حەوتی شوبات دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی دەدات
2023-01-31 09:48:39
(درەو):
دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی سێ شەممەی داھاتووی بۆ یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، دیاریکرد.
دواجار ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی سکاڵاکانی دژ بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
تیمی پارێزەرانی پەرلەمانی کوردستان لەرێگەی نامەیەکەوە دادگایان ئاگادار کرد لەوەی، بەھۆی خراپی دۆخی کەشوھەوای ئەمڕۆوە نەیانتوانیوە بەشداری دانیشتنەکە بکەن، بەوھۆیەوە دادگا بڕیاریدا رۆژی ٧ی مانگی داھاتوو واتە سێ شەممەی داھاتوو دواین کۆبونەوە بەشێوەی ئاشکرا بەڕێوەبچێت و حوکمی کۆتایی لەبارەی سکاڵاکانەوە دەربچێت.
ھەریەکە لە (یوسف محەمەد سادق، سروە عەبدولواحید، شاسوار عەبدولواحید، کاوە عەبدولقادر) لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵایان دژی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووەو بە نادەستوریی ناوی دەبەن.
دادگای فیدراڵی کە کێشمەکێشەکان لەبارەی ماددەکانی دەستور لێکدەداتەوەو بڕیارەکانی تانەی لێنادرێت، لە شوباتی ساڵی رابردووەوە دوو بڕیاری قورسی دژی ھەرێم دەرکردووە، بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی ھەرێم و بەمدواییەش بڕیاری راگرتنی ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بۆ ھەرێم، ئەگەر سکاڵاکان دژی ھەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند بکات، گورزێکی بەھێزتر لە دامەزراوەی ھەرێمی کوردستان دەدات.
یەکلاکردنەوەی سکاڵا دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەکاتێکدایە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم دەستیان بە گفتوگۆکی نوێ کردووە سەبارەت بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن، بەو ئومێدەی لەمساڵدا ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆن پێویستی بە مانەوەی شەرعیەتی پەرلەمانی ماوەدرێژکراوەی ھەرێم ھەیە.
ئەگەر دادگای فیدراڵی دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان حوکمی خۆی دەربکات، رەنگە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم ناچار ببن بۆ سازدانی ھەڵبژاردن بگەڕێنەوە بۆ سەر یاسا کۆنەکەو بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکەش بسپێرن بە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق، چونکە پابەندنەبوونی ھەرێم بەبڕیاری دادگای فیدراڵی، حکومەتی ناوەند ناچار دەکات مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و حکومەتی داھاتووی ھەرێمدا نەکات، ھەڵبەت لەحاڵێکدا بەر لەم رووداوانە چارەسەر بۆ تێکڕای ئەو بڕیارانە نەدۆزرێتەوە کە دادگای فیدراڵی لە دژی ھەرێم دەریکردوون، دادگایەک کە حکومەتی ھەرێم بە ناشەرعی و سیاسی ناودەبات.