پارتی و یهكێتیی لهسهر چی ناكۆكن ؟
2023-01-28 09:11:42
(درەو):
دوای (١٠٠) رۆژ ناکۆکی و کشانەوەی قوباد تاڵەبانی لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، وەفدێکی پارتی گەیشتە سلێمانی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ یەکێتیی.
وەفدی پارتی پێکھاتوون لە (جەعفەر ئێمنیکی، مەحمود محەمەد، ھێمن ھەورامی، عەلی حوسێن، پشتیوان سادق، ئومێد سەباح). وەفدی یەکێتیش پێکھاتووە لە (قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئاسۆ مامەند، دارا رەشید، ئەمین بابە شێخ، میران محهمهد).
پارتی و یەکێتی دوو پێکھێنەری سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کورستانن، ئەم کابینەیە لە تەموزی ٢٠١٩ دەستبەکاربوو، ھەر لەسەرەتای کابینەکەوە ناکۆکی لەنێوان دوو پێکھێنەرە سەرەکییەکە سەریھەڵدا، یەکێتی حکومەتی تۆمەتبار دەکرد بەوەی لەڕووی خزمەتگوزارییەوە سلێمانی پشتگوێ خستووە، پارتیش یەکێتیی تۆماتبار دەکرد بەوەی وەکو پێویست داھاتەکانی سنوری سلێمانی ناگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، لە ئەنجامی ئەم کێشمەکێشەدا، مەسرور بارزانی پرۆژەی یەکێتیی بۆ پێدانی لامەرکەزیەتی دارایی و کارگێڕیی بە پارێزگای سلێمانی، پەسەند کرد، بەڵام ئەم لامەرکەزیەتە ناکۆکییەکانی چارەسەر نەکرد، یەکێتیی گلەیی ھەبوو لەوەی داھاتەکانی سنوری سلێمانی کەمن و بەشی دابینکردنی موچەو پرۆژەکان ناکەن.
بەم دۆخە ناکۆکەوە پارتی و یەکێتی لە حکومەت بەردەوامبوون، رۆژی ٧ی ئۆکتۆبەر ئۆتۆمبیلی ئەفسەرێکی پێشووی دەزگای زانیاریی (عەقید ھاوکار جاف) تەقییەوەو ئەفسەرەکە گیانی لەدەستدا، ئەمە بوو بە سەرەتایەک بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە رەھەندی سیاسی و ئابورییەوە بگوازێتەوە بۆ رەھەندێکی ئەمنیی، پارتی بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرەکانی ئەو دەزگایەی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت تەقینەوەکەوە بوون، یەکێتیی ئەمە رەتدەکاتەوە.
لەدوای تەقینەوەکەی ھەولێرو بڵاوکردنەوەی دانپیدانانی چەند ئەفسەرێکی دەزگای دژەتیرۆری یەکێتیی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی بایکۆتکردووە، بەمدواییەش وەزیرەکانی یەکێتیی لە گروپی واتساپی ئەنجومەنی وەزیران کشانەوە.
ئێستا ھەردوو حزبەکە ناکۆکییەکانی خۆیان گواستوەتەوە بۆ بەغدادو لەوێ لەبارەی چۆنیەتی داڕشتنی بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق و نوسینەوەی یاسای نەوت و غازی فیدراڵ ناکۆکن.
پارتی؛ یەکێتیی تۆمەتبار دەکات بەوەی لە پشت ئەو بڕیارەوە بووە کە چوارشەممەی رابردوو دادگای فیدراڵی عێراق دەریکرد بۆ راگرتنی ناردنی پارە لە بەغدادەوە بۆ حکومەتی ھەرێم، یەکێتیش ھێشتا بێدەنگەو ھیچ راگەیەندراوێکی فەرمیی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دەرنەکردووە.
یەکێتیی ئێستا لەھەوڵی ئەوەدایە لەڕێگەی بەغدادەوەو لە بودجەدا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا بکرێت، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتیش لە بەغداد بە بەرپرسانی عێراقی وتووە" کێشەی یەکێتیی کێشەیەکی ئەمنی و ویاساییەو پەیوەندی بە کەیسی ھاوکار جافەوە ھەیە".
بەمدواییە مەسرور بارزانی لە وتارێکدا وتی" داوایان لێدەکرێت کەیسی ھاوکار جاف دابخەن".
پارتی و یەکێتیی بەم کێشانەوە چوونە ناو کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ، کۆبونەوەکە ھاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری دادگای پاریس لەبارەی کەیسی ھەناردەی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا، کەیسێک پێشبینی دەکرێت ھەناردەی نەوتی ھەرێم توشی کێشەی گەورە بکات".
لهپاڵ ئهمانهدا، ئێستا دهرگای گفتوگۆ كراوهتهوه لهبارهی ئهنجامدانی ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان لهمساڵدا، پارتی و یهكێتیی لهسهر چۆنیهتی ههمواری یاسای ههڵبژاردن بهتایبهتیش ئهوهی پهیوهندیداره به كورسی كۆتاكان، ناكۆكن.