دوو ملیۆن بێوەژن لە عێراقدا هەیە
2018-06-21 14:10:26
ساڵی 2011 نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی 23ی حوزەیرانی هەموو ساڵێكی وەكو رۆژی "بێوەژنان" دیاریكرد.
بەپێی خەمڵاندنی بەرایی لە عێراق نزیكەی (2 ملیۆن) بێوەژن هەیە، ساڵی 2017 ژمارەی بێوەژن لە عێراق گەیشتوەتە (878 هەزارو 455).
بەشێوەیەكی گشتی زیادبونی دیاردەی بێوەژنبون یاخود لەدەستدانی هاوسەر بەهۆی مردنەوە لە عێراق بۆ ئەم هۆكارانە دەگەڕێتەوە:
• ئەو جەنگانەی كە لە عێراق رویانداوە
• داڕمانی دۆخی ئەمنی وڵات دوای ساڵی 2003
• كێشەی عەشائیرییەكان
• داڕمانی دۆخی تەندروستی گشتی
نەتەوە یەكگرتووەكان پابەندی كردووە لەسەر حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كە كاربكەن بۆ دۆخی ئابوری ژنان و روبەڕوبونەوەی هەژاری.
بەڵام سەرباری ئەمە هێشتا ئەو ژنانەی كە هاوسەرەكانیان لەدەستداوە لە عێراق لەدۆخێكی خراپدان، كێشەی بێوەژنان لە عێراق خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
• بێبەشكردن لە میراتی و زەوی
• سەختی بەدەستخستنی كار
• نەبوونی چاودێری تەندروستی و فێركردن
• لاوازی پەیوەندی بێوەژنان لەگەڵ منداڵەكانیان بەهۆی هەژارییەوە
دیارترین كێشەی ئەو منداڵانەی كە دایكیان بێوەژنە و باوكیان لەدەستداوە:
• بەدخۆراكی
• لاوازی چاودێری تەندروستی
• بوون بە قوربانی دیاردەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە
• بێبەشبوون لە فێربوون
• لادان لە ناو كۆمەڵگە
• بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان
لەپاڵ زیادبونی ژمارەی بێوەژنان، لە عێراق ژمارەی ئەو ژنانەش زیادیان كردووە كە لە هاوسەرەكانیان جیابونەتەوە.
بەپێی راپۆرتەكان ئێستا لە عێراقدا (983 هەزار) ژن هەن كە لە هاوسەرەكانیان جیابونەتەوە، رێژەی 80%ی ئەوانەی جیابونەتەوە تەمەنیان لەنێوان (14 ببۆ 49) ساڵدایە، لەناو ئەوانەی كە جیابونەتەوە (17 هەزارو 432) ژنیان تەمەنیان لەسەرو (50) ساڵییەوەیە.