پشیلەیەك پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەكانی مۆندیال دەكات
2018-06-13 14:44:44
( درەو میدیا):
سبەی یارییەكانی پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی پێی 2018 " مۆندیال" لە روسیا دەستپێدەكات ئێستا مۆندیال تەنها بریتیتە لە كێبركێی ئەستێرە بەناوبانگەكانی جیهان و هەڵبژاردە بەهێزەكانی جیهان، بەڵكو بوەتە بۆنەیەكیش بۆ دەركەوتنی ئەستێرەی تر، ئەویش ئەو گیاندارانەیە كە پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەكان دەكەن.
لە ماوەی رابردوودا بۆ هەر مۆندیالێك گیاندارێكی تایبەت هەبووە كە بە پێشبینییەكانی بۆ ئەنجامی یارییەكان سەرنجی عاشقانی و جەماوەریی تۆپی پێی لەسەرتاسەری جیهاندا بۆلای خۆی راكێشاوە.
لیژنەی ئامادەكاریی مۆندیالی 2018ی روسیا پشیلەیەكی نابیستی بەناوی " ئەخیل" بۆ پێشبینیكردنی ئەنجامی یارییەكانی دیاریكردووە.
بەوتەی ئانا كۆندراتیڤای پزیشكی، ئەخیل لە گیاندارەكانی تر پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەكان دەبێت، چونكە نابیستە و بە تەواوەتی لایەنگری هیچ تیپێك نییە و گوێبیستی كۆمێنت و هاندانی هاندەران نابێت و بە دڵی و هەستی پێشبینیدەكات.
كۆندراتیڤا ئاماژەیبەوەشدا ئەخیلی پشیلە بەیانیان پێشبینی دەستپێدەكات، كاتێك دوو قاپ خۆراكی بۆ دادەنرێت و لەسەریان ئاڵای ئەو دوو هەڵبژاردەیە دادەنرێت كە یاریی دەكەن و ئەویش چووە لای هەر قاپێكەوە ئەوە ئەو تیپە بە پێشبینی ئەو براوەی یارییەكە دەبێت.
ئەخیلی پشیلە لە چەند رۆژی رابردوودا سەرقاڵی تاوتوێكردنی تیپە بەشداربووەكانی مۆندیالی ئەمساڵ بووە و لەسەر وێنەی هێڵكاری تیپە بەشداربووەكان و خشتەی یارییەكان راهێنانی پێكراوە.
لیژنەی بەڕێوەبردنی مۆندیالی روسیا بە شێوەی هەڕەمەكی ئەم پشیلەیەی بۆ پێشبینیكردنی ئەنجامی یارییەكان دەستنیشان نەكردووە، بەڵكو پێشتریش تاقیكراوەتەوە و ساڵی رابردوو پێشبینی بۆ یارییەكانی جامی جیهانی كیشوەرەكان كردووە و پێشبینییەكانی بەڕێژەیەكی زۆر راستە دەرچوون و لە یەكێك لە یارییەكاندا لە هەدوو قاپەكە خواردنی خوارد و بەوەش دوو تیپەكە لە یارییەكەیاندا یەكسان بوون.
پۆڵی هەشت پێ
پۆڵ یەكێكە لە بەناوبانگترین ئەو گیاندارانەی كە پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەكان دەكرد و لە جامی نەتەوەكانی ئەوروپای ساڵی 2008 و مۆندیالی 2008 جەماوەریی لەسەرتاسەری جیهاندا تووشی شۆك كرد كاتێك لەكۆی 13 یاریی پێشبینی دروستی بۆ ئەنجامی 11 یاریی كرد.
پۆڵ كە ساڵی 2008 لە بەریتانیا لە دایكبووە و دواتر چووتە ئەڵمانیا، لە مۆندیالی 2010دا پێشبینی بۆ هەموو یاریەكانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كرد و هەمووشی راست دەرچوو، كاتێك پۆڵ پێشبینی دۆڕانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بەرامبەر بە ئیسپانیا كرد و راست دەرچوو، چەند هاندەرێكی ئەڵمانیی توڕە داوایانكرد لەگەڵ ئاوی لیمۆ و زەیتی زەیتون ببرژێنرێت بۆئەوەی ژمە خۆراكێكی بەچێژی پێ ئامادەبكرێت.
دوای كۆتاییهاتنی جامی جیهانی 2010 خاوەنەكانی پۆڵ رایانگەیاند دەگەڕێتەوە سەر كاری پێشووی كە ئەویش خستەپێكەنینی منداڵانە، ئەوەش بە وتەی گروپی پاراستنی گیاندارە ئاوییەكانی ئەڵمانیا، و پاشان فەرمانبەرانی ئەو گروپە خەڵاتێكیان پێشكەشی پۆڵ كرد كە بریتی بوو لە كۆپییەكی مەدالیای جامی جیهانی و ژەمە خۆراكێكی چێژبەخش.
پۆڵ لە 26ی ئازاری 2010 لەناوچوو، دوای ئەوەی بووە خاوەنی جەماوەرێكی بەرفراوان لە سەرتاسەری جیهاندا، بە تایبەتی لای جەماوەری ئیسپانیی، بەهۆی ئەوەی پێشبینیكردبوو كە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا جامی جیهانی دەباتەوە.
" بیگ هێد"
لە مۆندیالی 2014ی بەرازیلدا كیسەڵێك بەناوی " بیگ هێد" بۆ پێشبینیكردنی ئەنجامی یارییەكان دیاریكرا، بەڵام وەك پۆڵی هەشت پێ سەركەوتوو نەبوو لە پێشبینییەكانی، لە یاری دەستپێكی مۆندیالدا پێشبینی ئەوەی كرد كە هەڵبژاردەی بەرازیل لە هەڵبژاردەی كرواتیا بەرێتەوە ، ئەو پێشبینییەی دروست بوو، لە یاری بەرازیل بەرامبەر بە مەكسیك بیگ هێد بەرەو رووی ئاڵای هەردوو وڵاتەكە جوڵا و پێشبینییەكەی راست دەرچوو ، هەردوو هەڵبژاردەكە یەكسانبوون، بەڵام دواتر پێشبنییەكانی وەك پێشبنییەكانی پۆڵ لە مۆندیالی 2010دا راستە نەبوون.