Draw Media

ئەڤین گۆیی ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە بوو

ئەڤین گۆیی ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە بوو

2023-01-05 13:57:17


درەو:
ئەڤین گۆیی كە 23ی مانگی رابردوو لە هێرشەكەی ناوەندی كلتوری ئەحمەد كایە لە پاریس تیرۆركرا، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكەیەو یەكێك بووە لەسەركردە باڵاكانی پەكەكە.
ئەمڕۆ تەرمی ئەڤین گۆیی گەیشتەوە شاری سلێمانی و لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی مەراسیمی ماڵئاوایی لەسەر تەرمەكەیكرا، مزگەوتی ئەحمەدی حاجی رەشید بەرامبەر تەلاری هونەرە بە دووری (30) مەتر، كە هاوكات مەراسیمی ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی بەڕێوە دەچوو، بەشێكی زۆری سەركردەی حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان تیایدا بەشداربوون.
مەدینە كارا پوری ئەڤین گۆیی لە مەراسیمی ماڵئاوایی تەرمی ئەڤین گۆیی لە شاری سلێمانی رایگەیاند، وەك كەسوكاری ئەڤین و بنەماڵەكەی بەخێرهاتنەوەی ئەڤین دەكەم بۆ باشوری كوردستان و بەخێرهاتنی خەڵكی باشور دەكەم، شەهیدبوونی ئەڤین لە هەر چوار پارچەی كوردستان پیرۆز دەكەم، چونكە ئەو بۆ چوار پارچەی كوردستان شەهید بووە، داوا لە خوادا دەكەم خوێنی ئەڤین بە فیڕۆ نەچێت چونكە ئەڤین تەنیا شەهیدی یەكەمی بنەماڵەكەمان نییە، بەڵكو لە بنەماڵەكەماندا تائێستا ٦٠ رۆڵەی دیكەمان بۆ چوار پارچەی كوردستان شەهید بوون.
دواتر پاشان تەرمی شەهید ئامینە كارا بەرەو قەندیل بەڕێكرا.
ئەڤین گۆیی ناسراو بە (ئامینە كارا) لە ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی هیلال سەبار بە ناوچە قالبان لە پارێزگای شێرناخ لە دایك بووە، ماوەی 34 ساڵ گەریلاو فەرماندەبووە لەناو ریزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و دواین پلەی ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە بووەو لە رۆژی 23ی مانگی رابردوو لە هێرشەكەی ناوەندی كلتوری ئەحمەد كایە لە پاریس تیرۆركرا. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand