دادگای فیدراڵی بڕیاری نەدا
2018-06-13 08:52:25
(درەو میدیا):
دادگای فیدراڵی بەیاننامەیەكی لەبارەی ئەو داوایانە بڵاوكردەوە كە لەبارەی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران خراوەتە بەردەمی.
لەكاتێكدا هەموو خەڵك و دامەزراوەكانی عێراق چاویان لە بڕیاری كۆتایی دادگا بوو لەبارەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان و هەڵوەشاندنەوەی دەنگی هەندێك لە سندوقەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، دادگا بڕیاردانی لەسەر پرسەكە بۆ كاتێكی تر دواخست.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی بەنوسراو داوای لە دادگای فیدراڵی كرد یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردن راگرێت، ئەم بەیاننامەیەی دادگا وەڵامدانەوە بوو بۆ ئەو داوایەی كۆمسیۆن.
دەقی بەیاننامەی ئیاس ساموك وتەبێژی فەرمی دادگای فیدراڵی عێراق
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی دادوەر مدحەت مەحمود و ئامادەبونی تەواوی ئەندامەكانی كۆبوەوە، و تەماشای پێنج داواكاری كرد بۆ دەركردنی بڕیاری وەلائی بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی حوكمەكانی (یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە 45ی ساڵی 2013ی هەمواركراو).
دوای تاوتوێكردن، دادگای فیدراڵی بۆی دەركەوت وەڵامدانەوەی داواكارییەكان و بڕیاردان لەبارەیانەوە بەر لە گوێگرتن لە قسەی لایەنەكەی تری ئەو داوایەی كە بەرزكراوەتەوە بۆ تانەدان لە حوكمەكانی یاسای هەمواری سێیەم كە پێشتر ئاماژەی بۆ كرا، بە ئەرێنی یان نەرێنی، دەكرێت بەشێوەیەكی پێشوەخت هەستیارییەك لە بۆچونی دادگا دروستبكات لە داوا بنەڕەتییەكە.
دادگای باڵای فیدراڵی جەختی كرد لەسەر ئەوەی نەریتی دادوەریی جێگیر قەدەغەی دەكات دادگای بۆچونی خۆی بدات لە بابەتی داوا بنەڕەتییەكە كە خراوەتە بەردەمی چ بە لێدوان بێت یاخود ئاماژەكردن، تا ئەوكاتەی حوكمی یەكلاكەرەوە لەبارەوە دەردەچێت، بۆیە دادگا بەكۆی دەنگ بڕیاریدا داواكاری دەركردنی بڕیاری (ولائی) بۆ راگرتنی حوكمەكانی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، رەتبکاتەوە.
دەقی لێدوانی وتەبێژی دادگای فیدراڵی: