شەڕی براو ئامۆزاكان لە میرایەتی باباندا
2023-01-31 13:40:39
(درەو):
لە كتێبی (میرایەتی بابان لەنێوان بەرداشی رۆمو عەجەم دا)، لە نوسینی (نەوشیروان مستەفا ئەمین):
ساڵی (1761) سلێمان پاشای وەزیر (وەزیری عوسمانییەكان لە بەغداد) مرد، لەجێگەی ئەو عەلی پاشا دانرا بە وەزیر، عەلی پاشا گێچەڵی بە سلێمان پاشای بابان ئەكرد.
سلێمان پاشای ئەبولەیلە كاتی خۆی سلێمان پاشای بابانی لە هەندێك باج بەخشی بو، بۆ ئەوەی ئەو دەرامەتە تەرخان بكا بۆ سازدانی لەشكرو ژیاندنو چەكداركردنیان. عەلی پاشای تازە وەزیر، سلێمان پاشای هەڵپێچا بو بۆ بژاردنی باجی كەڵەكەبوی دوانزە ساڵی رابردوو. چەندی هەوڵدا لە وەزیری تازەی بگەیەنێ كە وەزیری كۆچكردو، كاتی خۆی، لەم باجە بەخشیوێتی، كەڵكی نەبو.
عەلی پاشا لەشكرێكی گەورەی بۆسەر سلێمان سازدا، سلێمان كە بەمەی زانی ئەویش لە قەڵاچۆلانەوە بەڕێ كەوتو، هێزەكانی خۆی كۆكردەوە. پێنج شەش هەزار سوارەو، حەوت تا هەشت هەزار پیادەی كۆكردەوە. تۆپو كەرەستەی تەواوی جەنگیی ئامادە كرد. لە جەبەل حەمرین دامەزراو لە دامێنی هەردەكانی "صقال توتان" سەنگەری لێ دا. رێگای هاتوچۆی بڕی.
لەشكری وەزیری گەیشتە دەلی عەبباس، لەشكری بابان خۆی پێ نەگیرا بە چەمی نارین دا بەرەو دواوە كشایەوە. وەزیر كەوتە دویان. هێزی بابان چوە كفری لەنێوان كفریو دوانزە ئیمام دا لە شوێنێك دا بەناوی "كۆشكی زەنگی" هەردوو لەشكر لێكیان دا. لەشكری بابان شكا. زۆری گیراو كوژرا. سلێمان بە زەحمەت خۆی دەرباز كرد. بارگەو بنەو خێوەتو تۆپەكانی كەوتە دەست لەشكری مەمالیك- رۆم.
لەم لەشكركێشییەدا ئەحمەد بەگی برای سلێمان پاشا هاوڕێ ی سەفەری وەزیرو میوانداری هێزەكەی بو. وەزیر "خەلعەتی" میرایەتی كردە بەر ئەحمەدو بە پلەی پاشا لە جێگای سلێمانی برای داینا (1762 ز).
سلێمان هەڵات بۆ ئێران... وەزیری بەغدا لەشكری سازدابو بۆ شەڕی ئێلی كەعب. هێزی بابانی بەسەركردایەتی ئەحمەد پاشا لەگەڵا خۆی برد بو. محەمەد پاشای بەهێزێكی كەمەوە لە قەلاچوالان دانا بو. سلێمان ئەمەی بەهەل زانی پەلاماری قەڵاچوالانی دا گرتیەوە. بەڵام وەزیر كە شەڕی كەعبی تەواو كرد رێگای بە ئەحمەد پاشا دا بگەڕێتەوە بۆ قەڵاچوالان. هێزێكی گەورەشی بۆ یارمەتیدانی لەگەڵ نارد. سلێمان خۆی پێ نەگیرا. زستانێكی سەخت بو. قەڵاچوالانی بەجێ هێشت بەڵام لەگەڵ خۆی هەمو وەستاو سنعەتكارەكانی برد بۆ سنە.