عێراق چاندنی برنج و گەنمەشامی قەدەغەدەكات
2018-06-14 13:05:57
(درەو میدیا):
بێ ئاویی تەنگی بە عێراق هەڵچنیوە و دووچاری قەیران بووە و كاریگەری راستەوخۆی ئەو قەیرانەش لەسەر كەرتی كشتوكاڵ زۆرە.
لێپرسراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند بەهۆی وشكە ساڵی و كەمیی ئاوەوە چاندنی برنج و چەند بەرهەمێكی تری كشتوكاڵی لە جوتیاران قەدەغەكراوە، بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە بەرهەمانە پێویستی زۆریان بە ئاوە.
بە گوێرەی راپۆرتێك كە حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق بۆ نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ناردووە، وەزارەت بڕیاریدا لە پلانی حكومەتدا بۆ كشتوكاڵی وەزری هاوینە چاندنی برنج و گەنمەشامیی لابردووە بۆئەوەی بایەخی زیاتر بە ئاوی خواردنەوە و پیسەشازیی و سەوزە بدرێت و وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت دڵخۆش نییە بەو بڕیارە بەڵام ناتوانێت رایبگرێت.
حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ رۆیتەرز دەڵێت:" برنج و گەنمەشامی زەرد لە پلانی وەرزی هاویندا دەرهێنراون بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوە، ئێمە وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ شەرمەزار بووین ، بە تایبەتی كە ئەو دوو بەرهەمە لە بەرهەمە ستراتیژییەكانن و جوتیارەكان زەوییەكانیان بۆ چاندنی ئامادەكردووە."
دەشڵێت:" وەزارتی كشتوكاڵ ناتوانێت بەبێ رەزامەندی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو رەزامەندیی لەسەر چاندنی یەك دۆنم دەرببڕێت."
ئاماژبۆئەوەشدەكات كە وەرزی رابردوو لە عێراقدا 100 هەزار دۆنم ( هەردۆنمێن 2500 مەتر چوارگۆشەیە) بە برنج چێنراوە.
لە ماوەی رابردوودا توركیا بڕیاریدا بە گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی ئەلیسۆ بەوەش عێراقی رووبەڕووی دۆخێكی قورس كردەوە، چونكە 70%ی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە وڵاتانی دراوسێدان بە تایبەتیش رووباری دیجلە و فورات كە هەردووكیان لە توركیاوە دەڕژێنە ناو خاكی عێراقەوە.