سبەی لە هەرێمی کوردستان دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەڕێوەدەچێت
2018-06-16 20:04:51
(درەو میدیا):
سبەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردن سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی توركیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و هاوڵاتیانی تورکیا و باکوری کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان وعێراق دەژین دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و پەرلەمانی تورکیا، لە ٢٤ی حوزەیران لەناو تورکیا و باکوری کوردستان بەریوە دەچێت، بەڵام پرۆسەكە لە ٧ی حوزەیرانەوە لە وڵاتانی ئەوروپا و دەرەوەی تورکیا دەستی پێکردووە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی " فورات نیوز"، لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوڵاتیانی باکوری کوردستان و تورکیا، کە مافی دەنگدانیان هەیە، سبەینێ بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا دەکەن و دەنگدان لە کونسوڵخانەکانی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا چاودێرانی خۆیان ئامادەکردووە کە لەسەر سەندوقەکانی دەنگداندا ئامادە ببن، نوینەرایەتی هەدەپەش سبەینێ چاودێرانی خۆی دەنێرنە کونسوڵخانەکان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان.
بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران لە تورکیا و باکوری کوردستان، ئەمساڵ زیاتر لە ٣ ملیۆن دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات ناوی خۆیان تۆمارکردووە. بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتیش لە ٦٠ وڵاتی جیاواز و ٥ کیشور سندوقی دەنگدان دادەنرێن، لە هەر وڵاتێک ئەگەر ژمارەی دەنگدەران زیاتر لە ٥٠٠ دەنگدەر بێت، سندوقی دەنگدانی لێ دادەنرێت.