Draw Media

بۆچی ئەمریكا لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ كشایەوە؟

بۆچی ئەمریكا لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ كشایەوە؟

2018-06-20 10:33:23


وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە رەسمی لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان كشایەوە بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنەكە" لایەنگیری دەكات دژی ئیسرائیل".
نیكی هایلی باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجومەنەكەی بە " دووڕوو و خۆپەرست كە سوكایەتی بە مافەكانی مرۆڤ دەكات" وەسفكرد.
هایلی ساڵی رابردووش بە ئاشكرا ئەنجومەنەكەی ئاگاداركردەوە لەوەی كە واشنتۆن چاو بە ئەندامێتی دەخشێنێتەوە و لەوانەشە بكشێتەوە، ئەگەر لە لایەنگیری بەردەوام دژی ئیسرائیل نەوەستێت.
بڕیاری ئەمریكا بۆ كشانەوە لەو ئەنجومەنە دوای ئەوەی هات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند ئەو ئەنجومەنە " لایەنگیری دژ بە ئیسرائیل پەیڕەودەكات و هەڵمەتێكی پلان بۆ داڕێژراوی لەدژی دەستپێكردووە".
هەروەها ئەنجومەنەكە كە ساڵی 2006 لە جنێڤ دامەزراوە و 47 وڵات ئەندامن تێیدا رووبەڕووی رەخنە بووە، بەهۆی ئەوەی رێگەی بە وڵاتانێك داوە كە بچنە ناوی، گومان لە باشی مامەڵەیان دەكرێت لە دۆسیەی مافەكانی مرۆڤدا.
بە رای چالاكانی بوارەكانی مافی مرۆڤ باوەڕیان وایە كە ئەو هەنگاوەی ئەمریكا كاریگەری دەكاتە سەر هەوڵەكانی چاودێریی و چارەسەركردنی كێشەكانی مافەكانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا، بەڵام هایلی وتی:" بەوەی كردوومانە، دەمەوێت بە روون و ئاشكرا بڵێم كە ئەم هەنگاوە كشانەوە نییە لە پابەندبوونەكانمان دەربارەی مافەكانی مرۆڤ".
بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە لایەن نیكی هایلی و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا راگەیەنراو، پۆمپیۆ ئەنجومەنەكەشی بە بەرگریكارێكی لاوازی مافەكانی مرۆڤ وەسفكرد.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە بەیاننامەیەكی رەسمیدا رایگەیاند، بە توندی داكۆكی لە مانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات لە ئەنجومەنەكەدا".
 كۆمسیاری مافەكانی مرۆڤیش لە نەتەوە یەكگرتووەكان زەید رەعد بن حسێن هەڵوێستی ئەمریكا بە نائومێدكەر وەسفكرد ، بەڵام بڕیارەكەی واشنتۆن لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشوازی لێكرا.


ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان چییە؟
ئەنجومەنەكە ساڵی 2006 دامەزرێنرا، بۆئەوەی جێگەی كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ بگرێتەوە، دوای ئەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە بەهۆی ئەوەی چەندین دەوڵەت بوونەتە ئەندامی كە تۆمارێكی لاوازیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ مافەكانی مرۆڤدا هەیە.
هەر سێ‌ ساڵ جارێكی لەسەرتاسەری جیهاندا 46 وڵات هەڵدەبژێردرێن، بۆئەوەی ببنە ئەندام تێیدا و ساڵی سێجاریش كۆدەبێتەوە و دەوڵەتانی ئەندام لە كۆبوونەوەكاندا  لە پرۆسەیەكی تایبەتدا پێداچوونەوە بە تۆماری مافەكانی مرۆڤی هەموو وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن.
هەروەها ئەنجومەنەكە هەل بەو دەوڵاتە دەدات هەوڵەكانیان بۆ  باشتركردنی دۆخی مافەكانی مرۆڤ بخەنەڕوو كە بە " نمایشكردنی وەرزیی گشتگیر " ناسراوە.
هەروەها ئەنجومەنەكە شارەزا و پسپۆری سەربەخۆ رەوانە دەكات و لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتانی وەك سوریا، كۆریای باكور، بۆرۆندی، میانمار و باشووری سودان پێكدەهێنێت.


بۆچی ئەمریكا بڕیاریدا لە ئەنجومەنەكە بكشێتەوە؟
بڕیاری ئەمریكا بۆ كشانەوە لە ئەنجومەنەكە دوای چەند ساڵێك لە رەخنەگرتن درا، واشنتۆن سەرەتا ساڵی 2006 رەتیكردەوە ببێتە ئەندامی ئەنجومەنەكە، بە پاساوی ئەوەی كە وەك كۆمسیۆنە كۆنەكە دەبێت، ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانیش دانینا بە بوونی تۆماری گومانلێكراوی مافەكانی مرۆڤ، بەڵام گروپەكانی مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2013دا جارێكی تر رەخنەیان ئاراستەی ئەنجومەنەكە كرد دوای ئەوەی چین و روسیا و سعودیە و جەزائیر و ڤێتنام وەك ئەندام هەڵبژێدران.
هەروەها بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا دوای ئەوەهات كە ئیسرائیل بە پاساوی ئاراستەكردنی رەخنەی نادادپەروەر دژی تەلئەبیب یەكێك لە كۆبوونەوەكانی "نمایشی وەرزیی گشتگیری " بایكۆتكرد.
ساڵی رابردوو نیكی هایلی ئەنجومەنەكەی ئاگاداركردەوە لەوەی كە قورسە چەند بڕیارێك قبوڵ بكرێت كە دژی ئیسرائیل دەردەكرێت، لە كاتێكدا هیچ بڕیارێكی پەیوەست بە ڤەنزوێلا تاوتوێنەكراوە، لە كاتێكدا دەیان خۆپیشاندار لە كاتی ئاڵۆزە سیاسیییەكاندا لەو وڵاتە كوژراون.
ئیسرائیل تاكە دەوڵەتە كە لایەن ئەنجومەنەكەوە بەردەوام چاودێری دەكرێت، بەواتای ئەوەی مامەڵەی لەگەڵ فەلەستینییەكاندا بە شێوەیەكی رێكخراو لێكۆڵینەوەی لێدەكرێت.
كاردانەوەكان چی بوون؟
چەند وڵاتێك بێ ئومێدی خۆیان لە بڕیای كشانەوەی ئەمریكا دەربڕی، باڵیۆزی سلۆڤینیا، ڤۆییسلاڤ سوك سەرۆكی ئێستا ئەنجومەنەكە وتی:" ئەنجومەنەكە تاكە لایەنە كە وەڵامی كێشەكان و حاڵەتەكانی مافەكانی مرۆڤ دەداتەوە لە سەرتاسەری جیهاندا".
وتیشی: " دوای كشانەوەی ئەمریكا گرنكە پارێزگاری لەوە بكەین ئەنجومەنەكە بەهێز و چالاك بمێنێتەوە".
بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش نیگەرانی خۆی بەرامبەر بڕیارەكەی ئەمریكا دەربڕی و راشیگەیاند چاكسازیی پێویستە و ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ قەوارەیەكی گرنگە بۆ لێپرسینەوە لە وڵاتان.
هاوكات ژمارەیەك لە رێكخراوی خێرخوازییەكان و گروپە فریاگوزارییەكان رەخنەیان لەو هەنگاوەی ئەمریكا گرت و یەكێتی ئازادییە مەدەنییەكانی ئەمریكا وتی:" ئیدارەی ترەمپ هەوڵی پلان بۆ داڕێژرا و و دوژمنكارانەی بۆ پێشێلكاریی مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤەوە هەیە".
هەروەها رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ كە بارەگاكەی لە نیویۆركە بڕیارەكەی ئەمریكا و سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپی لە بواری مافەكانی مرۆڤدا بەوە وەسفكرد كە رەهەندێكی تاكلایەنەی هەیە.
بەڵام سەرۆك وەزیران ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ بە خێرایی پشتگیری بۆ ئەو بڕیارەی ئەمریكا راگەیاند و لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڕیارەكەی بە " بڕێكی ئازایانە" وەسفكرد.
سەرچاوە: بی بی سی

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand