ئەو ماددانەی چین دەیەوێت هەمواری بكات ؟
2023-01-30 08:25:03
(درەو):
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق راوێژكارێكی تایبەت بە كاروباری دەستوری بۆ خۆی دامەزراند، راوێژكارەكە (حەسەن یاسری)یە.
دوای كۆبونەوە لەگەڵ نوێنەری سێ سەرۆكایەتییەكە (حكومەت، پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەریی) بۆ دیاریكردنی نەخشەرێگای چۆنیەتی ئەنجامدانی هەموار لە دەستوردا، یاسری دەستبەكاردەبێت.
سودانی زیندوكردنەوەی هەوڵی ئەنجامدانی هەموار لە دەستوردا بۆ رێگری لە روودانەوەی "بنبەستی سیاسی" لە عێراق ناودەباتو دەیبەستێتەوە بە بانگەوازەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریش بۆ ئەنجامدانی هەموار لە دەستوردا.
ساڵی 2021 هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێوەخشتە لەعێراق بەڕێوەچوو، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە "بنبەستی سیاسی" بەدوای خۆیدا هێنا، ئەم بنبەستە ماوەی ساڵو نیوێكی خایاندو لە كۆتایدا بەریەككەوتنی چەكداری لەنێوان لایەنگرانی رەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگیی لێكەوتەوەو سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لە پەرلەمان كشایەوە.
پرسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەربەستی سەرەكی بەردەم سەدرو هاوپەیمانەكانی بوو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەوكات حوكمی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە دەركردو سازدانی دانیشتنی پەرلەمانی بۆ ئەو مەبەستە بە نیسابی (دوو لەسەر سێ) دیاریكرد، ئەمە كێشمەكێشی زۆری دروستكردو لەوكاتەوە جارێكی تر قسەوباس لەبارەی هەمواری دەستور لە عێراق هاتە پێشەوە.
ساڵی 2019 لەبەر رۆشنایی خۆپیشاندانی تشرینییەكان، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی بۆ هەمواری دەستور پێكهێنا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی سیاسی لەبارەی هەموارەكانەوە، لیژنەكە هیچ هەنگاوێكی هەڵنەگرت.
پێشبینی دەكرێت هەنگاوەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانیش بۆ هەمواری دەستور هەمان چارەنوسی لیژنەكەی پەرلەمانی هەبێت.
وا لێكدەدرێتەوە ئەم هەنگاوەی سودانی بۆ رازیكردنی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر بێت، رەوتێكی كە خۆی ئامادەكردووە بۆ روبەڕووبونەوەی حكومەتەكەی لە ساتی روودانی هەر قەیرانێكدا، پێشتر یەكێك لە خواستەكانی سەدر ئەوە بوو هەندێك لە بڕگەكانی دەستور هەموار بكرێت.
هەمواری دەستور لەناو شیعەو كوردو سوننەشدا بە هەستیارییەوە تەماشادەكرێت، بۆیە هەرجۆرە هەموارێك بەبێ تەوافوقی هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكە ئەستەمە تێپەڕێتو بخرێتە راپرسی گشتییەوە، سەرباری ئەمە سازدانی راپرسی بۆ هەمواری دەستور پێویستی بە دابینكردنی داراییو كاتو رێوشوێنی هونەریی هەیەو حكومەتی سودانی ماوەی تەمەنی خۆی بە ساڵو نیوێك دیاریكردووەو بانگەشەی سازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی تر دەكات.
ئەو ماددانەی كە دەستور كە پێویستیان بە هەمواركردنو هەیەو خواستی هەمواریان لەسەرە بریتین لە ماددەكانی تایبەت بە:
• یاسای دادگای فیدراڵی
• سیستمی حوكمڕانی عێراقو گۆڕینی لە سیستمی پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتیی یان نیمچە سەرۆكایەتیی
• یاسای لێپرسینەوەو دادپەروەریی
• بڕگەی تایبەت بە پارێزگاكان
• بڕگەی تایبەت بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان
• یاسای نەوتو غاز
• ماددەی 140ی تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكان لەنێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی ناوەندیدا
• یاسای دەستە سەربەخۆكان
• دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران لە هەڵبژاردنی وەزیرو پارێزگارەكانو لادانیان