نەوتو پشكی هەرێم لە بودجەی سێ ساڵی داهاتوودا
2023-03-18 16:38:00
(درەو):
پرۆژە یاسای بودجەی 2023-2024-2025ی عێراق گەیشتە پەرلەمان، بەپێی ئەوەی حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنیان لەسەر كردووە، حكومەتی هەرێم دەبێت (400 هەزار) نەوتی رۆژانە هەناردە بكاتو داهاتەكەی بخاتە حساب بانكییەكەوە كە حكومەتی فیدراڵ چاودێری بكات، سەرباری ئەمە دەبێت حكومەتی هەرێم داهاتە نانەوتییەكانیشی رادەستی بەغداد بكات، ئەگەر كێشەی لەسەر جێبەجێكردنی یاساكە لەنێوان هەولێرو بەغداد رویدا، لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێننو لیژنەكە راپۆرتی خۆی دەدات بە سەرۆك وەزیرانی عێراقو ئەو بڕیاری كۆتایی لەسەر ناكۆكییەكە دەدات.
دەقی رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵی عێراق لەناو پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023-2024-2025ی عێراقدا:
ماددەی 12:
یەكەم: خەرجی هەرێمی كوردستان لە تێكڕای خەرجی راستەقینە دیاری دەكرێت، لە خشتەی (د) هاتووە (خەرجی حاكیمە) كە هاوپێچە لەگەڵ ئەم یاسایە، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەرەزامەندی سەرۆك وەزیران خەرجدەكرێت.
دووەم: پشكی هەرێمی كوردستان لەتێكڕای خەرجی راستەقینە (خەرجی ئێستاو خەرجی پرۆژەكانی وەبەرهێنان)ن بەجۆرێك زیاتر نەبێت لە هەمان رێژەی داهاتی نەوتو پشكی خەزێنە لەداهاتی دەروازە سنورییەكان زیاتر نەبێت دوای لێدەركردنی خەرجییە سیادییەكانی وەكو خەرجی (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دەستەی حەشدی شەعبی، وەزارەتی دەرەوە، دەزگای دژەتیرۆر، وەزارەتی بەرگری، تەرخانكراوەكانی سوپای عێراق بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، دادگای باڵای فیدراڵی، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان،...).
ماددەی 13:
یەكەم: شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیو حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاودەكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵو دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی كوردستان، بەپشتبەستن بەو مافو پابەندییانەی كە لە یاساكانی بودجەی فیدراڵی تایبەت بە هەر ساڵێكی دارای هاتووە.
دووەم:
ا- حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەناردەكردنی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی بەرێژەیەك كە كەمتر نەبێت لە (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەگوێرەی راپۆرتی مانگانەی پێشكەشكراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانو پەسەندكراو لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمو وەكو داهاتی كۆتایی بۆ خەزێنەی فیدراڵ تۆماردەكرێت.
ب- حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ، بەمەرجێك دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی بكات لەو تۆمارانەی كە تایبەتن بەم داهاتانەوە.
ج- وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەندە پێدانی شایستەكانی هەرێم بەشێوەی مانگانە، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە بەهەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی داراییو ئابوری هەرێم لەرێگەی ناردنی بودجەی پێداچونەوەی مانگانە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو تێكڕای حساباتی مانگانەی دەوڵەتو دوای وردبینیكردن لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، پاكتاوی حسابی تایبەت بە مافو پابەندییە نەوتیو نانەوتییەكانی هەردوولا بكرێت، لەسەر بنەمای چارەكی ساڵانە بەجۆرێك گرەنتی پێدانو پاكتاوی ئەو شایستانە بكات بەشێوەیەكی رێكوپێك.
د- ئەو پارانەی بانكی بازرگانی عێراق كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومیو تایبەتەكاندا، پاكتاو دەكرێت. وەزارەتی دارایی هەڵدەسێت بە دانانی خشتەی قیستی مانگانەو ئەم پارانە لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، پێدانەوەی قیستەكان لە ساڵی دارایی 2023وە دەستپێدەكات بۆ ماوەی (7) ساڵ.
ماددەی 14:
یەكەم: تەواوی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی هەرێم لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت، هەموو ئەو داهاتانەی لە هەناردە یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەكانەوە لەم حسابەدا دادەنرێت، بەبێ هیچ لێبڕینێك بۆ هەر مەبەستێك، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان یان هەر كەسێك كە ئەو سەرپشكی دەكات، دەسەڵاتی خەرجكردنی هەیە، حسابی ناوبراو دەكەوێتە ژێر چاودێری حكومەتی فیدراڵەوەو هەموو حسابە هاوشێوەكانی تر دادەخرێن.
دووەم: دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمو بە هەماهەنگیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیو وەزارەتی سامانی سروشتییەكانی هەرێم وردبینی دەكات لەو حسابەی كە لە بڕگەی (یەكەم)دا هاتووە، هەروەها چاودێری دەكات لەرێگەی گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی تایبەتمەند، بەدەر لە رێنماییو رێوشوێنەكانی گرێبەست مافی ئەوەی تەماشای وردەكاری گرێبەستو بارو داشكاندنە پەیوەندیدارەكان بەهەموو بابەتەكانو شایستەی هەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە گرێبەستی دەرهێنانیو گواستنەوەو هەناردەیان هەیە، بەمەرجێك وەزارەتی داراییو ئابوری هەرێم بودجەی پێداچوونەوەی مانگانە بدات بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ، بۆ ئەوەی دیوان بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی تێدا بكاتو رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ/ فەرمانگەی ژمێریاری بكات بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی حساباتی دەوڵەتدا دابنرێت.
سێیەم: ئەو حسابە بانكییەی كە لە بڕگەی (یەكەم)دا هاتووە بەهەموو هاتوو و رۆیشتووەكانیەوە لەلایەن ئەو كۆمپانیای نێودەوڵەتییەی كە لە بڕگەی (دووەم)دا هاتووە، چاودێری دەكرێتو راپۆرتی خولی لەوبارەیەوە پێشكەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم دەكات.
چوارەم: تۆماری دارایی ساڵانەو نیوە ساڵانە بە ئیمزای وەزیری داراییو ئابوری هەرێمو چاودێری سەربەخۆی حسابەكان (كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكە) پێشكەش دەكرێتو كۆپییەكی پەسەندكراوی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دادەنرێت.
پێنجەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا، ئەركی ئەنجامدانی پێداچوونەوەی گشتگیر بۆ ماوەی پێشوو بۆ هەمووی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە كەرتی نەوتو غاز لە هەرێمو پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵو هەرێمو دەرچوون بە روانگەیەكەوە كە گونجاو بێت لەگەڵ دەستورو لەلایەن هەردوولاوە قبوڵكراو بێتو قابیلی جێبەجێكردن بێت بۆ ئەنجامدانی پاكتاوی قۆناغی پێشوو.
شەشەم: حوكمی بڕگەكانی (یەكەم، دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم)ی ئەم ماددەیەدا، لە رۆژی جێبەجیێكردنی ئەم یاسایەوە تاوەكو جێبەجێكردنی یاسای نەوتو غاز، جێبەجێ دەكرێت.
حەوتەم: لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە مافو پابەندیو میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، لیژنەكە پێشنیازەكانی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات.