چوار حزبی باكوری كوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ دەمیرتاش راگەیاند
2018-06-13 12:16:14
(درەو میدیا):
چوار حزبی كوردستانی لە باكوری كوردستان، بڕیاریاندا بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران پشتیوانی لە سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا بكەن.
هەر یەك لە حیزبەكانی، حەرەكەتی ئازادی، پارتی ئازادیی كوردستان" پاك" پلاتفۆرمی دیموكراتی كوردستان " پەدەكە" و پارتی سۆسیالیستی كوردستان "پەسەكە" بە ناوی "هاپەیمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردن" راگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە.
هاوپەیمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردن رایگەیاند، بڕیاریانداوە هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردن بەرفراوان بكەن و داوایان لە دەنگدەرەكانیان كرد، كە لە خولی یەكەمدا دەنگ بە پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆمار لە هاوپەیمانییەكانی جمهور (جەهەپە و ئی یی پارتی) و میللەت (ئاكەپە و مەهەپە) نەدەن.
هاوپەیمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردن راشیگەیاندووە، ئەردۆغان و حیزبەكەی گەڕاونەتەوە سەر سیاسەتەكانی پێشووی دەوڵەت و مافە بنەڕەتییەكانی كورد بە هەڕەشە لە دژی "داهاتووی دەوڵەت" دەزانن.
لە راگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە "نزیكەی ٢ ساڵە ئاكەپە لەسەر كێشەی كورد، لەبارەی ماف و ئازادییەكانەوە یەك قسەی نەكردووە و تەنانەت یەك وشەشی لە دەم نەهاتووەتە دەرەوە. لە جێی ئەوە پەسنی خۆی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و كوشتن دەدات و شانازیی پێوە دەكات".
هاوپەیمانییەكە لەبارەی سیاسەتی ئاكەپەوە رایگەیاندووە، ئاكەپە بە سیاسەتەكانی باشووری كوردستان بچووك دەكاتەوە (رێز و كەرامەتی دەشكێنێت) و هێرشە داگیركارییەكەی لە دژی عەفرین بە زمانێكی سیاسی بەڕێوەبرد، كە شانازیی بە ژمارەی كوشتنەوە دەكرد.
لە درێژەی راگەیاندراوەكەدا هاتووە "قسەكانی ئێستای ئاكەپە و بەرنامەكانی هەڵبژاردنی ئەوە دەردەخات، كە درێژە بە سیاسەتە ترسناكەكەی دەدات".
هاوپەیمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردن ئەوەشی خستووەتەڕوو "لەبەر ئەوانە داوا لە گەلەكەمان دەكەین لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماردا دەنگ نەدەن بە ئەردۆغان، كە سیاسەتی فەرمیی نكۆڵیكردن و ئینكار و توانەوە و سڕینەوەی كورد بەڕێوەدەبات".
هاوپەیمانییەكە داواشیكردووە، جگە لە دەمیرتاش دەنگ بە هیچ یەك لە پاڵێوراوەكانی تری سەرۆكایەتیی كۆمار نەدەن و ئەوەشیان نووسیوە "ئەو هەڵوێستەی ئێمە بوار دەڕەخسێنێت، كە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماردا، دەستی كورد بەهێزتر بێت تاوەكو كورد ڕۆڵیكی چارەنوسساز بگێرێت".
هاوپەیمانییەكە لەبارەی پشتیوانیكردنیان بۆ دەمیرتاش وتویەتی "سەرباری هەموو كەموكوڕی و هەڵەكان، ئێمە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماردا دەنگ دەدەین بە سەڵاحەدین دەمیرتاشی زوڵم لێكراو".
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیشەوە وتویانە، ئەندام و لایەنگرەكانیان بە عەقڵییەت و هۆشیارییان بۆ كورد و كوردستان و بە هەستیاری نەتەوەییەوە دەنگی خۆیان بەكار بهێنن و وتوشیانە "لەسەر بنەمای ئەو بیروبڕوایە، لایەنگران و ئەندامەكانمان بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا ئازادن".