Draw Media

بۆچی بڕیارەكەی دادگا دژی هەرێم جێبەجێ نەكراوە؟

بۆچی بڕیارەكەی دادگا دژی هەرێم جێبەجێ نەكراوە؟

2023-02-06 11:30:48


(درەو): 
دیوانی چاودێری دارایی عێراق دەڵێ هەرێمی كوردستان كۆپی گرێبەستە نەوتییەكانی رادەست نەكردووە، بەوهۆیەوە نەیتوانیوە وردبینی بكات‌و بڕیارەكەی مانگی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات. 
لە نوسراوێكدا كە كۆتایی مانگی رابردوو ئاڕاستەی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە، دیوانی چاودێری دارایی عێراق باس لەو رێوشوێنانە دەكات كە گرتویەتیەبەر بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی مانگی شوباتی ساڵی رابردووی دادگای فیدراڵی دژ بە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دۆسیەی نەوت‌و غاز. 
لە نوسراوەكەدا دیوانی چاودێری دارایی ئاماژە بە رێوشوێنەكانی دەكات‌و دەڵێ:
* رۆژی 30/3/2022 فەرمانی ژمارە (7017) دەرچووە بۆ ئەوەی لیژنەیەك بۆ وردبینیكردن لە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دروستبكرێت. 
* رۆژی 14/6/2022 نوسراوی ژمارە (1/2/13100) ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران‌و نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان كراوە بەمەبەستی ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی بتوانێت پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بكات. 
* رۆژی 26/7/2022 نوسراوی ژمارە (1/1/15/15826) ئاڕاستەی وەزارەتی نەوت كراوە بۆ ئەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بدات بە دیوانی چاودێری دارایی‌و لەسەر ئەو بنەمایە‌و بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوت پلانی وردبینی لە گرێبەستەكاندا دابنرێت.
* رۆژی 11/8/2022 نوسراوی ژمارە (11/28/16935) ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كراوە‌و تێیدا ئەوە رونكراوەتەوە قسە لەگەڵ وەزارەتی نەوتدا كراوە لەبارەی پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتمەند لە دیوانی چاودێری دارایی بۆ مەبەستی وردبینی لە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا. 
* فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەردوو نوسراوی (19767)‌و (22803) لە 13/10‌و 11/8/2022دا وەڵامی نوسراوەكانی دیوانی چاودێری دارایی داوەتەوە‌و تێیدا دەڵێ" هەرێمی كوردستان رەتیكردوەتەوە هیچ گرێبەستێكی نەوت‌و تۆماری تایبەت بەو بابەتە رادەستبكات، هەر لەو نوسراوانەدا وەزارەتی نەوت بۆ چاودێری دارایی نوسیوە ئەو بڕگەیەی كە تایبەتە بە "پاپەندكردنی هەرێم بەوەی رێگە بە وەزارەتی نەوت‌و چاودێری دارایی فیدراڵ بكات چاوبخشێننەوە بە هەموو گرێبەستە نەوتییەكانی تایبەت بە هەناردەی نەوت‌و غاز‌و فرۆشتنی هەروەها دیاریكردنی ئەو مافە داراییانەی كە دەكەوێتە سەر شانی حكومەتی هەرێم‌و دیاریكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵی‌و دوانەخستنی پاش جێبەجێكردنی هەموو بڕگەكانی ئەو بڕیارە لەلایەن حكومەتی هەرێم‌و ئاگاداركردنەوەی حكومەتی فیدراڵی‌و دیوانی چاودێری دارایی لە جێبەجێكردنی ئەو بڕگانە)، ئەمە تاوەكو مێژووی دەرچوونی نوسراوەكەی وەزارەتی نەوت جێبەجێ نەكراوە. 
* رۆژی 4/10/2022 دیوانی چاودێری دارایی نوسراوێكی تری بە ژمارە (21513) ئاڕاستەی هەریەكە لە (ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران/ نوێنەرایەتی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی نەوت، دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان) كردووە، لە نوسراوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە چاوەڕێی ئامادەكردنی ئەولەویەت‌و پێداویستییەكانی وردبینییەكە دەكات بەمەبەستی دەستپێكردنی ئەركەكەی، بۆ ئەمە دیوانی چاودێری دارایی داوایكردووە كۆپییەكی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانی پێبدرێت تاوەكو بتوانێت ئامادەكاری بكات بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی دژی هەرێمی كوردستان، دیوانی چاودێری دارایی عێراق دەڵێ هیچ بەراییەكی لەوبارەیەوە لە هیچ لایەنێكەوە پێنەدراوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand