Draw Media

بەغداد هەواڵگری وڵاتانی ناوچەكە كۆدەكاتەوە

بەغداد هەواڵگری وڵاتانی ناوچەكە كۆدەكاتەوە

2023-03-18 10:42:47


(درەو): 
عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەگاتە بەغداد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەبینێت، رێككەوتنێك لەبارەی ئاسایشی سنورەكان ئیمزا دەكرێت، سبەینێ بەغداد بەرپرسی دەزگا ئەمنی‌و هەواڵگرییە باڵاكانی وڵاتانی ناوچەكە كۆدەكاتەوە.
بڕیارە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا، عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بەسەردانێك بگاتە بەغداد. 
شەمخانی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە فەرمی بانگهێشتكراوە، بڕیارە لەم سەردانەدا چاوی بە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (سەرۆك  كۆمار- سەرۆكی پەرلەمان- سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران) بكەوێت. 
بەپێی قسەی هەندێك لە سەرچاوەكان لە بەغدادەوە، هەر لەم سەردانەدا، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەر لە بەغداد چاوی بە (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەكەوێت‌و لەبارەی ئاسایشی سنورەكانی نێوان عێراق‌و ئێران گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكات‌و پێشبینی دەكرێت لەسەر ئەم بابەتە یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەنێوان عێراق‌و ئێران ئیمزا بكرێت.
ئێرانییەكان نیگەرانن لە بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر  خاكی هەرێم، بەردەوام پەیامی هەڕەشە لەمبارەیەوە ئاڕاستەی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم دەكەن، داوای داخستنی بارەگای ئەو حزبانە دەكەن‌و وەكو هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی خۆیان ناویان دەبەن، ئێرانییەكان خوازیارن حكومەتی فیدراڵی عێراق ئەركی كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران بگرێتە ئەستۆ.  
شەمخانی بەمدواییە لە پەكینی پایتەختی چین نوێنەرایەتی ئێرانی كرد بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سعودیە، بەر لە هاتنی بۆ بەغداد، شەمخانی سەردانی ئیماراتی عەرەبی كرد‌و شێخ (تەحنون بن زاید ئال سانی) راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئیماراتی بینی. 
عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا رۆڵی گەورەی گێڕا لە نزیككردنەوەی ئێران‌و سعودیە‌و پێنج گەڕی دانوستانی بۆ بەرپرسانی ئەمنی تاران‌و ریاز لە بەغداد رێكخست. 
هەر لەم سەردانەدا، شەمخانی بەشداری لە كۆنگرەی دیالۆگی بەغداد دەكات، كە سبەینێ دەستپێدەكات‌و بەرپرسانی ئەمنی ئێران‌و ئیمارات‌و توركیا‌و سوریا‌و قەتەرو سعودیە‌و ئوردن بەشداری دیالۆگەكە دەكەن، بەپێی قسەی سەرچاوەكان، جگە لە شەمخانی، لە دیارترین ئەو كەسایەتیانەی بەشداری كۆنگرەی دیالۆگی بەغداد دەكەن بریتین لە هەریەكە لە (هاكان فیدان) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا "میت"‌و (تەحنون بن زاید) راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئیمارات. 
هاوكات لەگەڵ گەرمبوونی دەنگۆی ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لەلایەن ئیسرائیل‌و ئەمریكاوە، ئێرانییەكان بەمدواییە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان چڕكردوەتەوە‌و هەواڵی ئاسایشكردنەوەی دۆخی پەیوەندییەكانیان دەدەن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand