كەجەكە: رەزامەندی نهێنی و شاراوە هەیە بۆ هاتنی سوپای توركیا
2018-06-19 09:48:19
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: نیاز عەبدوڵلا
لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە، هەڕەشەكانی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دژی پارتی كرێكارانی كوردستان" پەكەكە" لە قسەی میدیاكانەوە گۆڕا بۆ لەشكركێشییەكی فراون بۆ ناوچەی برادۆستی هەرێمی كوردستان.
وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" سەرحەد ڤارتۆ لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیی لەگەڵ (درەو میدیا) باسی لە بڵاوبوونەوەی بنكە هەواڵگرییەكانی دەوڵەتی توركیا كرد لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ڤارتۆ ئاشكرایكرد وەك كەجەكە پێیان وایە "هاتنی سوپای توركیا بۆ باشووری كوردستان بێ ئاگاداری حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان نییە".
(درەو میدیا) لە گفتوگۆكەیدا ئامانجی هێنانی بەرەی نوسرە و سوپای سوریای ئازادی بۆ هەرێمی كوردستان خستە بەر باس.
درەو میدیا: كەجەكە كاردانەوەی فەرمی حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر هاتنی سوپای توركیا بۆناو خاكی هەرێم چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
سەرحەد ڤارتۆ: هێرشی دەوڵەتی توركیا، هێرشێكە لە دژی كورد و كوردستانە. تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان لە دژی داگیركاری هەڵویستیان نەبووە. حكومەت تەنیا یەك هەڵوێستی پیشاندا، ئەویش لەبری ئەوەی داگیركارەكە بە بەرپرسیار ببینن پەكەكە وەك هۆكاری داگیركاریی پیشاندرا. سەفین دزەیی لێدوانیكی دا و وتی: ئەگەر پەكەكە لە باشوور نەبن دەوڵەتی توركیا هێرشی سەر باشوور ناكات. ئەم لێدوانەی سەفین دزەیی رەوایەتی بە داگیركاری دەدات. ئیمە وابیر دەكەینەوە كوردستان یەك كوردستانە، هەر كوردێك حەقی خۆی هەیە لەسەر پارچەیەكی كوردستان تێكۆشان بكات. ئەگەر ئێمە زهنییەتی سەفین دزەیی هەڵبسەنگێنین، لە ساڵی 1988 لە باشوور ئەنفال ئەنجامدرا لەگەڵ هەڵەبجە و لە كاتی راپەرین سەدام حوسێن كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی ئەنجامدا. ئەمە بۆچی؟ ئەگەر كورد دژی رژێمی بەعس رانەپەڕیایە و هەڵوێستی نەبوایە و تێكۆشانی نەكردایە و چاوی خۆی بگرتایە، بەعس درێژەی بە كۆمەڵكوژی دەدا و، ئەگەر زووتر ئەو خەباتە بەهێزتر بوایە بەعس ئەو كۆمەڵكوژیانەی ئەنجام نەدەدا. ئەگەر كورد تێكۆشانی نەكردایە كوردیش نەدەما.
ئەو بیركردنەوەیەی سەفین دزەیی زۆر مەترسیدارە و زۆر زیان بە كورد دەگەیەنێت.
درەو میدیا: ئێوە پارتی تۆمەتباردەكەن بەهاوكاریكردنی توركیا، كەواتە چەند زانیارتان لایە سەبارەت پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ سوپای توركیا لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستان؟
سەرحەد ڤارتۆ: ئێمە ئاگادارین هەندێك هێزی توركیا بە جلوبەرگی پێشمەرگە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان. ئاگاداری ئەوەش هەین هەندێك هێزی بەرەی نوسرە و سوپای سوریای ئازاد هێنراونەتە هەرێمی كوردستان. بەر لە هەرشتێك هاتنی سوپای توركیای داگیركار بۆ باشووری كوردستان بێ ئاگاداری حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، چونكە ئەگەر بەبێ ئاگاداری ئەوان بوایە پێویست بوو هەڵوێستیان پیشان بدایە. حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەتوانن بڵێن ئێمە لەدژی داگیركاریین و لەگەڵ ئەو سیاسەتەی توركیا نین، بەڵام ئەوان ئەوەندەش ناڵێن، نە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی توركیا دەكەن نە ناڕەزایی دەردەبڕن، بۆیە رەزامەندی نهێنی و شاراوە هەیە بۆ هاتنی سوپای توركیا.
سەرحەد ڤارتۆ: لە هەموو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی توركیا بنكەی هەواڵگری هەیە
درەو میدیا: ئێوە راتانگەیاندووە بەرەی نووسرە و سوپای سوریای ئازاد هێنراونەتە هەرێمی كوردستان، بەپێی زانیارییەكانی ئێوە ئەوان ئێستا لە چ شوێنێكن؟
سەرحەد ڤارتۆ: زانیاری ئیستخیباراتیمان هەیە لەو بارەیەوە و هێشتا بۆ دەرخستنی وردەكارییەكان كاردەكەین، بەڵام ئەو ناوچانەی بنكەی سەربازی توركیای تیادا هەیە ئاگادارین لەگەڵ ئەوان لەو شوێنانە داندراون.
ئێمە بەرەی نوسرە لە باكوری كوردستانەوە دەناسین چ جۆرە هێزێكن، لە شەڕی جزیرە سوور و نوسەیبین و شرناخ و سلۆپی لە لایەن دەوڵەتی توركیاوە ئەو هێزانە بەكاهێندران و شەڕیان پێكرا لە سەركوتكاری كورد. بۆیە هیچ شتێكی دوور نییە توركیا لە باشووری كوردستان بەكاریانبهێنێت.
ئەوان دەخوازن چەند ئامانجێك لە كوردستان بەدیبهێنن، لەوانە دەخوازن لە دژی كورد بەكاریانبهێنن و لە هەمان كات ئەو هێزە لە دژی عێراق و ئێرانیش بەكاربهێنن، چونكە ئێمە باش دەزانین لە ساڵی 2014 داعش لە عێراق بەكارهێندرا و ئەو ئاڵۆزییەیان بۆ عێراق دروست كرد كە لە رێگای حكومەتی ئەردۆغانەوە بوو، لە سوریا ئەو هێزانە كە بەكارهێندران هەر لەلایەن حكومەتی ئەردۆغان بوو. لەبەرئەوەی ئەو هێزانە لە دەستی ئەردۆغان دان لە ئیدلبەوە تا جەرابلوس 100هەزار چەتەی هەیە. ئەی ئەوانە چی بكەن ئەگەر شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر سەرقاڵ نەكرێن و بۆ سیاسەتی خۆی بەكاریاننەهێنێت.
سەرحەد ڤارتۆ: هێزی توركیا بە جل و بەرگی پێشمەرگە هاتوونەتە باشووری كوردستان
درەو میدیا: مەترسییەكانی ئەو هێزە تیرۆریستیانە چین لە هەرێم؟
سەرحەد ڤارتۆ: تا ئێستا لە ناو گۆمەڵگای كوردستان ئیسلامی رادیكاڵ بەو رادەیە نین كە خەریكی رێكخستنەكانیان بن یان لەگەڵ ئەو هێزانە رێكبكەون، بەڵام ئەوانە دەخوازن دۆخی باشوور ئاڵۆزبكەن. ئەو هێزانەی لە دەستی توركیا كۆبوونەتەوە بۆجێبەجێكردنی سیاسەتەكانی توركیا بەكاربهێنن و دەست بەسەر هەندێك شوێندا بگرن بۆئەوەی شوێنی نوێ بۆئەو هێزانە بدۆزنەوە و تیایدا نیشتەجێیان بكەن بۆ بەكارهێنانیان لەو كاتەی كە دەیانەوێت.
سەرحەد ڤارتۆ: خەریكە هەژمونی سەربازی و هەواڵگری دەوڵەتی توركیا لەسەر باشووری كوردستان دروست دەبێت
درەو میدیا: چەند هاوبەشی سیاسیی و سەربازیی لە نێوان توركیا و عێراق و ئێران هەیە بۆ هێرشكردنە سەر ئێوە؟ ئاگاداری هیچ جۆرە رێككەوتنێك هەن لەو بارەیەوە؟
سەرحەد ڤارتۆ: توركیا لە لای خۆیەوە لێدوان دەدات لە بارەی نزیكی لە ئێران و عێراق و ئەمریكاش دژ بە پەكەكە، بەڵام ئەوە راست نییە. ئێمە لەو بڕوایەدا نین ئێران و عێراقیش بكەونە ناو رێككەوتنێكی لەو جۆرە، چونكە رێككەوتنی لەو جۆرە نە لەبەرژەوەندی ئێران و نە لەبەرژەوەندی عێراقە. بۆ ئەو دوو وڵاتە روونە شەڕی كورد لە بەرژەوەندییان نییە، ئەوان دەبینن لە چوار ساڵی رابردوودا توركیا شەڕی لەگەڵ پەكەكە كردووە چ زیانێكی بەركەوتووە و دۆخی بەرەو تێكچوونە. ئەوان تا ئێستا سیاسەتی سەربەخۆی خۆیان هەیە و باوەڕناكەین ئێران ببێتە پێشەنگی ئەو شەڕەی توركیا.
درەو میدیا: بەپێی زانیارییەكانی ئێوە ژمارەی بنكە سەربازییەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە چەند؟
سەرحەد ڤارتۆ: بەپێی زانیارییەكانی ئێمە تا ئێستا نزیكەی 20 بنكەی سەربازی دەوڵەتی توركیا هەیە، لە بامەڕنی تا مێرگەسوور و ناوچەی بادینان بڵاوبوونەتەوە و بارەگایان هەیە. ئێستا لە برادۆست نزیكەی سێ مانگە توانیویانە دوو بنكەی نوێ دروست بكەن ئەویش رۆژانە چالاكی هەڤاڵان لە دژی ئەوان هەیە كە ناوچەیەكی ستراتیجییان گرتووە, لە دەرەوەی ئەوە دەوڵەتی توركیا بنكەی ئیستخیباراتییان هەیە. لە هەموو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكرات توركیا بنكەی هەواڵگری هەیە لە دهۆك و هەولێریش. خەریكە هەژمونی سەربازیی و هەواڵگری دەوڵەتی توركیا لەسەر باشووری كوردستان دروست دەبێت.