دادگای فیدراڵی هەموو لایەنەكانی قایل كرد
2018-06-21 11:45:24
(درەو میدیا):
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنێكی تایبەتدا سەبارەت بە حوكمی "یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران" چەند بڕیارێكی دەركرد، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كاردانەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.
زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان قایلبونی خۆیان بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی راگەیاند، كە پوختەی بڕیارەكەكانی بریتی بوون لە:
1- هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەنگاوێكی دەستورییە.
2- هەڵوەشاندنەوەی رەهای دەنگدانی دەرەوە و ئاوارە و جوڵەی دانیشتوان و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستانی تا ئەو كاتەی كە دەسەلمێنرێت ساختەكاریی تێدایە، نادەستورییە.
3- بڕیاری ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست، بڕیارێكی دەستورییە.
4- دانانی دادوەرەكان لەبری ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بڕێكی دەستورییە.
قسەی لایەنە كوردییەكان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی
ئەمین بەكر - سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بۆ (درەو میدیا):
" بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی زۆر زۆر باشەو لە بەرژەوەندیماندایە.. هەموو بڕیارەكانی دادگا تەواوی گرنگن، دادگا هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی لە هەرێمی كوردستان رەتنەكردوەتەوە و دەڵێ دەبێت بسەلمێنرێت و دواتر هەڵبوەشێنرێتەوە".
خەسرەو گۆران - بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان:
" پارتی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق رازییەو ئەو بڕیارانە بە دڵی پارتی دیموكراتی كوردستانە و پارتی هەر ئەوەی دەویست كە بڕیاری لەبارەوە دراوە.. پارتی سكاڵای لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەەنگی پێشمەرگە و ئاوارەكان تۆماركردووە و دادگاش بڕیاریداوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگانە نادەستورییە".
ئارێز عەبدوڵا- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق:
"پشتیوانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكەم، بڕیارێكی بێلایەنانەیە، رەتكردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بڕیارێكی یاسایی و جێی دڵخۆشییە".
سەڵاحەدين محەمەد بەهائەدین- ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان:
" وەك یەكگرتوو پابەندین بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە، دەستخۆشیان لێدەكەین و رەتكردنەوەی دەنگی تایبەتیش تەنها پەیوەست نەبووە بە پێشمەرگەوە، بەڵكو هێزەكانی ناوخۆو زیندانییەكان و چەند توێژیكی تری دەگرتەوە".
بۆچونی لایەنە عێراقییەكان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی:
حسێن عادلی- وتەبێژی ئیئتیلافی " النصر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات:
"ئیئتیلافی نەسر پابەندبونی تەواوەتی خۆی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی رادەگەیەنێت، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین ملكەچی بڕیارەكانی دادگا بن".
سەلیم جبوری- سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
" بڕیارەكە بەرزدەنرخێنین، پەرلەمان سەركەوتوو بوو لە چەسپاندنی پایەكانی دیموكراتیەتدا".
ئەیاد عەلاوی- جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی:
" رێز لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرێن، ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی گورزێكی كەمەرشكێن بوون بۆ ویستی ساختەكاریی و گەندەڵیی".
ئوسامە نوجێفی- جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی قەرار
" پشتیوانی تەواو لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەم لەبارەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن، داوادەكەم وەكو ئامادەكاری بۆ پرۆسەی وردبینی، هەموو ئەو ناوچانە كۆنترۆڵبكرێن كە سندوقەكانی دەنگدانیان تێدا ئەمباركراوە".
حەسەن تۆران - ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبەرەی توركمانی:
" پێشوازی لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق دەكەین، بڕیارەكانی دادگا سەركەوتنی ئیرادەی گەلی عێراق بوو كە ساختەكاریان لە هەڵبژاردنەكان رەتكردەوە بەتایبەتیش لە پارێزگای كەركوك".
ئەرشەد ساڵحی- سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق:
" پیرۆزبایی لە مانگرتووەكانی كەركوك دەكەین كە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق و ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەنجامی نارەزایی و هەڵوێستەكانی ئەوانە ".