"ژمارەو پشكی لایەنەكان لە كۆمسیۆن وەك خۆی دەمێنێتەوە"
2023-03-17 11:52:36
(درەو):
وەك یەكەم هەنگاو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پێكهێنا، بڕیارە لەهەفتەی داهاتووەوە دەستبەكاركردن بكەن، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ژمارەی ئەندامانو پشكی حزبەكان لە كۆمسیۆن وەك خۆی دەمێننەوە.
رۆژی 15ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی پێنج كەسیی پێكهێنا بەمەبەستی پاڵاوتنی كۆمیسیاران بۆ ئەنجومەنی كۆمیسیاران، ئەندامانی لیژنەكەی پەرلەمان ئەمانەن:
- د. بژار كۆچەر، وەك نوێنەری پاراتی دیموكراتی كوردستان
- عەباس فەتاح صاڵح، وەك نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
- بەڵێن ئیسماعیل، وەك نوێنەری فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان
- ڕوبینە ئوملیك عەزیز، وەك نوێنەری هاوپەیمانی یەكێتیی نەتەوەییو سەرجەم فراكسیۆنەكانی كلدو ئاشورییەكان
- سارا دڵشاد چاوشلی، وەك نوێنەری فراكسیۆنە توركمانییەكان
پێكهێنانی لیژنەكەو ئەندامەكانی لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە خرایە دەنگدانو پەسەندكرا.
بەپێی بەداوادچوونەكانی (درەو)، لیژنەكە لە هەفتەی داهاتووەوە كۆدەبێتەوە بۆ وەرگرتنی سیڤی كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستان.
(درەو) زانیویەتی، لایەنەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانو پشكی حزبەكان لەم كۆمسیۆنەدا وەك خۆی بمێنێتەوە كە (9) ئەندامە، تەنیا دوو ئەندامەكەی پارتی لەناو ئەنجومەنی كۆمسیاران دەگۆڕدرێت، ئەگەر حزبەكانی تریش داوایان كرد ئەوانیش دەتوانن كۆمسیارەكانیان بگۆڕن.
لەبارەی كۆمسیۆنەكەی كوردستانەوە
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی سەربە پەرلەمانی كوردستانن، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسیو لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمانو دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 3ی كانونی یەكەمی 2014.
ئەم كۆمسیۆنە ماوەی (9) ساڵ زیاترە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا.
دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا.
تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستانەوە، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا.
ئەندامانی ئەم كۆمسیۆنە لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراونو لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوەو پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە:
• هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە
• رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
• سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە
• شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە
• ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە
• عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
• جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە)
• نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانەو سەربە یەكێتییە
• سەباح عەبدوڵا- كۆمسیار، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان (كۆچی دواییكردووە)
لە ئێستادا ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران ماوەی یاساییان تەواو بووە، هاوكات دوان لە نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەنێو ئەنجومەنەكەدا نەماون، لایەنەكان بەتایبەت (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو) رێككەوتنیان هەیە كە كۆمسیۆن بە هەمان ژمارەو دابەشكاریەوە كارا بكرێتەوە، بە گۆڕینی ئەندامەكانیەوە بەڵام لایەنەكان ئازادن ئەندامانیان بهێڵنەوە یان بیگۆڕن.