Draw Media

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق چیە و دەسەڵاتەكانی چین ؟

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق چیە و دەسەڵاتەكانی چین ؟

2018-06-21 15:19:51


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
دادگای باڵای فیدراڵی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، ئەركی ئەم دادگایە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانە لەبارەی دەستورەوە، ئەم دادگایە بە یاسایەكی وزاری لە ساڵی 2005 پێكهێنرا.
بەپێی ئەو یاسایەی كە دادگاكەی لەسەر پێكهێنرا، بارەگای دادگای فیدراڵی لە بەغدادی پایتەختە و دادگاكە لەڕووی كارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆیە.

ئەندامانی دادگای فیدراڵی چۆن هەڵدەبژێردرێن ؟
هەر بەپێی یاسای ژمارە (30) ساڵی 2005، دادگای فیدراڵی پێكدێت لە (سەرۆك و هەشت ئەندام) و ئەم كەسانە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمەكان كاندید دەكرێن.
سەرۆك و ئەندامانی دادگای فیدراڵی لە بەردەم ئەنجومەنی سەرۆكایەتیدا سوێندی یاسایی دەخۆن.

موچەی سەرۆك و ئەندامانی دادگا
هەر بەپێی ئەو یاسایەی كە لەسەری پێكهێنراوە، موچەی سەرۆك و ئەندامانی دادگای فیدراڵی عێراق هاوتای موچە و دەرماڵەی وەزیرە.
 
پێگەی دادگای فیدراڵی لە دەستوری عێراقدا
بەگوێرەی مادەی (89)ی دەستوری عێراق، دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵ لەم دادگایانە پێكدێت:
1-    ئەنجومەنی باڵای دادوەری
2-    دادگای باڵای فیدراڵی
3-    دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵی
4-    دەزگای داواكاری گشتی
5-    دەستەی چاودێریی دادوەریی
6-    هەر دادگایەكی فیدراڵی تر كە بەپێی یاسا رێكبخرێت
واتە بەپێی ئەم مادەیەی دەستور، دادگای فیدراڵی بەشێكە لە دەسەڵاتە فیدراڵییەكان لە عێراق.

ئەركەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق
بەپێی ماددەی (93)ی دەستوری عێراق، ئەركی دادگای باڵای فیدراڵی بریتییە لە:
یەكەم: چاودێریكردنی دەستوریبوونی یاسا و پەیڕەوە بەركارەكان.
دووەم: لێكدانەوەی دەقەكانی دەستور.
سێیەم: یەكلاكردنەوە لەو پرسیانەی كە لە جێبەجێكردنی یاسا فیدراڵییەكان و بڕیار و پەیڕەو و رێنماییەكان و ئەو رێوشوێنانەوە دێنە ئاراوە كە دەسەڵاتی فیدراڵی دەریان دەكات، یاسا زامنی مافی تانەدانی راستەوخۆ دەكات لەبەردەم دادگادا بۆ هەریەكە لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانەی دۆسیەیان لە تاك و كەسانی تر.
سێیەم:  یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكیانەی كە لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم و پارێزگا و شارەوانی و ئیدارە خۆجێییەكان روودەدەن.
پێنجەم: یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكییانەی كە لەنێوان حكومەتی هەرێمەكان و پارێزگاكاندا دێنە ئاراوە.
شەشەم: یەكلاكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكان دەكرێن.
حەوتەم: پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەكان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.
هەشتەم: 
ا- یەكلاكردنەوەی ناكۆكی تایبەتمەندیی لەنێوان دادگای فیدراڵی، و دەستەی دادوەری هەرێم و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا.
ب- یەكلاكردنەوەی ناكۆكی تایبەتمەندیی لەنێوان دەستەی دادوەری هەرێمەكان، یان پارێزگا رێكنەخراوەكان لە چوارچێوەی هەرێمدا.
دەستوری عێراق بەپێی ماددەی (94) هەموو دەسەڵاتەكانی عێراق پابەند و ملكەچ دەكات بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی.

ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی كێن ؟
دادگای فیدراڵی ئێستا لە (9) كەس پێكدێت، یەكێكیان سەرۆكە، (2) لە ئەندامانی دادگاكە كوردن و یەكیكیشیان مەسیحییە.
1-    دادوەر مدحەت مەحمود/ سەرۆكی دادگا
2-    دادوەر فارون محەمەد سامی/ ئەندام
3-    دادوەر جەعفەر ناسر حسێن/ ئەندام
4-    دادوەر ئەكرەم تەها محەمەد/ ئەندام
5-    دادوەر ئەكرەم ئەحمەد ئەمین بابان/ ئەندام- كورد
6-    دادوەر محەمەد سائیب نەقشبەندی/ ئەندام- كورد
7-    دادوەر عەبود ساڵح مەهدی تەمیمی/ ئەندام
8-    دادوەر میخائیل شەمشون قس گۆرگیس/ ئەندام- مەسیحی
9-    دادوەر حسێن عەباس ئەبو تمەن/ ئەندام

چەند بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە
لەدوای دروستبونییەوە دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە دەركردووە، زۆرجاریش خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كاتێك لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەكان كەوتونەتە كێشە و ناكۆكی هەڕەشەی ئەوەیان كردووە لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار بكەن.
ساڵی رابردوو دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی هەرێمی كوردستان دەركرد.


پاشەكەوتی موچە و بڕیاری دادگای فیدراڵی
لە پرسی پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا كە (ناز نوری عارف) سەرۆكی پێشووی داواكاری گشتی سلێمانی لە دادگاكە سكاڵای لەسەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆماریكردبوو، دادگا رایگەیاند، یەكلاكردنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی موچە لە تایبەتمەندی ئەو نییە.

ریفراندۆم و بڕیاری دادگای فیدراڵی
یەكێك لەو بڕیارانەی تر كە ساڵی 2017 دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەرێمی كوردستان دەریكرد تایبەت بوو بەو ریفراندۆمەی كە 25ی ئەیلول بەڕێوەچوو.
دادگای فیدراڵی عێراق ریفراندۆمەكەی هەرێمی بە نادەستوری وەسفكرد و پاشان بە بڕیارێكی تر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی راگەیاند و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وتی " ئێمە رێز لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەگرین".
دواین بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەرێمەوە ئەمڕۆ دەرچووە، بڕیارەكە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، دادگا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی رەتكردەوە تا ئەو كاتەی دەسەلمێنرێت ساختەكاری كراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand