یەكەم گرێبەستی تالیبان چۆن كراوە ؟
2023-01-06 14:51:14
(درەو):
بزوتنەوەی تالیبانی ئەفغانستان گەورەترین گرێبەستی دەرهێنانی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیایەكی چینی ئیمزاكرد، بەپێی گرێبەستەكە ئەگەر كۆمپانیایەك لە یەك بڕگە لابدات، تالیبان دەتوانێت بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی گرێبەستەكەی هەڵوەشێنێتەوە، بەرپرسانی تالیبان پێشبینی دەكەن ئەم گرێبەستە پێداویستی ناوخۆی ئەفغانستان بۆ سوتەمەنی پڕبكاتەوە.
یەكەم گرێبەستی تالیبان
بەرپرسانی حكومەتی تالیبان لە ئەفغانستان لەگەڵ كۆمپانیایەكی چینیدا گرێبەستێكیان بۆ دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەی نەوتی "ئامۆ دەریا" ئیمزا كرد.
ئەم گرێبەستە لەلایەن (شەهابەدین دلاوەر) وەزیری كانزاكانی تالیبانو نوێنەری كۆمپانیای (نەوتو غازی ئاسیای ناوەڕاست لە شینجیانگ CPEIC) ئیمزا كرا، عەبدولغەنی برادەر جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەفغانستانو وانگ یو باڵیۆزی چین لە كابول ئامادەبوون لە مەراسیمی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەدا.
مەراسیمی ئیمزاكردنی گرێبەستەكە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە ژمارەیەك لە میدیاكانی ناوخۆی ئەفغانستانو ئەو میدیایانەی كە سەربە بزوتنەوەی تالیبان بوون، پەخشكرا.
وەزیری كانزاكانی ئەفغانستان رایگەیاند، بەپێی ئەم گرێبەستە لەڕووبەری (4 هەزارو 500) كیلۆمەتر چوارگۆشەی كێڵگەی "ئامۆ دەریا" كە دەكەوێتە ولایەتەكانی باكوری سەرپڵو جۆزجانو فاریاب لەلایەن ئەم كۆمپانیایەوە نەوت دەردەهێنرێت.
بەپێی قسەی وەزیرەكەی تالیبان، پێشبینی دەكرێت دەرهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە لە (200) تەنی رۆژانەوە بەرزببێتەوە بۆ (هەزار) تەنو دواتریش بۆ (20 هەزار) تەن.
لەدوای گەڕانەوەو گرتنەوە دەستی حوكمڕانی لە ئەفغانستان، ئەمە یەكەمین گرێبەستی گەورەی حكومەتی تالیبانە.
%20 بۆ 75%ی داهات پشكی تالیبانە ؟
دەوترێت كۆمپانیا چینییەكە لەماوەی ساڵێكدا بڕی (150 ملیۆن) دۆلار سەرمایەگوزاری دەكات لە كێڵگە نەوتەكەی ئەفغانستاندا، دواتر ئاستی سەرمایەگوزارییەكەی لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا بۆ بڕی (540 ملیۆن) دۆلار بەرزدەكاتەوە، كۆی گشتی ماوەی گرێبەستەكە دەگاتە (25 ساڵ).
بەرپرسانی تالیبان دەڵێن" ئەمارەتی ئیسلامی بەرێژەی 20% هاوبەش دەبێت لەم گرێبەستەداو ئەم پشكە لە داهاتوودا بۆ رێژەی 75% بەرزدەبێتەوە".
وەزیری كانزاكانی ئەفغانستان وتی" ئەم پرۆژەیە هەلی كار بۆ 3 هەزار هاوڵاتی ئەفغانی دەڕەخسێنێت"، زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی حكومەتی تالیبانیش دەڵێ" بڕگەیەكی گرنگی ئەم گرێبەستە ئەوەیە ئەگەر كۆمپانیای ناوبراو پابەند نەبوو بە تەواوی بڕگەكانی گرێبەستەكەوە، ئەوا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی گرێبەستەكە هەڵدەوەشێتەوە".
موجاهید ئاماژەی بەوەكرد، تەواوی بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكە لەناوخۆی ئەفغانستان پاڵفتە دەكرێتو رێگە بە گواستنەوەی نەوت نادرێت بۆ دەرەوەی وڵات، بەوتەی ئەو بەم هەنگاوە ئەفغانستان لەڕووی سوتەمەنییەوە پێداویستی ناوخۆی دابین دەكات.
یەكەم گرێبەستی چینییەكان دوای هێرشی داعش
ئیمزاكردنی ئەم گرێبەستە لەنێوان تالیبانو كۆمپانیایەكی چینی دوای هەفتەیەك دێت لە هێرشی چەكداران بۆسەر شوێنێكی مانەوەی چینییەكان لە كابولی پایتەخت، بەپێی قسەی دەوڵەتی چین لەو هێرشەدا (5) هاوڵاتی چینی برینداربوون.
وەزارەتی دەرەوەی چین دوای ئەو هێرشە داوای لە هاوڵاتیانی خۆی كرد ئەفغانستان بەجێبهێڵن.
وانگ بو باڵیۆزی چین لە كابول لە مەراسیمی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەدا رایگەیاند" وڵاتەكەی هەرگیز دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئەفغانستاندا ناكاتو رێز لە بیروباوەڕی ئاینیو نەریتی ئەفغانییەكان دەگرن".
لە ساڵانی رابردووداو بەر لە گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات، كۆمپانیای میللی نەوتی چین لە كەرتی كانزاكانو دەرهێنانی نەوتدا لە ئەفغانستان كاریكردووە بەدیاریكراویش لە كێڵگەی "ئامۆ دەریا" سەرمایەگوزاری كردووە، بەڵام بەهۆی ناجێگیریی دۆخی ئەمنییەوە كارەكانیان درێژەی نەكێشا.
هەروەك حكومەتی پێشووی ئەفغانستانیش دەرهێنانی كانزای (مس)ی لە گەورەترین كانەی وڵاتدا كە كانەیەك بوو بە ناوی "مس عینك" بەخشی بوو بە چینییەكان، هەرچەندە بەهۆی ناكۆكی نێوان بەرپرسانی چینو حكومەتی پێشووی ئەفغانستانەوە كارەكانی ئەو كانەیە بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی.
چین یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە ساڵی 2021 دوای گەڕانەوەی تالیبان باڵیۆزخانەی خۆی لە كابول كردەوەو پەیوەندی دیپلۆماتی لەگەڵ تالیبان دەستپێكرد، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ وڵاتێك تەنانەت چینیش بە فەرمی دانی بە حكومەتی تالیباندا نەناوە.