Draw Media

دادگای فیدراڵیی لەسەر سكاڵاكانی فوئاد مەعسوم و پارتی كۆدەبێتەوە

دادگای فیدراڵیی لەسەر سكاڵاكانی فوئاد مەعسوم و پارتی كۆدەبێتەوە

2018-06-19 07:35:51


وتەبێژی دادگای فیدراڵیی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند دادگای فیدراڵی عێراق کاتژمێر 11ی بەیانی رۆژی  پێنجشەممە 21ی حوزەیرانی دیاریكرد، بۆئەوەی لە دانیشتنێكی ئاشكرادا ئەو سكاڵایانە تاوتوێبكات كە لەلایەن فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق و ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و  پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان تومارکراون.
لە رۆژی 6/6/2018 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەسەندكرد كە تیایدا بڕیاریدا بە ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان و هەڵوەشاندنەوەی دەنگی ئاوارە و دەرەوە و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش هەندێك لایەن دژی وەستانەوە و هەندێكیش پشتیوانیان لێكرد. 

دەقی یاساكە:
یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
ژمارە (45)ی ساڵی 2013ی هەمواركراو:
ماددەی -1- ماددەی (38)ی یاساكە هەڵدەوەشێنرێتەوە ئەمەی خوارەوە جێگەی دەگرێتەوە:
ماددەی-38- كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بە دووبارە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەستیی هەموو بنكەكانی هەڵبژاردن لەسەرتاسەری عێراق بە ئامادەبونی بریكاری قەوارە سیاسییەكان و كاركردن بە ئامێری ئەلیكترۆنیی خێراكردنی ئەنجامەكان هەڵدەوەشێتەوە و ئەنجامەكان پشت بە ژماردنی دەستی دەبەستێت، ئەم ژماردنە دەستییە تەنانەت وێستگە هەڵوەشاوەكانیش دەگرێتەوە.
ماددەی-2- پێویستە لەسەر كۆمسیۆن كارتەكانی دەنگدان بەراورد بكات لەگەڵ ئەو راپۆرتەی كە لە ئامێری لێكۆڵینەوەی ئەلیكترۆنی (باڕكۆد) دەرچووە، لەگەڵ گرتنەبەری بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە. 
ماددەی-3- جگە لە دەنگی كەمینەكان كە سیستمی (كۆتا) دەیانگرێتەوە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی دەرەوە بۆ هەموو پارێزگاكان و هەڵبژاردنی جوڵەی دانیشتوان لە پارێزگاكانی (ئەنبار- سەلاحەدین- نەینەوا- دیالە) و هەڵبژاردنی ئاوارەكان لە كەمپەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار و زیندانییەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان،   هەڵدەوەشێنەوە.
ماددەی-4- لە كاتی بوونی سەرپێچی كە پێویست بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان بكات لە بنكەكانی هەڵبژاردندا، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەی هەیە بەپێی ئەوەی لە ماددەی (8/سێیەم)ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە (11)ی ساڵی 2007دا نوسراوە.
ماددەی-5- ئەنجومەنی باڵای دادوەریی (9) دادوەر دادەنێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دەسەڵاتی ئەنجومەنی كۆمسیاران وەردەگرن لە بری ئەنجومەنی كۆمسیارانی ئێستا، هەروەها دادوەرێك بۆ هەر ئۆفێسێك لە ئۆفێسەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگاكان لەبری بەڕێوەبەرەكانی ئێستا، لەگەڵ پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، ئەركی دادوەرە دانراوەكان تەواودەبێت، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و بەڕێوەبەری ئۆفێسی پارێزگاكان لەكاركردن رادەوەستن تا ئەوكاتەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی ساختەكاریی كە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بۆ كردووە، تەواودەبێت.
ماددەی-6- حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی 2018.
ماددەی-7- كار بە هیچ دەقێك ناكرێت كە دژ بە حوكمەكانی ئەم یاسایە بێت.
ماددەی-8- لە رۆژی دەنگدانەوە لەسەری، ئەم یاسایە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand