Draw Media

كورسیی لایەنەكان و دەنگی كاندیدەكان هەڵوەشایەوە 

كورسیی لایەنەكان و دەنگی كاندیدەكان هەڵوەشایەوە 

2018-06-21 13:36:42


(درەو میدیا):
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێكی "یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران"ی بەدەستوریی لەقەڵەمدا كە سەرەتای ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق پەسەندیكرد.
"ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست" كە لە یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردن بڕیاری لەسەردراوە یەكێك بوو لەو بابەتانەی كە دادگای فیدراڵی پەسەندی كرد و بە هەنگاوێكی دەستوریی ناوی برد، ئەمەش بە واتای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق دێت كە پێشتر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاند.
بە گوێرەی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەبێت جارێكی تر دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار ئەژماربكرێنەوە، بەوەش هەموو ئەنجامە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردن و دەنگی كاندیدەكان هەڵدەوەشێتەوە و جارێكی تر دوای جیاكردنەوەی دەستیی، دەنگەكان بەپێی شێوازی "سانت لیگۆ" پێوانە دەكرێتەوە، ئەمەش رەنگە گۆڕانكاری گەورە لە ژمارەی كورسی و دەنگی كاندیدەكان دروست بكات.
ئەژماركردنەوەی دەگەكان دەتوانرێت ئەم واتایانەی لێ بخوێندرێتەوە: 
1-     بە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان، ئەنجامی تەواوی هەڵبژاردنەكان هەڵدەوەشێتەوەو ئەنجامێكی دیكە رادەگەیەنرێت.
2-     دەنگی تەواوی كاندیدەكان هەڵدەوەشێتەوەو جارێكی تر ئەنجامەكان رادەگەیەنرێنەوە.
3-    بە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان، هەرجۆرە گۆڕانكارییەك لە دەنگەكاندا، گۆڕانكاری لە كورسی لایەنەكان و دەنگی كاندیدەكان دروستدەكات، بەتایبەتیش گۆڕینی جێگەی كاندیدەكان و ئاڵوگۆڕ بەهۆی كۆتای ژنانەوە.
4-     بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پەردەیەكی دا بەسەر تەواوی ئەو هەوڵانەی كە لایەنە سیاسییەكان دەیدەن بۆ هاوپەیمانێتی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، بەو پێیەی دەبێت هەموو لایەنەكان چاوەڕەوانی ئەنجامی دیكەی دەنگدان بكەن.
5-     خاڵی نەرێنی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە پرۆسەی سیاسی عێراق زیاتر ئاڵۆز دەكات و رەنگە ببێتەهۆی دروستبونی بۆشایی دەستوری و یاسایی، چونكە كۆتایی ئەم مانگە وادەی یاسایی تەمەنی پەرلەمانی عێراق كۆتایی دێت، ئەگەر پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی بەر لەو وادەیە تەواو نەبێت، بۆشایی دەستوری دروست دەبێت.
6-     دادگای فیدراڵی بەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەریكردن دانی نا بە كۆتایهاتنی دەسەڵاتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، كە خۆیان ئێستا بەهۆی گومانەكانی ساختەكاری لە هەڵبژاردن سڕكراون، ئەوەش لەرێگەی پەسەندكردنی دانان و كاری دادوەرەكان لە شوێنی ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand