دادگای پاریس بڕیاری لەسەر نەوتی هەرێمدا
2023-01-27 11:35:35
درەو:
دادگای نێودەوڵەتی لەپاریس حوكمی كۆتایی خۆی لەسەر كەیسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگای توركیاوە دەكرد، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن بڕیارەكە لەبەرژەوەندی عێراق بێت.
محەمەد حوسێن، توێژەر لە ناوەندی عیراقی بۆلێكۆڵینەوە و شیكاریە سیاسییەكان بە (درەو)ی راگەیاند:
دادگاكەی نێودەوڵەتی لە پاریس حوكمی كۆتایی خۆیدا لەسەر كەیسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگای توركیاوە, هەرچەندە هێشتا ووردەكاری حوكمەكە بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن هەواڵی خراپ بۆ هەرێم و توركیا بەڕێوەبێت و لەبەرژەوەندی عێراق حوكمەكەی دەركردبێت.
حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لە 2015 كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، كەیسەكە لەسەر ئەوەیە توركیا رێگای داوە نەوتی هەرێم بە بۆری عێراق لەناو خاكی توركیاوە بۆ بەندەری جەیهانی بگوازرێتەوە، عادل عەبدولمەهدی 2019 پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان.
دەرچوونی حوكمی دادگای پاریس دوای چەندین ساڵ دواخستن هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پاریس و هاوكات سەردانی كتوپڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنكەرەو كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە كەیسی وزە.
رۆژی چوارشەمەی رابردوو دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی ناردنی هەر بڕە پارەیەك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لەدوای بڕیارەكەی مانگی شوباتی 2022 بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم و ناچاركردن هەرێم بە رادەستكردنی نەوت و غازەكەی بە بەغداد، بڕیارەكەی چوارشەمە قورسترین بڕیاری دادگای فیدراڵی بوو دژی هەرێم، بڕیارێك كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی چواندی بە بڕیارەكانەی دادگای شۆڕش (محكمة الثورە)ی بەعس.