Draw Media

مالیكی: كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی فراوان دەكەین

مالیكی: كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی فراوان دەكەین

2018-06-19 13:29:20


(درەو میدیا):
نوری مالیكی كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێنتیەكی فراوان و حكومەتی زۆرینە دەكات، وتەبێژی  هاوپەیمانی نەسریش دەڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆبونەوەی عەبادی و لایەنەكان بەڕێوەدەچێت و چەندین لیستی براوەش ئامادەییان پیشانداوە بۆ بەشداریكردن.
نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانیكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، دەوڵەتی یاسا كاردەكات بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی گشتگیر كە شیعە و سوننە و كورد لەخۆبگرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینە، مەترسی خۆشی پیشانداوە لەدوای 30 حوزەیرانەوە بۆشایی دەستوری لە عێراق دروستبێت.
مالیكی ئاماژەی بەوەشكردووە، هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتی،  تا ئەو كاتەی ئاڕاستەی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕێكدەكرێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی كۆتایی پەسەنددەكرێت.
لە كۆبونەوەی عەبادی و لایەنەكاندا باس لە تانەكان ناكرێت
لەلایەكی ترەوە، حسێن عادلی وتەبێژی لیستی نەسر، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەیاننامەیەكەدا ڕایگەیاندوە، 10 لیستی براوەی هەڵبژاردنەكان پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەكی عەبادی كردووە و ئامادەییان دەربڕیوە بەشداری لە كۆبونەوەكەدا بكەن، پێشبینیشیكردوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو كۆبونەوەیە بەڕێوەبچێت.
وتەبێژی لیستەكەی عەبادی ئاشكرای كردوە، ئامانجی دیدارەكە ڕێككەوتنە لەسەر هێڵە گشتییەكانی ئیدارەدانی دەوڵەت و دامەزراوەكانی لە قۆناغی داهاتوودا و ڕۆشنایی ناخاتە سەرپرسی تانەكانی هەڵبژاردنەكان، بەوپێیەی پرسێكی دادوەرییە و یاسا و دادگاكان دەبێت یەكلایبكەنەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand