Draw Media

لەبارەی هەڵبژاردنی توركیاوە چی دەزانیت ؟

لەبارەی هەڵبژاردنی توركیاوە چی دەزانیت ؟

2018-06-20 12:28:06


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
رۆژی 24ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی پێشوەخت لە توركیا بەڕێوەدەچێت و خەڵك جارێكی تر دەچنەوە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان، لەدوای ئەم هەڵبژاردنە سیستمی حوكمڕانی لەو وڵاتە بەشێوەیەكی كرداری لە پەرلەمانییەوە دەبێت بە سەرۆكایەتی.

بۆچی هەڵبژاردن لە 24ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت ؟
بڕیاربوو ئەم هەڵبژاردنە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019 بەڕێوەبچێت، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت، ئەگەر ئەردۆغان هەڵبژاردنی 24ی مانگ بباتەوە دەتوانێت تاوەكو ساڵی 2030 لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەنجام هەرچۆنێك بێت ئەم هەڵبژاردنە زەنگی دەستپێكردنی سیستمی سەرۆكایەتییە كە ساڵی رابردوو لە ریفراندۆمێكدا بە زۆرینەیەكی سادە پەسەندكرا.


چۆن بڕیاردرا لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە ؟
رۆژی 16ی نیسانی 2017 ریفراندۆمی دەستوری لە توركیا بەڕێوەچوو، خەڵكی توركیا دەنگیاندا لەسەر پێشنیازی (18) گۆڕانكاری لە دەستوری توركیادا.
هەموارە دەستورییەكە چی دەڵێت ؟
بەپێی هەموارە دەستورییەكە، سیستمی حوكمڕانی توركیا لە پەرلەمانییەوە گۆڕدرا بە سەرۆكایەتییەكی جێبەجێكار، بەجۆرێك پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵوەشێندرایەوە، هەر بەگوێرەی ئەو هەموارە دەستورییە كە لەدوای هەڵبژاردنی 24ی مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی توركیا لە (550) كورسییەوە بۆ (600) پەرلەمانتار زیاددەكرێت و تەمەنی كاندیدیش لە 25 ساڵییەوە كرا بە 18 ساڵ.

پارتی داد و گەشەپێدان چی دەوێت ؟
بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئاكەپە) كە ئێستا زۆرینەی لەناو پەرلەمانی توركیا هەیە دەڵێن دەیانەوێت لەم هەڵبژاردنەدا لە كۆی (600) كورسی لانی كەم (300) كورسی ببەنەوە، سەرباری ئەمە سەرۆك بۆی هەیە بۆ دوو ویلایەتی لە دەسەڵات بمێنێتەوە كە هەر ویلایەتێك بە (5) ساڵ دیاریكراوە.

ژمارە و رێژەی دەنگدەران
بە گوێرەی تۆمارەكانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، (56 ملیۆن و 322 هەزار و 632) كەس مافی دەنگدانیان هەیە لە (180 هەزار) سندوقی دەنگدان لە ناوخۆی وڵات، ژنان رێژەی 50.76%ی دەنگدەرانی ناوخۆی وڵات پێكدەهێنن، ئەمە سەرەرای (3 ملیۆن و 27 هەزارو 328) كەس كە لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام 48% یان بەشداری دەنگدانیان كرد كە لە 11 حوەزیرانەوە دەستیپێكرد و 19ی حوەزیران كۆتایی هات.


دەنگدان چۆن بەڕێوەدەچێت ؟
دەنگدەری توركیا كە دەچێتە بەردەم سندوقی دەنگدان دوو كارتی دەنگدانی پێدەدرێت، كارتێك بۆ دەنگدان بە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و كارتی دووەم بۆ دەنگدان بە كاندیدی پارتەكان بۆ پەرلەمان، دوای دەنگدان هەردوو كارتەكە دەخرێتە ناو زەرفێك و دواتر دەنگدەرەكە دەیخاتە ناو سندوقی دەنگدانەوە.


دیارترین كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا (6) كاندید كێبركێ دەكەن:
یەكەم: رەجەب تەیب ئەردۆغان
كاندیدی هاوپەیمانی (جەماوەر)ە كە ئەم هاوپەیمانێتییە پێكدێت لە هەردوو پارتی (داد و گەشەپێدان) و (بزوتنەوەی نەتەوەپەرست).


دووەم: موحەڕەم ئینجە
كاندیدی پارتی گەلی كۆمارییە كە پارتێكی عەلمانییە، ئەم پارتە داوای گەڕانەوەی سیستمی پەرلەمانی دەكات بۆ توركیا.


سێیەم: میراڵ ئەكشینار
كاندیدی پارتی (چاكە- ئی پارتی)یە، هەندێك كەس نازناوی "ژنە پۆڵاینەكە"یان پێداوە، پێشتر وەزیری ناوخۆ بووە، ماوەیەكیش جێگری سەرۆكی پەرلەمان بووە.


چوارەم: سەلاحەدین دەمیرتاش
كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یە، سەرباری بانگەوازی پارتەكە بۆ هەموو پێكهاتەكانی توركیا، بەڵام زیاتر وەكو پارتێكی كوردی دەناسرێت، دەمیرتاش ئێستا بەتۆمەتی "پاڵپشتی لە تیرۆر" لە زینداندایە، بەڵام ئەم دەستبەسەركردنەی نەبووە رێگر لەبەردەم خۆكاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چونكە تائێستا دادگا نەیتوانیوە هیچ تۆمەتێكی لەسەر ساغ بكاتەوە.


پێنجەم: تەمەل كەرەموڵا ئۆغڵو
كاندیدی پارتی سەعادەتە كە پارتێكی پارێزگارە و هەڵگری بیروبۆچونەكانی سەركردەی كۆچكردووە نەجمەدین ئەربەكانە.


شەشەم: دۆغۆ برینجاك
كاندیدی پارتی نیشتیمانە كە پارتێكی نەتەوەپەرستە

پارتە بەشدارەكانی هەڵبژاردن
لە پاڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، (11) پارتی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا دەكەن كە بریتین لەم پارتانە: 
•    پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)
•    پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)
•    پارتی نەتەوەپەرەست (مەهەپە)
•    پارتی چاكە (ئی پارتی)
•    پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)
•    پارتی سەعادەت
•    پارتی یەكێتی مەزن
•    پارتی توركیای سەربەخۆ
•    پارتی دیموكراتەكان
•    پارتی نیشتمان
•    پارتی هودا

هاوپەیمانێتییەكانی هەڵبژاردن
یەكەم: هاوپەیمانی جەماوەر/ گەل
ئەم هاوپەیمانێتییە مانگی شوباتی ئەمساڵ پێكهێنرا و  پێكدێت لە هەردوو پارتی (داد و گەشەپێدان)ی دەسەڵاتدار و (پارتی  بزوتنەوەی نەتەوەپەرست- مەهەپە) و (یەكێتی مەزن) و داوای گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی توركیا دەكات بۆ سیستمی سەرۆكایەتی.


دووەم: هاوپەیمانی میللەت
ئەم هاوپەیمانێتییە لە ئایاری ئەمساڵ دروستكرا بەئامانجی روبەروبونەوەی هاوپەیمانێتییەكی پێشوو، پێكدێت لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لەوانە (پارتی گەلی كۆماری- جەهەپە) و پارتی (پاكە- ئی پارتی) و (سەعادەت) و پارتی دیموكراتەكان.
ئەم هاوپەیمانێتییە جەخت لەسەر جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و گەڕانەوەی سیستمی پەرلەمانی بۆ توركیا دەكەن.

 

هاوپەیمانی نێوان پارتەكان
لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار رێگە بە پارتە سیاسییەكان دراوە هاوپەیمانێتی بكەن، ئەمە رێگە بۆ پارتە بچوكەكان خۆش دەكات بۆ چونەناو پەرلەمانەوە، ئەو پارتانە ئەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا كۆببنەوە رەنگە بتوانن بەربەستی 10%ی دەنگەكان ببڕن كە مەرجە بۆ چونەناو پەرلەمانەوە.

 

خولی یەكەمی هەڵبژاردن
ئەگەر هەر یەكێك لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە خولی یەكەمدا رێژەی (50+1)ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، راستەوخۆ دەبێتە سەرۆكی كۆماری توركیا، بەڵام ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدەكان ئەو رێژەیەی دەنگیان بەدەستنەهێنا، دوو كاندید كە زۆرترین دەنگیان هێناوە سەردەكەون بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردن و لە خولی دووەمدا ئەوەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆك كۆمار.


رۆڵی سەرۆك لە سیستمی نوێدا
لە سیستمی سەرۆكایەتی نوێی توركیادا سەرۆك كابینەی حكومەت پێكدەهێنێت و پۆستی سەرۆك وەزیران نامێنێت، ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سەركەوت ناچار نابێت پەنا بۆ پەرلەمان ببات بەمەبەستی كۆكردنەوەی زۆرینە.

رۆڵی پەرلەمان لە دوای هەڵبژاردن
نەخشەی پەرلەمانی نوێی توركیا بەتەواوەتی جیاواز دەبێت لەو پەرلەمانەی ئێستا هەیە، پەرلەمانی داهاتوو لانی كەم لە (7) پارت پێكدێت كە پێچەوانەی پەرلەمانی ئێستاوە كە (4) پارت لەخۆدەگرێت، بۆیە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی داهاتووی توركیا لە هەموو حاڵەتەكاندا لە پەرلەمانی ئێستا بەهێزتر دەبێت.


سەرچاوە: یۆرۆنیوز

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand