عەبادی داوای دەستگیركردنی ئەوانە دەكات كە ساختەكارییان كردووە
2018-06-20 19:47:06
(درەو میدیا):
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لە كوتلە سیاسییەكان دەكات رێز لە چوارچێوە دەستورییەكان بگرن بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، داواش لە دەزگاكانی دەسەڵاتی دادوەریی دەكات فەرمانی دەستگیركردن بۆئەوانە دەربكەن كە ساختەكارییان لە هەڵبژاردندا كردووە.
لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا عەبادی وتیشی:" كوتلە سیاسییەكانمان بانگهێشت كردووە بۆئەوەی كۆببنەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك دەربارەی بەرنامەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماوەی داهاتوودا، نەك حكومەت."
عەبادی ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو بانگهێشتەی ئاراستەی كوتلە سیاسییەكانیان كردووە پرۆژەیەكە بۆ دانانی بناغەی رێككەوتنێكی سیاسی بۆ بونیادنانی بەرنامەی دەوڵەت."
عەبادی لە وتەكانیدا داواشی لە كوتلە سیاسییەكان كرد لە یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەماندا رێز لە چوارچێوە دەستورییەكان بگرن و داواشی لە دەزگاكانی دەسەڵاتی دادوەری كرد بەدواداچوون بۆ ئەوانە بكەن كە ساختەكارییان كردووە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەربكەن.
سەرۆك وەزیرانی عێراق رونیشیكردەوە كە حكومەت بەردەوام دەبێت لە كارەكانی، دوای كۆتاییهاتنی تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، ئەگەر دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند نەكات.