دڵخوازی هیچ كەسێك نەبێت.
چوارەم: ئامۆژگاری كوتلە سیاسییەكان دەكەین بەردەوام بن لە بەدەمەوەچوونی بەدیهێنانی گفتوگۆی جدیی لە پێناوی بەدیهێنانی هاوپەیمانێتی گونجاو كە چاكسازیی راستەقینە رەچاوبكات.
پێنجەم: مەترسی ئەوە هەیە كە جیاكردنەوەی و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان، سەرەتایەك بێت بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژادنەكان و دەستدرێژیكردنە سەر دەنگی دەنگدەران، بەوەش پرۆسەی دیموكراتی زیندەبەچاڵ دەكرێت و رێژەی بەشداریی لە داهاتوودا كەمدەكاتەوە.
شەشەم: ئامۆژگاری هێزە ئەمنییەكان دەكەین ئەم جۆرە بڕیارانە كاریگەری نەرێنییان لەسەر دروست نەكات، ورەیان لاواز نەبێت و بەئاگابن ، هێشتا وڵات لە مەترسیدایە.
حەوتەم: پێویستە لەسەر گەل هۆشیاربێت كە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن كەوتوەتە دەستی گەندەڵكاران و چاوچنۆكانی دەسەڵات و پێویستە لەسەری ئاگاداری كاری خۆی بێت وگەندەڵ و چاكەكار لە یەك جیابكاتەوە.
هەشتەم: ئەگەر ئەم بڕیارانە بۆ زیندەبەچاڵكردنی بێت، ئەوا چاكسازیی سەردەكەوێت هەروەك چۆن یەكەمجار سەركەوت، لەبەرئەوە هیوادارین ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان سەرەتایەك نەبێت بۆ گەڕاندنەوەی گەندەڵكارە گەورەكان.
نۆیەم: ئامۆژگاری دەكەین كە كاری وەزارەتەكان بەردەوام بێت، بە تایبەتی وەزارەتی خزمەتگوزارییەكان، بە جۆرێك كە گەلی عێراق زیانی پێ نەگات و پێویستە نەهامەتی گەل پشتگوێ نەخرێت بەهۆی ململانێ و ناكۆكی سیاسی و هەڵبژاردنی پەیوەست بە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان و ئەو شتانە.
موقتەدا سەید محەمەد ئەلسەدر
7ی شەوالی مەزن 1439

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand