"ئەردۆغان هەڵبژاردن دووبارەدەكاتەوە ئەگەر زۆرینە بەدەستنەهێنێت"
2018-06-19 14:02:11
(درەو میدیا):
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا" مەهەپە" رایدەگەیەنێت ئەگەر لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیراندا هاوپەیمانێتییەكەیان لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان " ئاكەپە" زۆرینەی پەرلەمانیی لەدەستبدات، ئەوا هەڵبژاردن دووبارەدەكرێتەوە.
بڕیارە 24ی مانگ هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی توركیا بەڕێوەبچێت و دوای هەڵبژاردنەكەش سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە ساڵی رابردوو لە ریفراندۆمێكدا پەسەندكرا.
بە گوێرەی نوێترین راپرسی هاوپەیمانێتی " ئەردۆغان- باخچەلی" لە هەڵبژاردنی 24ی مانگدا ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت و ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش لە خولی یەكەمدا بۆ ئەردۆغان یەكلایی نابێتەوە.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی " ئێن تی ڤی " توركیی رایگەیاند ریفراندۆمەكە دەسەڵاتی ئەوەی بە سەرۆك یان سەرۆكی پەرلەمان بەخشیوە كە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بكەن، ئەگەر رووداوێك روویدا یان گرفتێك بێتە پێشەوە، بۆ نمونە ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییدا سەركەوتنی بەدەستهێنا ، بەڵام حزبەكەی شكستبهێنێت لە بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمان.
باخچەلی وتیشی:" كاتێك سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمان گەیشتە خاڵێك كە نەتوانن بەیەكەوە بە سانایی كاربكەن، ئەوا تاكە رێگە بۆ دەرچوون لەوە بە گوێرەی هەمواری دەستور كە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ نمونە كە تاوتوێیدەكەن، هەڵبژاردنی پێشوەختە".
باخچەلی لە ماوەی رابردوودا رۆڵێكی سەرەكی گێڕا بۆئەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی توركیا بۆ 24ی حوەزیران پێشبخرێت، كاتێك لە نیسانی رابردوو داوایكرد هەڵبژاردن پێشبخرێت و ئەردۆغانیش دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ باخچەلی 24ی حوەزیرانی بۆ هەردوو هەڵبژاردنەكە دیاریكرد.
بە گوێرەی هەمواری دەستوری توركیا، ژمارەی پەرلەمانتارانی خولی نوێی توركیا لە 550 پەرلەمانتارەوە دەبێت بە 600 پەرلەمانتار و بەرپرسانی ئاكەپەش لە هەوڵدان هەرچۆنێك بێت لانیكەم 300 كورسی پەرلەمانی نوێ بەدەستبهێنن.