كۆمسیۆن دەست بە جیاكردنەوە دەستیی دەنگەكان دەكات
2018-06-21 13:06:49
(درەو میدیا):
ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی جیاكردنەوەی و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا.
دادوەر لەیس جەبر حەمزە، وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەنجومنی كۆمسیاران پێداویستییەكانی پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكانی تاوتوێكردووە بۆئەوەی پلانێكی گشتگیر بۆ دەستكردن بە پرۆسەكە دابڕێژێت بە گوێرەی هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە 45ی ساڵی 2013ی هەڵبژاردنەكان.
وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیاران وتیشی بۆئەوەی ئەو پرۆسەیە لە كاتێكی دیاریكراواد بەڕێوەبچێت، ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاریدا لە رۆژی شەممەوە دەوامی فەرمیی هەموو فەرمانبەرانی كۆمسیۆن دەستپێبكات ، هەروەها بڕیاریشدرا مۆڵەتی فەرمانبەرانی كۆمسیۆن لە نوسینگەی نیشتمانی و نوسینگەی پارێزگاكان رابگیرێت جگە لە چەند حاڵەتێكی نائاسایی و كتوپڕ.