Draw Media

دەقی كوردیی وتارە ڤیدیۆییەكەی سەلاحەدین دەمیرتاش

دەقی كوردیی وتارە ڤیدیۆییەكەی سەلاحەدین دەمیرتاش

2018-06-18 09:29:54


درەو میدیا:
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش كاندیدی پارتی دیموكراتی گه‌لان "هه‌ده‌په‌" بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماریی توركیا، كه‌ له‌ زیندانی ئه‌دیرنه‌ به‌ندكراوه‌، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا‌ له‌ ڕێی كه‌ناڵی TRT Haberی توركی، به‌ ڤیدیۆ په‌یامێكی ئاراسته‌ی ڕای گشتی كرد و وتی :" نه‌ك ته‌نیا ٢٠ مانگ، ئه‌گه‌ر ٢٠ ساڵیش له‌ زینداندا بمێنمه‌وه‌، سه‌رم بۆ زوڵم دانانه‌وێنم".
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ به‌ زمانی كوردی:
خوشك و برایانی هێژا:
به‌ گه‌رمترین خۆشه‌ویستی، بیركردن و هه‌سته‌وه‌ سڵاوتان لێ ده‌كه‌م. له‌م كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌داخه‌وه‌ له‌ زیندانی پیتی ئێف-ی ئه‌دیرنه‌ بانگه‌وازتان ئاراسته‌ده‌كه‌م.
له‌ ٤ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٦ له‌گه‌ڵ ١٢ هه‌ڤاڵی په‌رله‌مانتار ئێمه‌یان خسته‌ زیندان. ٢٠ مانگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بێ حقوقی ئێمه‌ لێره‌دا زیندانین. هیچ جارێك دادگاییكردنێكی دادپه‌روه‌رانه و‌ بێلایه‌نانه‌ به‌ڕێوه‌نه‌چوو. له‌م ٢٠ مانگه‌دا، ته‌نیا ٢ جار چوومه‌ته‌‌ به‌رده‌م دادگه‌. پڕۆسه‌ی دادگه‌ییكردنی من ده‌كرا به‌بێ گرتن به‌ڕێوه‌چووبا، به‌ڵام به‌هۆی زه‌ختی سیاسی بڕیاری دیلگرتنی من به‌رده‌وامه‌. تاوانباركردنی منیش به‌هۆی قسه‌كانمه‌وه‌یه‌، ئه‌و قسانه‌ی كه‌ زۆر جار ئێوه‌ گوێتان لێ گرتووه‌. جگه‌ له‌مه‌، هیچ شتێكی دیكه‌ نییه‌.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاكه‌په‌ له‌ من ده‌ترسێت، من لێره‌م. لێره‌دا من گیراوم و له‌ مه‌یدانه‌كان پاشه‌ملێ بوختانم ده‌كه‌ن. ده‌رباره‌ی من هیچ بڕیارێكی سزادان نییه‌، به‌ڵام وه‌ك تاوانبار ناوم دێنن. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی پێشێل ده‌كه‌ن و به‌ هه‌ڵه‌ ڕای گشتی ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌.
بۆئه‌وه‌ی ژیانی خۆشگوزه‌رانانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی خۆیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، درۆ ده‌كه‌ن. من ناتوانم له‌وه‌ تێبگه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌خلاق و ویژدانی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌، چۆن ده‌یانه‌وێ وه‌ڵات به‌ڕێوه‌ببه‌ن. ئێوه‌ بزانن له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ من تاوانبار نیم، ته‌نیا با ده‌زگه‌ی دادوه‌ری له‌ بری ده‌سه‌ڵاتداره‌تی پشت به‌ حقوق ببه‌ستێت.
با ئه‌م شته‌ له‌بیر نه‌كه‌ن، سه‌ید ڕه‌زا گوتبووی «من نه‌متوانی سه‌ر له‌ فرتوفێڵی ئێوه‌ ده‌ركه‌م، ئه‌مه‌ بۆ من بوو به‌ ده‌رد. به‌ڵام من له‌ به‌رده‌م ئێوه‌ سه‌رم دانه‌نه‌واند، با ئه‌مه‌ش بۆ ئێوه‌ ببێته‌ ده‌رد!» من سه‌ر له‌ درۆكانی ئێوه‌ ده‌رده‌كه‌م!
ئه‌گه‌ر زۆرداری و بێ حقوقی ته‌نیا له‌سه‌ر من بوایه‌، باسی ئه‌م شتانه‌م نه‌ده‌كرد. به‌ڵام هه‌موو ڕۆژێك ئه‌م زۆرداری و بێ حقوقییه‌ له‌ ده‌وروبه‌ریی خۆم ده‌بینم. ئێوه‌ مه‌غدوری ئه‌م ستەمەن. من ده‌بینم كه‌ ژیانی ئێوه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر تراژیدی ده‌بێت. ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵگه تووشی‌ ترس، بێ هیوایی و ڕه‌شبینی بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی برا له‌ برا، دراوسێ له‌ دراوسێ به‌ گومان بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا‌ بێكاری، هه‌ژاری، قه‌یرانی ئابووری و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دراوی بیانی ژیانی خنكاندووه‌. حكوومه‌تی ئاكه‌په‌ هه‌موو ڕۆژێك له‌ كۆشك و سه‌راكانه‌، به‌ڵام گه‌له‌كه‌مان برسییه‌. به‌ گیانی منداڵانی ئێمه‌ درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی شه‌ڕ ده‌ده‌ن.
خوشك و برایانی هێژا
له‌ ڕژێمه‌ دیموكراتییه‌كاندا هه‌ڵبژاردن زۆر گرنگن. به‌و ده‌نگه‌ی كه‌ ئێوه‌ ده‌یده‌ن، یاسا داده‌نرێت و نوێنه‌رانی خۆتان هه‌ڵده‌بژێرن. بڕیاری ئێوه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ ئه‌مڕۆ، به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر داهاتووی منداڵانیش ده‌بێت. ئێوه‌ بڕیاری خۆتان ده‌ده‌ن كه‌ ئایا له‌ دوای ٢٤ی حوزه‌یران وه‌ڵات به‌ره‌و كوێ بچێت.
ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌نگ به‌ ئاكه‌په‌ بده‌ن، چاره‌نووسی و‌ڵات ته‌نیا له‌ ده‌ستی كه‌سێكدا ده‌بێت، هه‌موو بڕیاره‌كانی به‌ڕێوه‌بردن، دادگا‌ییكردن و یاساكان له‌ ده‌ستی كه‌سێكدا ده‌بێت. هیچ ده‌زگه‌یه‌ك نابێت كه‌ بتوانێت بچوكترین كێشه‌كانی ئه‌و كه‌سه‌ش ڕاست بكاته‌وه‌، چاره‌نووسی ٨١ ملیۆن كه‌س له‌ ده‌ستی تاكه‌كه‌سێكدا ده‌بێت.
دونیا له‌ كاتێكدا له‌ ڕێی دیموكراتی پێشده‌كه‌وێت، توركیا به‌ حكومه‌تێكی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ به‌ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌ و دوور ده‌بێت له‌ دیموكراتی. هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ دیموكراتییه‌كان له‌ شه‌وێكدا نامێنن. هیچ شوێنێك نامێنێت كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر نادادپه‌روه‌ریدا ئێمه‌ سكاڵای له‌لا بكه‌ین. دادگا و فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌ردی ئێوه‌ نابنه‌ ده‌رمان. هه‌موو شتێك به‌ گوێره‌ی كه‌یف و زه‌وقی كه‌سێك ده‌كرێت. له‌و ڕژێمه‌دا مرۆڤ هه‌ست ده‌كات كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌خنكێت.
 من ئه‌م شته‌ به‌ گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی خۆم ناڵێم، به‌ڵكو سه‌یری ڕووداوه‌كانی ساڵانی ڕابردوو ده‌كه‌م و وه‌ها ده‌ڵێم. ئه‌و شته‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین ته‌نیا پێشه‌كییه‌كه‌ی ڕژێمی تاكه‌پیاوییه‌. به‌شی ترسناكی فیلمه‌كه‌ هێشتا ده‌ستی پێنه‌كردووه‌. له‌ ٢٤ی حوزه‌یراندا ئێوه‌ بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ ئایا كه‌شوهه‌وای ترس ده‌ستپێبكات یان نا.
من ده‌زانم كه‌ بڕیاری ئێوه‌ له‌پێناو ئازادی و دیموكراتی ده‌بێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌هاداره‌ی ئێوه‌، داهاتووی ڕووناكی توركیا مسۆگه‌ر ده‌كات. به‌ر له‌وه‌ی ئێمه‌ بكه‌وینه‌ تونێلێكی تاریك، له‌ به‌رده‌ممان هەلێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ پێكه‌وه‌ ئه‌م هەلە‌ به‌كاردێنین و وڵات له‌ دۆخی به‌ر‌ كه‌نده‌ڵان ڕزگارده‌كه‌ین.
با هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌قاوه‌كان كه‌ به‌ والی و قایمقامه‌كان، به‌ ده‌رفه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت، به‌ سزادان و میدیا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، ئێوه‌ نه‌ترسێنێت. سه‌خت نابێت كه‌ مرۆڤ پیشانی ئه‌و كاراكته‌ره‌ سیاسییانه‌ی بدات كه‌ گه‌ل كێیه‌ و هێزی گه‌ل چییه‌.
له‌ ٢٤ی حوزه‌یراندا ده‌نگه‌كان بۆ هه‌ده‌په‌ و ده‌میرتاش بخه‌نه‌ زه‌رف و ئه‌وه‌ی دیكه‌ بۆ ئێمه‌ لێبگه‌ڕێن. ئێواره‌ كاتێك سندووق كرانه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ ئه‌و شه‌قاوه‌ و ساخته‌كارانه‌ ده‌كه‌ونه‌ چ حاڵێك. ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ به‌رده‌م ئێمه‌یه‌ كه‌ ده‌رسێكی باشی سیاسه‌تمه‌دارانی بچووك بده‌ین. بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگی خۆتان بده‌ن.
پێویسته‌ هه‌ڤاڵانی گه‌نج بۆ چاودێریكردن ئه‌رك وه‌رگرن. تا زۆرترین ڕاده‌ من باوه‌ڕم به‌ گه‌نجان و ژنان هه‌یه‌. هەلەكان من لێره‌ زۆر كه‌من، به‌ڵام ده‌زانم‌ ئێوه‌ به‌ ناوی منه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی باش درێژه‌ به‌ كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن. من ده‌زانم ئێوه‌ خاوه‌نداره‌تی له‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدان ده‌كه‌ن.
خه‌می منتان نه‌بێت، ئێوه‌ باش بن منیش باش ده‌بم. نه‌ك ته‌نیا ٢٠ مانگ، ئه‌گه‌ر ٢٠ ساڵیش من له‌ زینداندا بهێڵنه‌وه‌ سه‌ری خۆم له‌ به‌رانبه‌ریاندا دانانه‌وێنم. له‌پێناو ئاشتی و دیموكراتی من به‌ ناوی ئێوه‌ خۆڕاده‌گرم.
ئێمه‌ كوردین، توركین، ژن و پیاوین، عه‌له‌وی و سوننین. توڕه‌یی ئێمه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ستەمە‌. ئێمه‌ شێخ به‌دره‌دینین، لایه‌كی ئێمه‌ پیر سوڵتانه‌. ئێمه‌ مه‌زڵوومین، ئێمه‌ ده‌نیزین. ناوی ئێمه‌ سه‌عیده‌ له‌ مه‌یدانی ده‌روازه‌ی چیا. ئێمه‌ حوسێنین له‌ كه‌ربه‌لا. له‌ دووره‌ وڵاتی ئه‌حمه‌د كایاین، له‌ زینداندا یەڵماز گونه‌ین. جیاوازی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌نیا كه‌سێك نین، به‌ڵكو ئێمه‌ زۆر كه‌سین. ئێمه‌ شان ده‌ده‌ینه‌ به‌ر شانی یه‌كتر.
له‌ ٢٤ی حوزه‌یراندا ده‌نگێك بده‌نه‌ هه‌ده‌په‌ و ده‌نگێك بده‌نه‌ ده‌میرتاش. شانسێك بده‌نه‌ ڕووناكی، هیوا، ئارامی و ئاشتی. باوه‌ڕ به‌م شته‌‌ بێنین و پێكه‌وه‌ به‌دی بێنین.
به‌م هه‌ستانه‌وه‌، به‌ ڕێزه‌وه‌ سڵاو له‌ هه‌مووتان ده‌كه‌م و جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانتان لێ پیرۆز ده‌كه‌م. ئاینده‌یه‌كی به‌هیوا و به‌خته‌وه‌ر بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم.

 سەرچاوە: ئاژانسی فوراتنیوز

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand