Draw Media

سیسی لەگەڵ سێبەرەكەیدا ركابەرێتی دەكات

سیسی لەگەڵ سێبەرەكەیدا ركابەرێتی دەكات

2018-03-25 14:01:28


ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت

میسر وەك یەكێكێك لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە پێگەیەكی ستراتیژی هەیە پێدەنێتە ناو خولێكی نوێی هەڵبژاردنەوە كە بە روانینی شارەزایان و چاودێرانی سیاسی ئەنجامەكەی پێشتر یەكلابوەتەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی میسر بێ تێبینی نیە وهەندێك لە چاودێرانی سیاسی رەخنە لە پرۆسەكە دەگرن بەوەی سیسی هەموو ركابەرەكانی بە بیانوی جۆراوجۆر دوورخستوەتەوە و تەنها یەك ركابەری هەیە كە بە سێبەری خۆی ناوی دەبەن. 

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە میسر دەستیپێكرد، پرۆسەكە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەكی گشتی شەقام و لایەنە سیاسییەكانی میسر لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەوە بەسەر دوو بۆچونی جیاوازدا دابەشبوون.
بۆچونی یەكەم: جەخت لەسەر بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە و گرنگی و بایەخی پرۆسەكە دەكات.
بۆچونی دووەم: جەخت لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردنەكە دەكات و هەڵبژاردنەكە بە پرۆسەیەكی "روكەش" ناودەبات.

بزوتنەوەی مەدەنی دیموكراتی كە لە (8) حزب و دەیان كەسایەتی سیاسی پێكدێت دیارترین لایەنی سیاسی میسر كە بانگەواز بۆ بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكە دەكات، سەركردەكانی ئەم بزوتنەوەیە چەند تێبینییەكیان هەیە لەبارەی پرۆسەكەوە و دەڵێن:
•    هەڵبژاردنەكە لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت كە كار بە یاسای باری نائاسایی دەكرێت
•    پرۆسەكە هیچ گەرەنتی و ئازادییەكی تێدا نییە

لەبەرامبەردا ژمارەیەك لایەنی سیاسی بانگەشە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە دەكەن، نەك هەر ئەمە تەنانەت بانگەوازكردن بۆ بایكۆت بە "ناپاكی" ناودەبەن،بەپێی قسەی سەرچاوە ئەمنییەكان لە میسرەوە، (350) هەزار ئەفسەر و پۆلیس تەرخانكراون بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەكدارەكاندا پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بپارێزن بەمشێوەیە:

یەكەم: پاراستنی لیژنە و بنكەكانی دەنگدان و دادوەرانی سەرپەرەشتیاری پرۆسەكە
دووەم: پاراستنی پرۆسەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكە تاوەكو قۆناغی كۆتایی ئەژماركردنی دەنگەكان
سێیەم: پاراستنی شەقامەكان دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە


لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی میسردا نزیكەی (59 ملیۆن و 78 هەزارو 138) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەستەی نیشتیمانی هەڵبژاردنەكان (60 ملیۆن) كارتی دەنگدانی چاپكردووە كە دەوترێت كوالیتی كارتەكان بەجۆرێكن ناتوانرێت ساختە بكرێن یاخود گۆڕانكارییان تێدا بكرێت.
پرۆسەی دەنگدان لە (367) لیژنەی گشتیدا بەڕێوەدەچێت، لەخوارو ئەم لیژنانەشەوە (13 هەزارو 706) لیژنەی فەرعی هەن كە دابەشبوون بەسەر هەموو پارێزگاكانی میسردا، (18 هەزار) دادوەر سەرپەرەشتی پرۆسەكە دەكەن، (110 هەزار) كارمەندیش ئیدارەدانی پرۆسەكەیان لە ئەستۆدایە.

میسر لە سەردەمی موبارەكەوە بۆ سەردەمی سیسی
مانگی كانونی دووەمی 2011 لە راپەڕینێكی جەماوەریدا خەڵكی میسر كۆتاییانهێنا بە دەسەڵاتی حوسنی موبارەكی سەرۆكی وڵاتەكەیان كە ماوەی (30) ساڵ بەردەوام بوو.
دوای روخانی موبارەك دەسەڵات لە میسر كەوتە دەست ئەنجومەنێكی سەربازی، ئەو ئەنجومەنە بەشێوەیەكی كاتی بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك میسری بەڕێوەبرد تاوەكو سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2012 .


یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی دوای شۆڕش
لەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی كە لە كۆتایی ساڵی 2011 لە میسر بەڕێوەچوو، رەوتە ئاینییەكانی میسر بە قەبارەیەكی گەورە دەركەوتن، كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین و حزبە سەلەفییەكان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانیان بردەوە.
یەكەمین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەشێوەیەكی دیموكراتی لە میسر لە مانگی ئایاری 2012 بەڕێوەچوو، لەو هەڵبژاردنەدا لە قۆناغی یەكەمدا (10) كاندید ركابەرێتی یەكتریان دەكرد، دوان لە كاندیدەكان سەركەوتن بۆ قۆناغی دووەم، محەمەد مورسی نوێنەری كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمن لە قۆناغی دووەمدا لەگەڵ فەریق ئەحمەد شەفیق ركابەرێتی دەكرد كە نوێنەری رژێمە كەوتووەكەی میسر بوو، مورسی بە جیاوازییەكی كەم بەسەر ركابەرەكەیدا سەركەوت، ئەمە ئاستی دابەشبونی شەقامی میسری لەبارەی رژێمی نوێی حوكمڕانی وڵاتەكەیان كە تاڕادەیەك مەیلەو ئیسلامی بوو.
سیاسەتەكانی محەمەد مورسی تاڕادەیەك كەرتە جیاوازەكانی گەلی میسر توڕەكرد، بەتایبەتی عەلمانی و چەپ و ئەوانەی ئایندار نین تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی كە هیچ لایەندارییەكی سیاسییان نەبوو، دۆخی ئابوری و سیاسی و بژێوی خراپتر دەبوو، ئەمە هەلی خستەبەردەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی حوكمی ئیخوان موسلیمین لە رۆژی 30 حوزەیرانی 2013دا خۆپیشاندانێكی بەرفراوانی جەماوەری رێكبخەن، لەدوای ئەو خۆپیشاندانە سوپا بە سەرۆكایەتی فەریق عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری ئەوكاتی میسر لە بارەگاكانی هاتەدەرەوە، سوپا هۆشداری بە محەمەد مورسیدا پەلە بكات لە چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان لەگەڵ رەوتە سیاسییەكانی تری وڵات، ئەگەرنا لەسەر كارلادەبرێت.


لەكارخستنی مورسی و سەرەتای قۆناغێكی ئینتیقالی نوێ
محەمەد مورسی گوێی بە هۆشداریدانەكەی سوپا نەدا، سوپا لە رۆژی 3ی تەموزی 2013 لەناو پشتیوانییەكی گەورەی میللی و سیاسیدا محەمەد مورسی لەكارخست، زۆرێك لە میدیاكان ئەو هەنگاوەی سوپایان لەدژی مورسی وەكو كودەتا بەسەر شەرعیەتی هەڵبژاردن و دەستوردا ناوبرد.
بەپێی دەستوری میسر دوای لەكارخستنی محەمەد مورسی سەرۆكی وڵات دەسەڵات گواسترایەوە بۆ سەرۆكی دادگای دەستوری كە ئەوكات عەدلی مەنسور بوو، قۆناغی دەسەڵاتی عەدلی مەنسور ماوەی ساڵێكی خایاند، لەدوای ئەم قۆناغە هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ دەستگیركردنی لایەنگرانی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین دەستیپێكرد، لەم چوارچێوەیەدا ناڕەزایەتی لایەنگرانی ئیخوان دژ بە لەكارخستنی سەرۆكەكەیان سەركوتكرا كە گۆڕەپانی (رابیعەی عەدەوی) لە قاهیرەی پایتەخت مەڵبەندی سەرەكی ئەو ناڕەزایەتیانە بوو، رۆژی 14ی ئابی 2013 هێزە ئەمنییەكان بەزۆر ئەو گۆڕەپانەیان لە خۆپیشاندەران چۆڵكرد، لەو هەڵمەتەدا  زیاتر لە (هەزار) كەس كوژران، پاشان دەسەڵاتدارانی میسر كاركردنی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینیان یاساغكرد و خستیانە لیستی تیرۆرەوە.
چالاكوانانی چەپ و عەلمانیش لەو هەڵمەتە سەركوتكارییەدا بێبەش نەبوون، دەسەڵاتداران بزوتنەوەكانی لاوات و چەپە شۆڕشگێڕەكانیان راوەدونا و سەركردەكانیان خستە زیندانەوە و دواتریش دادگا سزای سەختی بەسەردا سەپاندن.


هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتی نوێ
لە كۆتایی قۆناغی ئینتیقالیدا لە مانگی ئایاری 2014 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەبەشداری تەنیا دوو كاندید بەڕێوەچوو كە ئەوانیش بریتی بوون لە هەریەكە لە موشیر عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری كە دەستی لە پۆستەكەی كێشابوەوە لەگەڵ حەمدین سەباحی نوێنەری رەوتی مەدەنی، لەم هەڵبژاردنەدا كە پێشتر ئەنجامەكەی ئاشكرا بوو عەبدولفەتاح سیسی بوو بە سەرۆكی نوێی میسرو بە جیاوازییەكی زۆرو بە رێژەی 95%ی دەنگەكان هەڵبژاردنەكەی بردەوە.

سوپای دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتەوە
لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا كە سیسی سەرۆكایەتی میسری گرتەدەست، بەتەواوەتی دیمەنی سیاسی ئەو وڵاتە گۆڕانكاری بەسەردا هات، سوپای بەتەواوەتی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، سەرۆكی دەسەڵاتی بەسەر هەموو بوارەكانی ژیانی خەڵكی میسردا درێژكرد، میدیا بە هەردوو بەشی حكومی و ئەهلییەوە بوون بە لایەنگری دەسەڵات و هەلهەلە بۆ بڕیارەكانی لێدەدەن، پەراوێزی ئازادییەكان و لێبوردەیی ون بوون كە تەنانەت لەسەردەمی دەسەڵاتی موبارەكیشدا ئامادەگیان هەبوو، دەسەڵاتی نوێی میسر بەجۆرێكی لێهات كە گوێ بۆ دەنگی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و تەنانەت رەخنەگرەكانیش نەگرێت، هەر لەم سەردەمەدا ژمارەیەكی زۆر لە پێگە ئەلیكترۆنییە سەربەخۆكان داخران، هێزە ئەمنییەكان كەوتنە تەنگ هەڵچین بە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، رژێمی نوێی میسر ژمارەیەكی زۆر لە چالاكوانانی بواری ئازادی و مافەكانی مرۆڤی راوەدونا چ لە رێگەی دەستگیركردنەوە بێت یاخود لێپێچینەوەی یاسایی و داخستنی رێكخراوەكانیان، پۆلیس گەڕایەوە سەر شێوازی كاركردنی خۆی لەسەردەمی حوكمی موبارەكدا، لەو چوارچێوەیەشدا سكاڵاكان لە دژی ئەشكەنجەدان لە بنكەكانی پۆلیس و بێسەروشوێنكردنی دەستگیركراوان زیادیان كرد.
سەرباری ئەوەی رژێم ئەم تۆمەتانە رەتدەكاتەوە، بەڵام میسر لە ریزبەندی جیهانی بواری مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە كەسییەكان و ئازادی رۆژنامەگەریدا زۆر پاشكەوتووە، چەندین رێكخراوی وەكو (لێبوردنی نێودەوڵەتی) و (هیومان رایتس وۆچ) و (تۆڕی عەرەبی بۆ زانیارییەكانی مافی مرۆڤ) و رێكخراوە خۆجێییەكانی میسر پێشێلكارییەكانی سەردەمی حوكمڕانی چەند ساڵی رابردووی عەبدولفەتاح سیسییان تۆماركردووە.


ئابوری میسر لەسەردەمی سیسیدا
تاكە بوارێك كە لەسەردەمی سیسیدا تاڕادەیەك گەشاوەتەوە بارودۆخی ئابورییە، لە كۆنگرەیەكدا كە رۆژی 17ی كانونی دووەمی ئەمساڵ لەژێر ناونیشانی "چیرۆكی نیشتمان" بەڕێوەچوو، عەبدولفەتاح سیسی وتی" لەو ماوەیەدا كە بەرپرسیار بووم قەڵەمبازێكی وەهامان لە بواری گەشەی ئابوریدا بەدی هێناوە كە بێ پێشینەیە.. لەماوەی كەمتر لە چوار ساڵدا نزیكەی 11 هەزار پرۆژەمان تەواوكردووە كە بەكۆی گشتی بۆ هەر رۆژێك سێ پرۆژە دەكات، ئەمەش ژمارەیەكی بێ پێشینەیە بۆ هەر دەوڵەتێك كە تازە هەستابێتەوە، خەرجی ئەو پرۆژانەش نزیكەی 2 ترلیۆن جونەی بووە".
بەڵام وا دەردەكەوێت وێنەكە بەوشێوەیەش پرشنگدار نییە كە سەرۆكی میسر وەسفی دەكات، هێشتا رێگایەكی درێژ لەبەردەم ئابوری میسردایە بۆ هەستانەوە لەو شكستەی كە دوای شۆڕشی یەنایەر دووچاری هات، بەتایبەتی لە حاڵی نائامادەگی وەبەرهێنانی بیانی و هەڵانی سەرمایەی نیشتمانی و ئازارەكانی كەرتی گەشتیاری وەكو یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی ئابوری میسر.


سیسی و ركابەرێتی لەگەڵ سێبەرەكەیدا
سبەینێ (26ی ئادار) قۆناغی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نوێ لە میسر بەڕێوەدەچێت، لەم هەڵبژاردنە سیسی ئەركی قورس نییە، چونكە تاكە پیاوێك ركابەرێتی دەكات كە لایەنگری خۆیەتی و هەندێك بە سێبەرەكەی سیسی ناوی دەبەن.
موسا مستەفا موسا سەرۆكی حزبی غەد كە لەم هەڵبژاردنەدا ركابەرایەتی سیسی دەكات یەكێكە لە لایەنگرە سەرسەختەكانی سیسی و پەیجەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پڕ لە وێنەی و پۆستی پشتیوانی لە سیاسەتەكانی سیسی، پێدەچێت ئەو تەنیا بۆ پاراستنی ئاوی ڕووی سیسی چوبێتە ناو ركابەرێتییەكەوە تاوەكو سیسی تاكەكاندید نەبێ كە بوەتە رەخنەیەكی گەورە لە هەڵبژاردنەكەی میسر لەسەر ئاستی جیهان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand