عێراق: رادەستكردنەوەی عەلی بەشار بە ئەڵمانیا نایاساییە
2018-06-13 00:34:25
( درەو میدیا):
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رادەستكردنەوەی تۆمەتبار عەلی بەشار بە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە سەرپێچی یاسا لەقەڵەمدەدات.
ئەحمەد مەحجوب، وتەبێژی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت:" وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختدەكاتەوە كە رادەستكردنەوەی تۆمەتبار عەلی بەشار بە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لەلایەن هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بە پێشێلكاریی یاسایی دادەنرێت، چونكە هیچ رێككەوتنێكی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا بۆ رادەستكردنەوەی داواکراوان بە یەكتری نییە، لەبەرئەوە بەغداد ئەوە بە پێشێلكاری دادەنێت لەسەر ئەو لایەنەی كە تۆمەتبارەكەی رادەستكردووە و ئەو لایەنەشی وەریگرتووە، لەبەرئەوەی ئاڵوگۆڕكردنی داواكراوان لە دەسەڵاتە سیادییەكانە و تایبەتمەندیی وەزارەتی دادی فیدراڵییە."
مەحجوب لە كۆتایی لێدوانە رۆژنامەوانییەكەشدا دەشڵێت:" لە هەمان كاتدا عێراق جەختدەكاتەوە لەسەر پەرۆشی بۆ سەرخستنی حەق و سزادانی تاوانبار، بەڵام لە چوارچێوەی یاسایی و دەستوریی كە سەروەری نیشتمانی پێشێلنەكات."
عەلی بەشار كە هاوڵاتییەكی خەڵكی شاری زاخۆی هەرێمی كوردستانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە، تۆمەتباركراوە بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێكسی و كوشتنی كچێكی تەمەن 14 ساڵانی ئەڵمانیی و دوای دەستگیركردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمەوە لە فڕۆكەخانەی هەولێری پایتەختی هەرێمەوە بە فڕۆكەیەك رەوانەی ئەڵمانیا كراو لە شاری ڤیسبادنی ئەڵمانیا دادگایی دەكرێت.