Draw Media

"یەكێتی مۆڵەتی یاسایی هەیەوبافڵ تاڵەبانی سەرۆكیەتی"

"یەكێتی مۆڵەتی یاسایی هەیەوبافڵ تاڵەبانی سەرۆكیەتی"

2023-01-06 13:07:27


درەو:
بە پێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە بۆ دادگای بەرایی سلێمانی ناردووە، ئاماژە بەوە دەكات یەكێتی نیشتمانی كوردستان مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ هەیەو سەرۆكی ئێستای "بافڵ تاڵەبانی"ە.
بە پێی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەكان لە وەزارەتی ناوخۆ كە ئاراستەی دادگای بەرایی سلێمانی كردووە و كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە، ئاماژە بە نوسراوێكی دادگای سلێمانی دەكات كە لە رۆژی 3/10/2022 ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی كردووە سەبارەت بە خاوەندارێتی یەكێتی لەرووی یاساییەوە كە بەناوی كێوەیە، لە رۆژی 6/10/2022 بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەكان لە وەزارەتی ناوخۆ بە واژۆی لیوا هەڵۆ سەعید كە بە هەڵۆ قەرەناوی ناسراوەو سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە وەڵامی دادگای سلێمانی داوەتەوەو نوسیویەتی:
حزبی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مۆڵەتی یاسایی وەزارەتی ناوخۆی هەیە بە ژمارە (1208) لە 6/8/1994، سەرۆكی ئێستای حزبەكە ( بافڵ جەلال تاڵەبانی)یە.
(درەو) زانیویەتی بەهۆی دەركردنی ئەم نوسراوەوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ هۆشداری داوەتە لیوا هەڵۆ قەرەناوی و پێی راگەیاندووە نوسراوەكە بەبێ ئاگاداری وەزارەت كردووە.
ئەم نوسراوە سەرچاوەی ئەو كێشانەیە كە بەم دواییەو جارێكی تر سەبارەت بە خاوەندارێتی و كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی سەری هەڵداوەتەوە، ئێستا كەیسەكە سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان جوڵێندراوە، لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش تاوتوێ دەكرێت و چوار ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی چوونەتە بەردەم كۆمسیۆن لەم دۆسێیەدا لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی شایەتیان داوە. 
لاهور شێخ جەنگی لەرێگەی ئەم كەیسەوە دەوێت بە شێوەیەكی یاسایی جارێكی تر دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكی یەكێتی وەربگرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand